دکتۆرە ژیان خەلیل:مامۆگرافی، یارمەتی پزیشک دەدات بۆ دیاریکردنی هۆکاری نەخۆشی لە مەمکدا

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

بە مەبەستی زوو دەستنیشانکردنی هەر گرفتێک لەوانەی بە ڕوواڵەت هیچ نەخۆشییەکی مەمکیان نییە، تیشكی مەمک (مامۆگرافی) یارمەتی پزیشکان دەدات بۆ دیاریکردنی هۆکاری نەخۆشی لە مەمکدا وەک کاتی هەبوونی (گرێ، کیس، گۆڕانی گۆی مەمک).

مامۆگرافی ‌‌(تیشکی مەمك)، بەكار دەهێنرێت بۆ دەستنیشانكردنی نەخۆشینی مەمك لە خانماندا بەتایبەت بۆ دەرخستنی پشکنینی پێشوەخی شێرپەنجەی مەمك و، پێویستە ئەو خانمانەی تەمەنیان لە سەروو 40 ساڵانەوەیە دوو ساڵ جارێك پشكنینی مامۆگرافی بكەن و ئەوانەشی تەمەنیان لە سەروو 50 ساڵانەوەیە ئەگەر هیچ گرفتێكیان نەبوو ئەوا پێویستە ساڵی جارێك پشكنینەكە بكەن.
پزیشكان جەخت دەكەنەوە كە لە كاتی بوون و دەركەوتنی هۆكارێك یان زیاتر لە هۆكارێك لە فاكتەرە مەترسیدارەكان، بەزووترین كات سەردانی “سەنتەری نەخۆشییەكانی مەمك” بكرێت لە ناوچەكەی خۆت، یانیش سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكرێت بەمەبەستی ئەنجامدانی پشكنینی پێشوەختە.
د. ژیان خەلیل پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مەمک ڕوونی دەكاتەوە كە تیشكی مەمك ئەنجام دەدرێت بە مەبەستی زوو دەستنیشانکردنی هەر گرفتێک بەتایبەت لەو ئافرەتانەی كە هیچ نەخۆشییەکی مەمکیان نییە. یان بۆ ئەوانەی كە بەدواداچوونی شێرپەنجەی مەمكیان هەیە لە دوای چارەسەر وەرگرتن.
هەروەها پشکنینی مەمکی دووەمی خانمان لە کاتێکدا مەمکێکیان تووشی شێرپەنجە بوبێت.
پزیشكان روونیشی دەكەنەوە كە پێوستە لەکاتی یەکێك لەم نیشانانە سەردانی پزیشكی تایبەت بكەیت یان بچیتە سەنتەری نەخۆشییەکانی مەمك:
1 – دەرکەوتنی لوو لە بنباڵدا؛
2 – گۆڕانی ڕەنگی پێست؛
3 – گۆڕانی شێوەی مەمك؛
4 – بەناوداچوونی گۆی مەمك.

شێرپەنجەی مەمك یەكەمین جۆری شێرپەنجەیە، كە تووشی ئافرەتان دەبێت، نیشانەكانی كەسی توشبوو بە شێرپەنجەی مەمك بریتین لە دروستبوونی (گرێ، چاڵداکەوتنی پێست، گۆڕانكاری لە ڕەنگی پێست وەك سووربوونەوە، ئازاری بەردەوامی مەمك و چاڵداکەوتنی پێست).