سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان توند دەکرێن

لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، رێکاری توند دەگرنەبەر بەرامبەر ئەو کەسانەی ئاژەڵ لە کۆڵانەکان سەردەبڕن، دەشڵێت: گواستنەوەی ئاژەڵ لەنێوان شارەکان قەدەغە دەکرێت.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون ئاماژەی بەوەدا، بە نووسراوی فەرمی وەزارەتی ناوخۆ بازگەکانی ئاگادارکردووەتەوە، گواستنەوەی ئاژەڵان لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە قەدەغەیە، جگە لەو حاڵەتانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ڤێتەرنەری شار و شارۆچکەکان رێپدانیان پێدەدرێت.

بەگوێرەی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوە تای خوێنبەربوون، نابێ لە مەیدانی ئاژەڵان و کۆڵانەکان سەری ئاژەڵان ببڕین، بۆ ئەو مەبەستە وەزارەتی ناوخۆ بە نووسراوی فەرمی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی ئاگادارکردووەتەوە کە رێکاری توند دژی ئەو کەسانە بگرنەبەر کە بیانەوێت لە شوێنە نافەرمییەکان ئاژەڵ بفرۆشن یان سەر ببڕن.

لیژنەی بەرەنگاربوونەوە تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، هەر کەسێک پابەندی رێکارەکان نەبێت، بە توندترین شێوە سزا دەدرێت

هاوکات وەزارەتی کشتوکاڵ چەند رێکارێکی بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون رایگەیاندووە، کە بریتین لە:

-پێویستە ئاژەڵەکان لە سەربڕخانە فەرمییەکان سەرببڕدرێن و بە مۆری فەرنیی ڤێترنەری بچێتە بازاڕەوە.

-دەبێت پێش سەربڕین و دوای سەربڕین پشکنین بۆ تەندروستی ئاژەڵەکان بکرێت.

-پێویستە کەرەنتینەکانی ئاژەڵ لە مەرز و فڕۆکەخانەکان، پشکنینی وردی تەندروستی ئەو ئاژەڵانە بکەن کە دێنە ناو هەرێمی کوردستان.

-دەبێت سەربڕخانەکان رێکارە تەندروستییەکانی کەلوپەلی سەربڕین و پۆشینی جلوبەرگی تایبەت رەچاو بکەن

-پێویستە هێنانی نافەرمی ئاژەڵان لە سنوورەکانی ناوەوەو دەرەوەی هەرێمی کوردستان و عێراق کۆنترۆڵ بکرێت.