هاوکار قەرەداخی: ڕۆژانە نزیكەی ٢٠٠ بتڵ خوێن وەردەگرين

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

بەخشینی خوێن زۆرجار دەبێتە هۆی ڕزگارکردنی ژیانی مرۆڤێکی تر بەتایبەتی لە کاتی نەشتەرگەری کە تووشی خوێنەچۆڕە (خوێن بەربوون) بێت، یان لەکاتی رووداوێکی هاتوچۆدا وەیان کەسێک خوێنی زۆر کەمە، بەتایبەتی بۆ کەسانی تالاسیمیادار، یان شێرپەنجەگرتە.

هاوکار قەرەداخی بەرپرسی راگەیاندنی بانکی خوێن لە هەولێر ڕوونیكردەوە كە ئەوان جگە لە هەڵمەتەكانیان كە بە بۆنە جیاوازەكان ئەنجامی دەدەن، ڕۆژانە نزیكەی ٢٠٠ بتڵ خوێن وەردەگرين، ئەمەش بوەتە هۆی ئەوەی هاوسەنگیەك پەیدا بكەن بۆ ڕێژەی خوێن وەرگرتن و پێدانی خوێن، كە بەهۆیەوە پێویستییەكی ئەوتۆییمان نەماوە بەوەی بە پەلە داوای خوێن بكەین لە خوێنبەخشان.
د. هیوا خالید گەردی پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناو چەند رێنماییەکی تەندروستی بۆ کەسی خوێن بەخش هەیەو ڕوونی دەكاتەوە:
هەموو کەسێک کە دەیەوێت خوێن ببەخشێت پێویستە بزانرێت هیچ نەخۆشییەکی نییە کە کاریگەری لەسەر ژیانی خۆی یان ئەو کەسەی خوێنی دەداتێ (خوێن وەرگر) هەیە یان نا. وەک :

  1. نەخۆشیەکانی دڵ، سیپەلاک و خوێن….
    بۆ نموونە نەخۆشینی ناڕێکی لێدانی دڵ و کەمخوێنی و هەندێ نەخۆشینی سیپەلاک، نابێ خوێن ببەخشن.
  2. گەشکە (صرع)، نابێ خوێن ببەخشن تاوەکو دلنیا نەبیتەوە کە بۆ ماوەی ٦ مانگ تووشی گەشکە نەبووە.
  3. ئەوانەی نەشتەرگەرییان بۆ کراوە بۆ ماوەی ساڵێک نابێت خوێن ببەخشن.
  4. ئافرەتانی دووگیان نابێت خوێن ببەخشن لە کاتی دووگیانیدا و ٦ هەفتە دوای منداڵبوون.
  5. تەمەنی خوار ١٦ ساڵان نابێ خوێن ببەخشن تەنها بەڕەزامەندی دایک و باوکیان ئەگەر هەر ناچار بوو بیدات.
  6. ئەوانەی کێشی لەشیان کەمترە لە ٥٠ کگم.
  7. ئەوانەی نەخۆشی گوازراوەیان هەیە کە لە ڕێگەی خوێن بگوازرێتەوە وەک ئایدز و هەوکردنی ڤایرۆسینەی جگەر B, C
  8. ئەوانەی تاو لەرز یان هەیە یان نەخۆشن لە ڕۆژی خوێن بەخشینەکەدا.
  9. ئەوانەی هەندێ دەرمانی تایبەت بەکار دەهێنن.