سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

کۆکە، هەناسەسواری، سینگەسیخە و، هەست بە خنکان، نیشانەی ڕه‌بۆیە

ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر

نەخۆشینی “ڕەبۆ” یەكێكە لە نەخۆشینەكانی كۆئەندامی هەناسە و سیپەلاک، کە هێشتا ھیچ دەرمانێکی یەکجارەکیی بۆ نەدۆزراوەتەوە.

پزیشكان جەخت دەكەنەوە كە نەخۆشینی ڕەبۆ نەخۆشییەکی درێژخایەنە و پێویستی بە چاودێرییەکی ڕێکوپێک هەیە؛ واتا کەسی تووشیار نیشانەکانی ڕەبۆیەکەی جێگیر بێت یان ناجێگیر، پێویستە هەر هیچ نەبێت سێ مانگ جارێک سەردانی ڕاوێژکاری و پزیشکی تایبەتمەند بکات بۆ ڕێکخستنەوەی دەرمانەکان و هەڵسەنگاندنی فەرمانی سیپەلاکی کە بە ئامێری تایبەت دەکرێت.
د. زانا دزەیی پسپۆڕی هەناو ڕوونی دەكاتەوە كە هەڵەبەکارهێنان یان نەزانین لە بەکارهێنان یان نەپابەندی لە بەکارهێنانی پەمپ (بەخاخ)ـی تایبەت بە نەخۆشینی ڕەبۆ، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی نەخۆشەكە بە هەڵە هەست بە چاكبوونەوە بكات؛ لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هەڵەیەکی زۆر باوی نازانستیی هەیە کە گوایە بەردەوام بەكارهێنانی پەمپ دەبێتە هۆكار بۆ ئەوەی فێری ببێت و بەردەوام بەكاری بهێنیت! ئەمە بیرۆکەیەکی زۆر هەڵە و نازانستییە و هیچ بنەمایەکی زانستیی نییە! چونكە پەمپی ڕەبۆ ڕاستە چارەسەرێکی هەرە گرنگ و باش و پێویستە بەڵام نەپابەندی بە کاتوساتی بەکارهێنانی وا دەکات زۆر ئەستەم ببێ ڕەبۆ، کۆنترۆڵ بکرێ.
د. زانا دزەیی جەخت دەكاتەوە كە خۆپارێزی بەشێکی سەرەکیی بەرزەفتکردنی ڕەبۆیە، بەتایبەت ئەو جۆرەی ڕەبۆ کە پێی دەووترێت ڕەبۆی هەستیاری، لەوانە نەکێشانی جگەرە، دەمامهەڵپێچان (ماسک) لە کاتی تەپ و تۆز و خۆڵبارین و قەرەهێڵ و، لەکاتی بەکارھێنانی کەرستەی پاککەرەوەی ناو ماڵ و هتد.
یان کەسی تووشیار كارەكەی بە جۆرێکە کە دەبێتە ھۆی زیاترکردنی نیشانەکانی ڕەبۆ؛ وەک کارکردن لە کارگەی چیمەنتۆ و گەچکاری و بۆیاغکردن و فڕنی نان، زۆر جار تەنها بە گۆڕینی شوێن و جۆری كار، نیشانەکان بەرزەفت دەکرێن.
ئەو پزیشكە پسپۆڕە دەربارەی خاڵێكی تری بەرزەفتكردنی ڕەبۆوە دەڵێت: کێشی زیاد و قەڵەوی، دەشێ هۆکارێک بێت بۆ تووشیاری، لە هەمان کاتدا هۆکارێکیش بێت بۆ خراپترکردنی نیشانەکان و نەبەرزەفتکردنی نەخۆشییەکە، بۆیە کەسی تووشبوو بە ڕەبۆ پێویستە ئاگای لە كێشی جەستەی هەبێت و نەهێڵێت کێشی زیاد بکات.
هەروەها کەسی ڕەبۆدا ئەگەر هەندێ نەخۆشینی دیکەیشی هەبێ، ڕپەبۆیەکەی لێ قورستر دەکا؛ لەوانە:
گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە بۆ سوورێنچک، نەخۆشییەکانی دڵ و نەخۆشینی هەستیاریی درێژخایەن لە لووت و قوڕگ.
گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە دەشێ هۆکارێک بێت بۆ تووشبوون بە نەخۆشینی ڕەبۆ، یانیش بەرزەفتکردنی نەخۆشییەکە قورستر دەکات؛ بەهەڵەدەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە لە سەرەتاوە. واتا کەسەکە دەشێ تووشی نەخۆشییەکی درێژخایەنی تری سیپەلاک بووبێت، بەڵام هەمان نیشانەکانی ڕەبۆی هەبووبێت و بە هەڵە نەخۆشییەکەی دەستنیشانکردن کرابێت. بۆ دڵنیابوونەوە لە دەستنیشانكردنی نەخۆشییەکە، پێویستە هەڵسەنگاندن لەلایەن پزیشکی پسپۆڕی تایبەتمەند، بکرێت.
لە كۆتاییدا د. زانا دزەیی گوتیشی: ئەوانەی كە هەست دەكەن تەنگەنەفەسن یانیش ڕەبۆیان هەیە نابێت لە خۆیانەوە دەرمانەكەیان بگۆڕن، یان بەبێ ڕاوێژكردن بە پزیشكی پسپۆڕ دەرمان بەكار بهێنن.