دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

دکتۆر ڕەوشت بەزاز: پێویستە هاوڵاتیان بە هەستیاریەوە مامەڵە لەگەڵ سەنتەرەکانی جوانکاریدا بکەن

 

بەڕێوبەرایەتیی پشکنین و دڵنیایی جۆری سەر بە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، دامەزراوەیەکی هەستیار و پڕبایەخە بۆ بەرگریکردن لە مافی هاوڵاتیان بە گشتی و نەخۆش بەتایبەتی.

کاری لێپرسینەوە و پشکنین و پێدانی ڕێنماییە بە سەنتەر و نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیەکان و سزادانی سەرپێچیکارانی یاسا و ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستیە.

دکتۆر ڕەوشت بەزاز یەکێکە لەو کارەکتەرانەی بە مەبەستی هێنانەدیی چاکسازی لەو سێکتەرە گرینگەی ژیان لە بەرنامەی چاکسازی کابینەی ٩ـی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک سەرۆکی بەشی پشکنین و دڵنیایی لە بەڕێوبەرایەتی تەندروستی هەولێر دەستبەکار بووە. 

دکتۆر ڕەوشت ماوەی ١٦ ساڵ وەک پزیشک لە خزمەت هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستاندا بووە و بەردەوام لە خەمی بەرەوپێشبردنی کەرتی تەندروستیدا بووە.

* گرینگی بەڕێوەبەرایەتیی پشکنین و دڵنیایی جۆری لە چیدایە؟

د. ڕەوشت: گرینگە بۆ چاودێریکردنی گشت سەنتەر و نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیەکان و لێپرسینەوە لە هەر سەرپێچیەک و پێدانی ڕێنمایی تەندروستی پێیان.

* گرفت و کۆسپەکانی بەردەم کارەکانی پشکنین و دڵنیایی جۆری چیە؟

د. ڕەوشت: ڕۆژانە چەندین گرفت و کۆسپمان دێتە پێش، لەوانە کارکردنی بێ مۆڵەتی چەند کارمەند و سەنتەرێک کە خۆشبەختانە تا ڕادەیەک بنبڕمان کردووە. هەروەها

کارکردنی کارمەند لە شوێنی پزیشک کە لە لایەنی پەیوەندیدار جۆرە کارتێکیان بۆ دەکرێت وەک مۆڵەت بەکاری دێنن، چونکە ئەو جۆرە کارکردنە لە ستانداردی جیهانیدا نیە، ئەوە جگە لەو هەڕەشە بەردەوامانەی لە لایەن ئەو کەسانەوە لە کارمەند و بەرپرسی لێژنەکانمانەوە دەکرێت دوای ئەوەی بە هۆی سەرپێچیەوە سزا دەدرێن.

* سەبارەت بە سەنتەرەکانی جوانکاری، چ دڵنیایی و ئامۆژگاریەک بە هاوڵاتیان دەدەن؟

د. رەوشت: سەنتەری جوانکاری پێویستە پزیشکی جوانکاری نەشتەرگەر یان پسپۆڕی پێست بەڕێوەی ببات؛ پێویستە ماوەی زیاتر لە ٣ ساڵ لەو بوارە کاری کردبێت و کارە فەرمیەکەی هەر لە هەولێردا بێت. پێویستە سەنتەر مۆڵەتی فەرمیی هەبێت و بە پێی ستاندارد و ڕینمایی وەزارەتی تەندروستی کار بکات.

پێویستە هاوڵاتیان بە هاستیاریەوە مامەڵە لەگەڵ مەسەلەی جوانکاری و ئەو سەنتەرانەدا بکەن کە بۆی دەچن، بە هۆشیاریەوە بە دوای خواستەکانیاندا بچن، بۆ ئەوەی لە ئایندە توشی زیان نەبن، وێڕای لێپرسینەوە و پشکنینی بەردەواممان، پێویستە هاوڵاتیش چاودێر بێت بەسەر ماف و داواکاریەکانی، نەچێت بۆ هیچ سەنتەرێک تا مۆڵەتی فەرمی وەزارەتی تەندروستی لەو سەنتەرە نەبینێت، هەروەها دڵنیا بێت ئەو کارمەندەی کارەکەی بۆ دەکات، پزیشکی پسپۆڕی بوارەکەیە، بە تایبەت لە بواری دەرزی لێدان و فیلەر و بۆتۆکس و دەرهێنانی چەوری.

هیچ دەرمانێک بەکار نەهێنێت تا ستیکەری وەزارەتی تەندروستی و کوالێتی کۆنترۆڵی لەسەر نەبێت، چونکە رووی داوە لە چەند سەنتەرێک بۆتۆکس بە فەل و نرخی هەرزان کڕدراوە و بە نرخی گران بە هاوڵاتیانیان فرۆشتووە.

دەبێ هاوڵاتیان هۆشیار بن لەوەی بەهۆی نەبوونی زانیاری پێویست، چەند جار فیلەری لەش بۆ دەموچاو بەکار هاتووە کە دوایی کێشەی تەندروستی دروست دەکات.

• چۆن دەتوانین بەربەست و ئالنگاریەکانی بەردەم پشکنین و دڵنیایی جۆری هەڵگرین؟

• د.رەوشت :پێویستە یاساکانی رووبەڕووبوونەوەی سەرپێچیکارانی ئەو بوارە هەستیارە توندتر بکرێت، لایەنی جێبەجێکاریش بە ڕەچاوکردنی هەستیاری ژیانی هاوڵاتیان چاوپۆشی لە هیچ کەس نەکات بەبێ جیاوازی سەرپێچیکاران پەلکێشی بەردەم یاسا و دادگا بکات.

• ئاماری کار و چاکسازیەکانتان لە ماوەی کرکردنتان لەو بەشەدا چی بووە؟

• د. رەوشت: لە ماوەی ٧ مانگی کارکردنم لەو بەشە، بە گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی، تا ڕادەیەکی زۆر باش کاروباری سەنتەرەکانمان بەرزەفت و کۆنترۆڵ کردووە؛ لێژنەکانمان لەگەڵ ئەوەی لە بەرامبەر کارەکانیان مافێکی کەمیان پێ دەدرێت، ڕۆژانە رووبەڕووی هەڕەشەی ئەو کەس و لایەنانە دەبنەوە کە بە هۆی سەرپێچی و کاری نایاساییەوە سزا دراون، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ڕۆژانە پشکنین و بەدواداچونەکانمان بەردەوامە و دڵنیایی بە هاوڵاتیان دەدەین بە پاڵپشتی دڵسۆزانی بەرنامەی چاکسازی هەموو سەرپێچیکارێک بە سزای یاسایی خۆی دەگەیێنین.

• کێن ئەوانەی پالپشتی سەرخستنی کارەکانتانن؟

• پاڵپشتی سەرەکیمان بەرنامەی چاکسازی کابینەی ٩ـی حکومەتی هەرێمی کوردستانە؛ هەموو ئەو کەس و لایەنانەی ویستی چاکسازییان هەیە پاڵپشتمانن؛ بە پشتیوانی خوا و کارمەندەکانمان و وەزارەتی تەندروستی و پارێزگار و نوسینگەی پزیشکان، سەندیکای پزیشکان، سەرجڤات (نەقیب)ـی سەندیکای دەرمانسازان و، کارمەندانی قایمقامیەت، هەنگاوەکانمان بەرەوپێشەوە دەبەین.