د. سروە جەمال: ئافرەتی دووگیانیش دەتوانێ گەشت بكەن بەو مەرجەی ڕەچاوی ڕێنمایی پزیشكەكەی بكات

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

تا ئێستا هیچ بەڵگەیەكی پشتڕاستکراو نییە کە بیسەلمێنێت گەشتکردن بە فڕۆکە بۆ خانمانی دووگیان گونجاو نییە، بەڵام لەسەر هەر ئافرەتێكی دووگیان پێویستە كە بەر لە گەشتكردن سەردانی دكتۆر بكات بۆ دڵنیابوون لەوەی كە گەشت هیچ مەترسییەكی بۆ تەندروستیی خۆی و كۆرپەكەی نییە.

د. سروە جەمال دکتۆرا (بۆرد) لە نەخۆشیەکانی ژنان و مناڵبوون، ئاماژە بەوە دەدات كە ئەو ئافرەتانەی تەمەنی سكپڕییان لە ٣٧ هەفتە بەرەوسەر بوو باشترە بە فڕۆکە گەشت نەکەن هەروەها ئەگەر سكپڕییەكەیان دووانە بوو و تەمەنی کۆرپەکان لە ٣٢ هەفتە بەرەوسەر بوو ئەوە باشترە بە فڕۆکە گەشت نەکەن.
د. سروە جەمال دەشڵێت پێویستە ئافرەتان بزانن ئەگەر ماوەی گەشتەکە لە ٤ کاتژمێر زیاتر بوو باشتر گەشت نەکەن چونکە دانیشتن بۆ ماوەیەکی زۆر مەترسی دەوالی لە خانمانی دووگیاندا زیاد ئەکات. ئەگەر ماویەكی كورت بەر لە سەفەرەكەیان تووشی خوێنەچۆڕە (خوێنبەربوون) بووبێت باشترە گەشت نەکەن.
ئەو ئافرەتە دووگیانانەی كە ئەگەر کێشەی سی و دڵیان هەیە باشترە گەشت نەکەن.

چی بکەین بۆ ئەوەی گەشتێکی سەلامەت ئەنجام بدەین؟
د. سروە جەمال ئاماژە بەوە دەدات كە یەکێک لەو گرفتانەی کە ڕەنگە تووشی خانمان ببنەوە دەوالیە (خەستبوونەوەی خوێن لە خوێنهێنەرە وردەکاندا) کە ئەمە ڕەنگە ژیانی خانمەکە بخاتە مەترسیەوە ئەوەیش لە ئەنجامی زۆر دانیشتنەوە دروست ئەبێت بۆیە وا باشە:

  • ئەگەر سەفەرەکەی دوورودرێژ بێت ناو بە ناو هەڵسێت پیاسە بکات؛
  • لەکاتی دانیشتن لەسەر کورسی فڕۆکە هەموو ٣٠ خولەک جارێک وەرزشی تایبەت هەیە ئەنجامی بدات.
  • خواردنەوەی ئاو پێویستە ناو بە ناو ئاو بخورێتەوە.
  • دوورکەوتنەوە لە خواردنەوەی کحول و ئەو خواردنەوانەی کافاینیان تێدایە بۆ نموونە (چا، قاوە، نسکافە)
  • پۆشینی گوێرەوی تایبەت بە دەوالی
  • پێڵاوی تەسک لەپێ نەكات.
  • جلەکانی با تەسک نەبێت.
  • ئەگەر خانمێک پێشتر تووشی دەوالی بووبێت ئەبێت پێش گەشتکردنی سەردانی دکتۆرەکەی بکات.
  • ئەگەر ماوەی گەشتەکەت لە ٤ کاتژمێر زیاترە سەردانی پزیشکەکەت بکە پێش گەشتەکەت.