چۆن جەژنێكی بێوەی بەڕێ بكەین

ماكوان عێزەت – هه‌ولێر

د. عومەر حەمەغالب عەزیز پسپۆڕی وردی نەشتەرگەری هەرس و جگەر دەربارەی خۆئامادەكردن بۆ كۆتاییهاتن بە ڕۆژووگرتن و گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی و خواردنی سێ ژەمە چەند ڕێنماییەک دەخاتە ڕوو.

د. عومەر حەمەغالب عەزیز ڕوونی دەكاتەوە كە سەرەتا پێویستە ئەوە بزانرێت پاش ئەوەی كە مانگێك ڕۆژووگران خۆیان لە خواردن و خواردنەوەی ڕۆژ بەدوور گرت بۆ ماوەی زیاتر لە ١٤ سەعات، ڕاهێنانەوەی كۆئەندامی گەدە و هەرسی دەوێت تاوەك بتواندرێت لە ڕۆژانی جەژن بە تەندروستی و سەلامەتی بەڕێ بكەن.
د. عومەر حەمەغالب دەشڵێت: هەروەك ڕوونە لە دوای ڕەمەزان بۆ ئەوەی بەدوور بین لە بەدهەرسی و ئازاری گەدە و ڕشانەوە و دڵتێكهەڵچوون، گەدە و كۆئەندامی هەرس پێویستی بە ڕاهێنانەوە هەیە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر سێ ژەمی خواردن.
ئەو پزیشكە پسپۆڕە دەشڵێت: هەر لە سەرەتای بەربانگ كە بەیانییەكەی زوو جەژنی ڕەمەزانە و بەڕۆژوو نابین، بۆیە باشترە هەر لەو ئێوارەی كە زانیمان بەیانییەكەی جەژنە، خواردنێكی كەم و سووک بخۆین، بەمەش خواردنێكی تەندروستی كەم چەور و کەم كاربۆهیدرات بخۆین، تاوەك بەیانییەكەی گەدە بتواننێت خواردنی تر قبووڵ بكات و بە ئاسانی توانای هەرسكردنی هەبێت.
جەژن بە هۆی ئەوەی بۆنەیەكی كۆمەڵایەتی و هەم ئایینییە، خواردن و خواردنەوەی زۆری تێدا دەبێت لە هەمانكاتیشدا گەڕان و سەردانیكردنی تێدا دەبێت بەو هۆیەشەوە لە شوێنانی تریش خواردن و شیرینیت پێشكەش دەكەن، باشتر وایە ئەگەر برسیت نەبێت لە ڕۆژی یەكەمی جەژن خواردن نەخۆیت، چونكە مەرج نییە هەر خواردن دابنرێت بیخۆیت، تاوەك بتوانین بەدوور بین لە تێكچوونی گەدە.
دکتۆر عومەر حەمەغالب عەزیز دەشڵێت: لە ڕۆژانی جەژن ئەو خواردنانەی كە هەیە (كاربۆهیدرات، چەوری، پرۆتین) دەتوانی بیخۆیت، بەڵام باشتر وایە كە هەرسێكیان بە ڕێژەیەكی كەم بخۆیت، بۆ بەیانییەكەی باشترە كە نەخۆیت، ئەگەر خواردیشت باشترە ئەوكاتە بیخۆیت كە هەست بە برسیەتی دەكەیت، هەروەها هەوڵ بدرێت لە شیرینی و شەربەتی دەستكرد و خواردنەوە گازییەكان خۆتان بەدور بگرن و ئەگەریش هەر خواردتان، كەم بخۆن، تاوەك دوچاری گرفت و ئازاری هەرس و گەدە نەبن.
دکتۆر عومەر حەمەغالب لە كۆتاییشدا گوتی: ئەم بەخۆدوورگرتنەشمان هۆكار بۆ ئەوەی كە تەندروستیمان پارێزراو بێت و نەبینە هۆی بارگرانی بۆ نەخۆشخانەكان و كەسەكانمان، پارێزگاریكردنیشە لە تەندروستیمان.