تەندروستی هەولێر پلانی رۆژانی جەژنی قوربانی ئاشکرا کرد

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر رایگەیاند، لە رۆژانی پشووی جەژنی قوربان، خزمەتگوزاری تەندروستی 24 کاتژمێری پێشکەشدەکرێت، داواش لە هاووڵاتیانی شاری هەولێر دەکەین پابەندی رێنماییەکان بن دەربارەی تای خوێنبەربوون.

دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: پلانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، لە رۆژانی پشووی جەژنی قوربان، سەرەرای ئەو پشوەی بۆ گشت دەزگاکانی حکومەت راگەیەندراوە، بەڵام نەخۆشخانەی فریاکەوتن و ئەو نەخۆشخانانەی فریاکەوتنیان تێدایە بەردەوام دەبن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی 24 کاتژمێری لە هەفتەدا.

محەممەد گوتیشی: ئێمە لەبەشی کردە گوزارییەکان، تیمی پزیشکی فریاگوزاری 122 مان ئامادەبوونیان دەبێت، هەروەها 12 تیمان ئامادەکردووە، ئەو تیمانە لە شوێنە جیاجیاکانی ناو شاری هەولێر ئامادەییان دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد: لە ئێستادا لە شارەکانی ناوەراست و خوارووی عێراق نەخۆشی تای خوێن بەربوون زیادی کردووە، بەداخەوە خەریکە لە شاری هەولێریش ئەو پەتایە بڵاو دەبێتەوە، ئەمەش بەهۆی پابەند نەبوونی هاووڵاتیان و ئەوانەی لە سەربڕخانەکان کاردەکەن یان لە لاکۆڵانەکان ئاژەڵ سەردەبڕن.

دەشڵێت: تیمی پزیشکی چاودێری بازاڕ، یەکێک لەکارە سەرەکیەکانی لێپێچینەوە کردنە لەگەڵ ئەوکەسانەی سەرپێچی دەکەن وەکو سەربڕینی ئاژەڵ لە کۆڵانەکان، هەروەها داوا لە هاووڵاتیان دەکەین پابەندی ڕێنماییانەکان بن، پێویستیشە هەرکەسێک سەربڕینی ئاژەڵی لە کۆڵانەکان بینی، راستەوخۆ تیمەکانی تەندروستی یان تیمەکانی قایمقامیەت ئاگادار بکاتەوە بۆ ئەوەی ئەو شوێنانە قەدەغە بکرێت.

لە کۆتاییدا روونیکردەوە، لە شاری هەولێر تاوەکو ئێستا نۆ حاڵەتی تای خوێن بەربوونمان هەیە، بەوەی دەستنیشان کراوە و بەوەی گومانی لێکراوە، بەڵام بەداخەوە گیان لەدەستدانیش هەبووە.