نەشتەرگەرییەکی دەگمەن لە کەرکووک ئەنجامدرا

نەخۆشخانەی فێرکاری کەرکووک، نەشتەرگەرییەکی رێکخستنەوەی رەگەزی بۆ گەنجێکی 19 ساڵی ئەنجامدا کە لە مێینەوە کرایە نێرینە.

د.زیاد خەڵەف مەدید، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی کەرکووک رایگەیاند، تیمێکی پزیشکی لە نەخۆشخانەی فێرکاری کەرکووک توانیان نەشتەرگەرییەکی تایبەت بۆ گەنجێک ئەنجام بدەن، کە بریتییە لە نەشتەرگەری رێکخستنەوەی رەگەزی (metoidioplasty)، کە بڕیار بوو لە دەرەوەی وڵات ئەنجام بدرێت.

دکتۆر عەلی عادل، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێرکاری کەرکووک ئاماژەی بەوەدا، “تیمێکی پزیشکی توانیان نەشتەرگەرییەکی تایبەت بۆ حاڵەتێکی دەگمەنی نەخۆشێكی تەمەن 19 ساڵ ئەنجام بدەن، کە بۆ یەکەمجارە ئەو جۆرە نەشتەرگەرییە لە کەرکووک و لەسەر ئاستی عێراق بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدرێت”.

دکتۆر حەیدەر حسێن ئەلوائیلی پسپۆڕی نەشتەرگەری گورچیلە و بۆری میز و سەرپەرشتیاری نەشتەرگەریەکە، گوتی: “نەشتەرگەری چاککردنەوەی رەگەزی بۆ نەخۆشێکی تەمەن 19 ساڵان کراوە، کە وەک مێینە گەورە بووە، بەڵام دوای ئەنجامدانی پشکنینە پێویستەکان پێنج ساڵ لەمەوبەر بۆی دەرکەوت کە ئەندامەکانی ناوەوە و کرۆمۆسۆمەکانی نێرن و تەنها ئەندامی زاوزێی مێینەیە، ئەمەش بە یەکێک لە حاڵەتە زۆر دەگمەنەکان دادەنرێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “نەخۆشەکە سەردانی چەند سەنتەر و پزیشکێکی کردووە تا رەوانەی شاری پزیشکی لە بەغدا کرا، لیژنە پزیشکییەکانیش بڕیاریاندا رەوانەی دەرەوەی وڵات بکرێت، تاوەکو لەوێ نەشتەرگەری چاککردنەوەی رەگەزی بکات لە یەکێک لە سەنتەرە تایبەتەکان”، بەڵام “نەشتەرگەرییەکە لە نەخۆشخانەی فێرکاری کەرکووک ئەنجامدرا و، نەشتەرگەرییەکە بە سەرکەوتوویی تەواو بوو و دەرچووە و نەخۆشەکە باری تەندروستی باشترە”.