دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

د. محەمەد قادر:شەوانە دوور بکەونەوە لە خواردنی قورس و چەور، شیرنەمەنیی زۆر

ماكوان عيززه‌‌ت – هەولێر

د. محەمەد قادر پسپۆڕی نەخۆشییەكانی دەروونی ڕایدەگەیەنێت نزیکەی یەک لەسەر سێی خەڵکی، سکاڵایان هەیە لە بێخەوی، بەڵام لە هەشت کەس تەنها یەکێكیان بەراستی بەدەست ئەو کێشەیە دەناڵینێ. هەرچەندە ئەمەش هەر ژمارەیەکی زۆرە. ئەمەش کاردەکاتە سەر هەر یەک لە (دڵ، مێشک، هۆرمۆنەکان، بینین ودەروونی مرۆڤ).

د. محەمەد قادر دەربارەی رێگای سەرکەوتوو بۆ چارەسەری بێخەوی لە چەند خاڵێكدا دەخاتە ڕوو، دەشڵێت ئەم خالانە لەسەر زۆرینە باس کراوە و دەکرێ خاڵێک یان زیاتری لەسەر تۆ جێبەجێ نەبێت. هاوكات مەرج نییە سەدا سەدی ئەو خاڵانەی جێبەجێ بکەیت هەتا خەوت دروست بێت، دەکری بە جێبەجێکردنی نیوەی یان زیاتر، هەست بە باشی بکەیت.
1- یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی خەوێکی خۆش بریتیە لە دیاریکردنی کاتی تایبەت بۆ خەو. واتە هەموو شەوێک هەمان کات بچیتە سەر جێگا و هەمان کات لە خەو هەڵسی. ئەمە سووڕی خەو(Sleep Cycle)ت رێک دەخات، وا دەکات دوای هەڵسان لە خەو هەست بە وزە و چالاکی بکەیت.
2- کەمکردنەوەی خەوی رۆژ بۆ ٣٠ خولەک. واتە لە رۆژدا بە هیچ شیوەیەک لە ٣٠ خولەک زیاتر نەخەویت، چونکە هەر خولەکێک زیاتر لەمە بە خەوزڕان لەشەودا قەرەبووی بۆ دەکرێتەوە.
3- دوورکەوتنتەوە لەو ماددانەی دەبنە هۆی چالاکی مێشک وەکو کافایین و نیکۆتین بە ماوەیەکی درێژ پێش خەوتن. هەروەها دوورکەوتنەوە لە خواردنەوە کحولیەکان، چونکە خواردنەوە کحولییەکان لە سەرەتادا وا دەکەن زوو بخەویت، بەڵام لە نیوەی دووەمی شەودا تووشی بێخەوی دەبیت کە لاشەت دەست دەکات بە زیندەچالاکی بۆ رزگاربوون لە کحول.
4- راهێنانی رێک و بەردەوام یارمەتی رێکخستنی خەو دەدات، بەڵام پێویستە خاڵێک باس بکرێت. راهێنانێکی سووک و بۆ ماوەیەکی کەم بەر لە خەوتن دەکرێ یارمەتی زوو خەوتن بدات، بەڵام راهێنانی قورس و وەرزشی هێز و بازوو لەوانەیە لە هەندێک کەس ببێتە هۆی خەو زڕان. هەوڵ بدە بەر لە نووستن لە وەرزشێک کە زۆر ماندووت دەکات، دوور بیت.
5- دوور کەوتنەوە لە خواردنی قورس و چەور، خواردنی سوورکراوە، شیرنەمەنیی زۆر پێش خەوتن، چونکە لەوانەیە ببێتە هۆی زیادبوونی ترشەڵۆکی گەدە و خەوزڕان.
6-خۆ دانە بەر خۆر، بەتایبەتی ئەو کەسانی کارەکانیان لە ناو ماڵ یان لە شوێنی داخراوە. چونکە ئەمە وادەکات سووڕی خەو – ئاگایی (Sleep – Awake Circle) رێک بخات.
7- دانانی رۆتینێک پێش خەوتن وەکو خۆشوشتن، خوێندنەوەی کتێب یان هەر شتێکی دیکە. ئەمە وا دەکات بە تێپەڕینی کات جەستەت کاتی خەوتن بناسێتەوە و زووتر بکەوێتە خەو. هەوڵ بدە دوور بیت لە گفتوگۆ و چالاکی توند و بێزارکەر، چونکە ئەمیش دەبێتە هۆی کەمخەوی.
8- دڵنیابوونەوە لەوی کە شوێن و کەشی خەوگە، ئارام و سەلامەتە. گۆڕینی شوێن لە هەندێک کەس دەبێتە هۆی خەوزڕان. سەرینی بەرز یان بێزارکەر، نوێنی زبر، کەشی زۆر سارد یان گەرم، دەنگەدەنگ و قەرباڵغی ئەمانە هەمووی دەکرێ خەو کەم بکەنەوە یان دوای بەخەبەرهاتن مێشک هەست بە ماندووێتی بکات.
9- بەکارنەهێنانی مۆبایل و لاپتۆپ و هەر ئامێرێکی دیکەی ئەلیکترۆنی کە دەبێتە هۆی دەردانی تیشکی شین (Blue Light) چونکە ئەمە وا لە مێشک دەکات وا هەست بکات رۆژە و ئەگەری خەو زڕان زیاتر دەکات.
د. محەمەد قادر لە ئاخری گوتەكانیەوە ئاماژەی بەوە دا كە ئەم خاڵانەی باس كران تەنها لە حاڵەتی بێخەوی راستن، لەوانەیە هەندێکیان بۆ کەسانێک کە خەویان ئاسایییە یان زۆر دەخەون کاریگەری نەبێت، یان پێچەوانە بێت.