ماكوان عێزەت – ههولێر
لە پاڵ ئەركە ئایینیەكەی و جێبەجێكردنی فەرزی ڕۆژووگرتن، هاتنی مانگی ڕەمەزان و رۆژووگرتن، چەندین سوودی هەیە بۆ تەندروستیی مرۆڤ.
د. کامەران ڕەسوڵ ژاژڵەیی، پسپۆڕی زانستی خۆراک لە بارەی سوودی ڕۆژوو ڕوونی دەكاتەوە كە ڕۆژوو سوودی بۆ چارەسەری بەشێکی زۆری کێشەکانی کۆئەندامی هەرس هەیە، ئەمەش لە ڕێگەی پێدانی پشوویەکە بۆ کۆئەندامی هەرس و کەمکردنەوەی ئەنزایمەکانی هەرسکردن و یارمەتیدانی هاوسەنگڕاگرتنی شلەکانی ناو جەستە، هاوكات بۆ بەهێزکردنی تەندروستی دڵ و بۆڕییەکانی خوێن لە ڕێگای دابەزاندنی چەوری سیانی و کولیسترۆڵی خراپ لە خوێن و دابەزاندنی فشاری خوێن سوودی هەیە.
د. کامەران ژاژڵەیی دەشڵێت: ڕۆژوو هۆكارێكە بۆ پاكکردنەوەی جەستە لە ماددە ژەهراوەییەکان و بەهێزکردنی تەندروستی جگەر و کۆئەندامی بەرگریی لەش و خۆپاراستن لە هەوکردن.
لە لایەن خۆیشیەوە د. یوسف خەتێ پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هۆرمۆنی ئاماژە بەوە دەدات كە لەم مانگەدا زۆر باشە ئەگەر وا بكەین سوودی تەندروستیی لێ ببینین، تەنیا تۆزێ لە شیرینیە دەستكردەكان دەستمان بكێشینەوە، لە زێدەخۆری ئاگاداری خۆمان بین، بتوانین جەستەمان لە ژێردەستی خۆمان بێت نەك بە پێچەوانەوە. جگە لەوەش لە وەرزش و جووڵە نەوەستین ئەگەر بە شەویشدا بێت، بیكەینە مانگی تەندروستیی گیانی و جەستەیی.
هەر بۆیە هەركەسێك نەخۆشی درێژخایەنی كاریگەری هەبێت دەتوانێت بەڕۆژو نەبێت، بەڵام ئەگەر ڕۆژانە دەرزی هەبوو ئەوە هەر نابێت بەڕۆژو بێت.
ئەوانەی تایان لێیە، سكچوون یان ڕشانەوەیان هەیە، حەبیان هەیە كە دەبێت ڕۆژێ سێ جار بیخۆن، ئەوانە هیچیان نابێت بەڕۆژوو ببن.
ئەو پزیشكە دەشڵێت بەڕۆژووبوون كاتێك سوودی تەندروستی هەیە ئەگەر خواردن بە تەندروستی بمێنێتەوە، بەڵام ئەگەر خواردن زۆر پڕ كالۆری بوو، یان شیرینی و چەوریەکەی زۆر بوو ئەوا مانگی ڕەمەزان بە زیانی تەندروستی تەواو دەبێت.