هۆشداری لە بەرزبوونەوەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەدرێت

سەرۆکی زانکۆی زانستیی پزیشکیی پارێزگای سنە دەڵێت، ئەگەر خەڵک لەسەر پابەندنەبوون بە رێوشوێنە تەندروستییەکان بەردەوام بن، لە رۆژانی داهاتوودا تووشبوون بە کۆرۆنا و گیانلەدەستدان بە هۆیەوە لەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستان زیاد دەبێت.

فەرەیدوون عەبدولمەلەکی، سەرۆکی زانکۆی زانستیی پزیشکیی پارێزگای سنە رۆژی یەکشەممە 23-4-2023 گوتی، رۆژی شەممە لەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستان تووشبوویەکی کۆرۆنا گیانی لەدەستداوە و 25 تووشبووی دیکەش لە نەخۆشخانە خەوێنراون و دۆخی تەندروستیی 4 کەسیان ناجێگیرە و لە بەشی چاودێریی چڕدان.

هاوکات حامید بەهرامیان، بەرپرسی لیژنەی رووبەڕووبوونەوەی کۆنترۆڵی کۆرۆنا لە پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لە ماوەی یەک مانگدا 10 تووشبووی کۆرۆنا لەو پارێزگایە گیانیان لەدەستداوە و بەو جۆرەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە دەستپێکی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە لە کرماشان مردوون گەیشتووەتە 3 هەزار و 341 کەس.

وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا، بەستنی ماسک، پاکوخاوێنی بەردەوام، پاراستنی مەودا و دوورکەوتنەوە لە قەرەباڵخی لە گرنگترین رێنماییەکانی تایبەت بە رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنان، بەڵام ئێستا خەڵک زۆر بە کەمی پێیانەوە پابەند دەبن.

حامید بەهرامیان دەڵێ: “کۆرۆنا هێشتا کۆتایی نەهاتووە و ئەو کەسانەی 6 مانگ بەسەر وەرگرتنی دوایین قورچکی ڤاکسینی کۆرۆنایاندا تێپەڕیوە، پێویستە قورچکی دیکە وەربگرن.”

سەعید کەریمی، جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران بۆ کاروباری دەرمان، رۆژی 10.04.2023 گوتی، جۆرێکی نوێی کۆرۆنا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تەشەنەی سەندووە کە پێشتر نەبووە و رایگەیاند، ئەو جۆرە زۆر خێرا بڵاو دەبێتەوە، بەڵام وەک جۆرەکانی دیکە کوشندە نییە.

وەزارەتی تەندروستیی ئێران یەکەمجار رۆژی 18ی مانگی دووی ساڵی 2020 بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای لە ئێراندا پشتڕاستکردەوە.

بەپێی راپۆرتی وەزارەت تەندروستیی ئێران، لەو کاتەوە تووشبوونی 7 ملیۆن و 598 هەزار تۆمار کراوە و 145 هەزار و 534 تووشبووش مردوون.