هەوکردنی پەردەی مێشكی منداڵان زیادی کردووە

ماكوان عيززه‌‌ت – هەولێر

زیاتر لە یەك هەفتەیە نەخۆشییەكی بەربڵاو لە نێو منداڵانی هەڵەبجە بڵاو بووەتەوە بە هۆی ئەوەی نەخۆشییەکی گوازراوەیە و مەترسی بڵاوبوونەوەی زیاتری لەسەرە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە سەرەتای ئەم هەفتەیە ڕایگەیاند، نەخۆشیەکی مەترسیدار و کوشندە لە نێو منداڵانی شارەکەدا بڵاو بۆتەوە و نەخۆشییەکە هەوکردنی پەردەی مێشکە و گوازراوەیە.
د. زانا باقی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان، ڕوونی كردەوە كە نەخۆشییەكە بە هۆی (بەكتریا، ڤایرۆس، مشەخۆر)وەیە؛ ئەم نەخۆشییە لە گەورە و منداڵانیش هەیە، بەڵام ئێستە ئەمە وەك شەپۆلێك بڵاو بووەتەوە و منداڵان زیاتر تووش بوونە.
بەهۆی ئەوەی لەم مانگەدا كە ژمارەی توشبووان زیاتر لە 40 منداڵی تێپەڕاندووە، بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ئەم ژمارەیە بۆ ئەم جۆرە نەخۆشییە زۆرە، هەرچەندە خودی ئەم نەخۆشییە ساڵانە هەبووە، بەڵام بەم ژمارەیەی ئێستە نەبووە.
بەڕێوبەرایەتی تەندروستی هەڵەبجەش ڕایگەیاند: لەگەڵ بڵاوبوونەوەی نەخۆشینی هەوكردنی پەردەی دەماغ لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و ڕۆژانە توشبوونی ژمارەیەكی بەرچاولە منداڵانی سنورەكەمان و بەرزبونەوەی بەردەوامی ئامارەكانی داخڵبوونی منداڵان لە نەخۆشخانەی مناڵان بۆ ڕیگری و بەرەنگاربوونەوە لە بڵاوبوونەوە و دیاری كردنی ئەم نەخۆشییە، بە سەرپەرشتی و فەرمانی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە و هۆبەی تاقیگەكان، تاقیگەیەكی تایبەت چاندن و دەستنیشانكردنی ئەم نەخۆشییە ستافی تایبەت و كەرەستەی پێویست دابین كروە.
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەڵەبجە و هۆبەی تاقیگەكان هاووڵاتیان دڵنیا دەكەنەوە كە هەرچی ڕێگەی پێویست و گرنگ بێت دەیگرنە بەر تابتوانن بەباشترین شێوە خزمەتی توشبووانی ئەم نەخۆشییە بكەن.
د. پشدەر عەبدوڵا پزیشكی پسپۆڕی منداڵان دەربارەی هەوکردنی پەردەی مێشكی منداڵ بریتیە لە هەوکردنی پەردەی دەوری مێشك و دڕکەپەتک.

هۆکار: لەوانەیه بەکتریا، ڤایرۆس، شێرپەنجە، دەرمان، یان پاراسایت بێت.
نیشانەکانی لەوانەیە یەکێک یان کۆمەڵێک لەو نیشانانەی خوارەوە بێت:
بۆ منداڵی 3مانگان و بچووکتر:
1- شیرخواردنی کەم ئەبێتەوە.
2- ڕشانەوە.
3-بێزاری و بێتاقەتی.
٤- بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای لەش.
٥- گەشکە.
٦- لەوانەیه پلەی گەرمای لەشی دابەزێت.
7- لەشی نەرم ئەبێت واتە بێهێز دەکەوێ.
8- شەکرەی خوێنی دابەزێت.
9- مەڵاشووی دەرئەپۆقێت.

نیشانەکانی لە منداڵی ١ساڵان و گەورەتر، لەوانەیە یەکێک یان کۆمەڵێک لەو نیشانانە بێت:
1- ڕشانەوە و دڵتێکهەڵاتن.
2- سەرئێشە.
3- هەستیاری بە ڕووناکی زیاد ئەکات، واتە بە ڕووناکی بێزار ئەبێت.
٤- بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش.
٥- هۆشی منداڵەکە تێک ئەچێت.
٦- بێتاقەتی و بێزاری.
7- لەوانەیە گەشکەی لێ بدات.
8- ملی ڕەق دادەگەڕێت.

بۆ دیاریکردنی نەخۆشییەکە پێویستە ئاو لە پشتی منداڵەکە دەربهێنرێت، بە داخەوە زۆرجار دایک و باوکی منداڵەکە ڕێگە نادەن ئەو شیکارە بکرێت کە زۆر ئاسانە و هیچ کێشەیەک بۆ منداڵەکە دروست ناکات.
ئەگەر چارەسەر وەرنەگرێت منداڵەکە لەوانەی ڕووبەڕووی چ کێشەیەکی تەندروستی ببێتەوە؟

1- لەوانەیە ببێتە هۆی مردنی.
2- کێشەی بینین و لەدەستدانی بینین.
3- کێشەی بیستن و لەوانەیە بیستنی بە تەواوی لەدەست بدات.
٤- گەشکەی بەردەوام.
٥- ئیفلیجکەوتن.
٦- زیرەکی و ئاستی توانای مێشکی کەم بێتەوە.