وەزیری تەندروستی: دوو حاڵەتی گیان لە دەستدان بە تای خوێنبەربوون تۆماركراوە

سامان به‌رزنجی، وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، دووه‌مین حاڵه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ تای خوێنبه‌ربوون گیانی له‌ده‌ستدا.

سەبارەت بە حاڵەتەکانی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان، وەزیری تەندروستی ئاشکرایکرد، حاڵه‌تی یه‌كه‌م له‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران و حاڵه‌تی دووه‌م له‌ناو شاری هه‌ولێر بووه‌ و هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئاژه‌ڵه‌وه‌ هه‌بووه‌.

سامان بەرزنجی ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کەسەی دوێنێ گیانی لەدەستداوە دانیشتووی هەولێر بووە و پیشەی گۆشتفرۆش بووە. گوتیشی: ئامارەکانی تای خوێنبەربوون لە شارەکانی عێراق زۆر لەو ئامارانە زیاترە کە رادەگەیەندرێت.

وەزیری تەندروستی داواشی لە هاووڵاتیان کرد تەنیا لە شوێنە فەرمی و ناسراوەکان گۆشت بکڕن.

هەروەها لە رۆژی جیهانیی منداڵاندا، وەزیری تەندروستی سەردانی نەخۆشخانەیەکی منداڵانی لە شاری هەولێر کرد و پیرۆزبایی لە هەموو منداڵانی کوردستان و خانەوادەی منداڵان کرد بەبۆنەی ئەو رۆژە جیهانییەوە.

سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوەدا، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تەواو بە تەندروستی منداڵان دەدات، نەک تەنیا لە نەخۆشخانە و چارەسەرکردن و نەشتەرگەری، بەڵکو لە لە سەرجەم بنکە تەندروستییەکانیش چەندین پرۆگرامی تەندروستی منداڵ جێبەجێ دەکەن وەک بەرنەماکانی کوتان، بەدخۆراکی و گەشەی منداڵ.

گوتیشی: دایکان و باوکان دەبێت پابەند بن بە رێنماییەکان و بەپێی خشتە و کاتی خۆی منداڵەکانیان ببنە بنکە تەندروستییەکان بۆ پرسە تەندروستییەکانی وەک بەرنامەکانی کوتان و بەدخۆراکی.