ماكوان عێزەت – ههولێر
هەندێ کەس بە پێچەوانەی ڕێنماییە پزیشكییەكان ڕۆژوو دەگرن، ئەمەش بە گوتەی پزیشكان نەیانتوانیوە سوودی تەندروستی لەم مانگە وەربگرن.
د. ئازاد مەنتك پسپۆڕی نەخۆشییەكانی دڵ و هەناو، ئاماژەی بەوە دەدات، هەروەكچۆن لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام باس لەوە كراوە ئەوانەی بە گوێرەی ڕێنماییەكان بەڕۆژوو نابن تەنها برسیەتی و ماندوویەتییان بۆ دەمێنێتەوە و هیچ خێرێكیان پێ ناگات، بە هەمان شێوەش، لە ڕووی تەندروستییەوە هەمان دۆخە چونکە کەسەکە بە گوێرەی ڕێنماییەکان بەڕۆژوو نەبووە.
د. ئازاد مەنتك ڕوونی دەكاتەوە كە: لەم بیست ساڵەی دوایی و بەتایبەت لەو كاتەی پێ ناوەتە ناو سەدەی بیستویەک بەشێكی خەڵك، كە بەڕۆژوو دەبێت بەڵام هیچ سوودێکی تەندروستیی ڕۆژوویان پێ نابڕێت.
د. ئازاد مەنتك لە بارەی ئەو جۆرە كەسانەوە بە چوار خاڵ ڕوونی دەكاتەوە:
١. خەو/ گۆڕینی کاتی خەو زۆر گرفتێکی گەورەیە! کە، زیاتر ئەو خووە لەناو عەرەب بۆمان هات؟! هەتا سبەینێ دادەنیشن و چێشتان لێی دەنوون هەتا نزیکی عەسرێ؟! جار و بار هەیە نوێژێ نیوەڕۆیشیان لێ دەڕوا. ڕۆژوو بۆ ڕاهێنانەوەی کاتژمێری بایۆلۆجی ناو لەشە نەک تەواو تێکدانی.
٢. خۆراک/ زۆرخۆری و چڵێسی و هتد! ڕۆژووگرتن بۆ ئەوەیه بتوانین سووڕی “کریپس” چالاک بکەین نەک تێکدانی.
٣. وەرزش/ پێویستە ڕۆژووگر خەیاڵی هەر لە لای پاڵدانەوە و بەڕێکردنی ڕۆژووەكانی نەبێت چونکە مانگی ڕەمەزان ڕاهێنانەوەی جەستە و بیر و ئابووری و لایەنی کۆمەڵایەتییە، نەک پێچەوانه.
٤. کار و کردەوە و ئیش/ کورد لەمێژە، گۆتیتی (گوتوویەتی): ئیشکەری خۆتی، خۆشەویستی خەڵکیت! ڕەمەزان بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکان هاتووە نەک تەمبەڵی.