چۆن زاڵ بین به‌سه‌ر خەمۆکیدا؟

دانـا شوانی – هه‌ولێر

زۆربەی مرۆڤ هەندێکجار هەست بە ناڕەحەتی و خەمۆکی و دڵتەنگی دەکەن، هەستکردن بە خەمۆکی و دڵتەنگی کاردانەوەیەکی سروشتیی جەستەیە بەرامبەر بە کێشەکانی ژیان و لەدەستدانی شت و کەسانێک کە گرنگییان پێ دەدەین، بەڵام کاتێک ئەم هەستکردنە بە خەمبارییەکی زۆر و بێهیوایی و بێدەسەڵاتیی زیاتر لە چەند ڕۆژێک یان چەند هەفتەیەک دەخایەنێت، ئەوە نیشانەی خەمۆکییه‌.

خەمۆکی نەخۆشییەکی دەروونییە و دەبێتە هۆی دڵتەنگیی بەردەوام و لەدەستدانی ئارەزووی مرۆڤ. لە ڕاستیدا دیارترین نیشانەی خەمۆکی بریتییە لە تێكچوونی باری دەروونی (ئەو هەستانەی کە بە شێوەیەکی سۆزداری هەستیان پێ دەکرێت و کاریگەرییان لەسەر هەڵوێست و تێگەیشتنی کەسەکە هەیە). نەخۆشه‌كه‌ هەستێکی وەک هەستکردن بە دڵته‌نگی ئەزموون دەکات کە قه‌باره‌ و ماوه‌كه‌ی تەواو جیاوازە لە خەمۆکییەکی ئاسایی.
بە گوێرەی پەیمانگای نیشتمانی ئەمریکی بۆ دەرووندروستی، ئەو کەسانەی بە دەست خەمۆکییەوە دەناڵێنن، هێما و نیشانەی هاوشێوه‌یان نییە. هەندێک لە نیشانە باوەکانی خەمۆکی بریتین لە:

  • كه‌می تەرکیزکردن و بیرهێنانەوەی وردەکارییەکان و بڕیاردان
  • گلەیی لە ماندوێتی و کەمبوونەوەی وزە و لاوازی دەکات
  • هەستکردن بە تاوانباری، بێبەهایی، یان بێدەسەڵاتی
  • بێئومێد بۆ داهاتوو و ڕەشبینی
  • کەمخەوی، بەیانی زوو لە خەو هەڵسان یان زۆر خەوتن
  • نائارامی و ناجێگیری
  • لەدەستدانی ئارەزووی چالاکییە چێژبەخشەکان، لەوانەش سێکس و…
  • لەدەستدانی خۆشی لە ژیاندا
  • لەدەستدانی ئارەزووی خواردن
  • سەرئێشە، گرژبوونی ماسولکەکان یان کێشەی هەرسکردن
  • کەمبوونەوەی ئارەزووی سێکسی
  • گریان بەبێ هۆکارێکی تایبەت
  • باری دەروونی تووڕەیی لە هەرزەکارانی خەمۆکدا
    سه‌باره‌ت جۆرەکانی خەمۆکی ده‌توانین بڵێین بۆچوونی جیاواز هه‌یه‌، به‌ڵام زۆربه‌ی ده‌روونناسه‌كان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ سێ جۆری زۆر سه‌ره‌كیمان هه‌یه‌ ئه‌وانیش بریتین:
    یه‌كه‌م/ تێکچوونی باری دەروونی به‌شێوه‌یه‌كی توند: تایبەتمەندی ئەم تێکچوونە بریتییە لە تووڕەبوونی بەردەوام و توند، کە بە دوو شێوە خۆی دەردەخات: أ- کەسەکە زۆرجار بە توڕەییەوە دەتەقێتەوە، و تەقینەوەکانی تووڕەیی بەزۆری لە وەڵامی شکستهێناندایە، ئەم تەقینەوەی تووڕەییە هەفتەی لانیکەم سێ جار دەبینرێت و لانیکەم ساڵێک دەخایەنێت. ب- لە نێوان تەقینەوەکانی تووڕەییدا کەسەکە بەردەوام دەمارگیر دەبێت، ئەم حاڵەتە لە زۆربەی کاتژمێرەکانی ڕۆژدا هەیە، ڕێژەی ئەم نەخۆشییە زۆرە. چارەسەر: لە ڕێگەی چارەسەری و ڕێنمایی دەروونی و چارەسەری دەرمانەوه‌ ده‌بێت.
    دووه‌م/ خەمۆکیی گەورە: لە ماوەی دوو هەفتەدا کەسەکە نیشانه‌كانی تیا ده‌رده‌كه‌وێ ئه‌ویش له‌ ڕووی تێكچوونیی باری دەروونی و لەدەستدانی حەز و چێژ.
    سێیه‌م/ خەمۆکیی بەردەوام (dysthymia): خەمۆکی باری دەروونی زۆربەی کاتژمێرەکانی ڕۆژ و زۆربەی ڕۆژەکان بۆ ماوەی لانیکەم دوو ساڵ به‌رده‌وام ده‌بێت (بەلایەنی کەمەوە ساڵێک بۆ منداڵ و هەرزەکاران) هەمیشە خەمۆکن. ئەم نەخۆشییە لە تێکەڵکردنی دوو نەخۆشیی کۆن دروست دەبێت، کە بریتین لە نەخۆشی خەمۆکیی گەورەی درێژخایەن و نەخۆشیی دیستیمیک. گرنگترین چاره‌سه‌ر بریتییه‌ له‌ چوونی بۆ لای ڕێنماییكاری ده‌روونی و ده‌روونناس و پاشان بۆ لای پزیشكی ده‌روونی.