مانگی هۆشیاری لەسەر شێرپەنجەی كۆڵۆن

شێرپەنجەی قۆڵۆن حاڵەتێكە تووشی كۆتایین بەشی ڕیخۆڵە ئەستورە دەبێت؛ پزیشکان دڵنیا نین کە هۆکاری زۆربەی شێرپەنجەکانی قۆڵۆن چییە.

بەگشتی شێرپەنجەی قۆڵۆن کاتێک دەست پێدەکات کە خانە ساغەکانی ناو قۆڵۆن گۆڕانکاری لە DNA یاندا دروست دەبێت. 

خانە تەندروستەکان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک گەشە دەکەن و دابەش دەبن بۆ ئەوەی جەستەت بە شێوەیەکی ئاسایی کار بکات، بەڵام کاتێک DNA ی خانەیەک تێک دەچێت و دەبێتە شێرپەنجە، خانەکان بەردەوام دەبن لە دابەشبوون — تەنانەت کاتێک خانە نوێیەکان پێویستیان بە دابەشبوون نییە. لەگەڵ کۆبوونەوەی خانەکان، وەرەمێک دروست دەکەن.

بە تێپەڕبوونی کات، خانە شێرپەنجەییەکان دەتوانن گەشە بکەن و شانە ئاساییە نزیکەکانی خۆیان داگیر دەکەن و لەناویان دەبەن و، خانە شێرپەنجەییەکانی قۆڵۆن دەتوانن بۆ بەشەکانی تری لەش بگوازنەوە و خانەی شێرپەنجەیی دروست بکەن.

هۆکارە مەترسیدارەکان:

ئەو هۆکارانەی کە ڕەنگە مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی قۆڵۆن زیاد بکەن بریتین لە:

* هەڵکشانی تەمەن؛ شێرپەنجەی قۆڵۆن رەنگە لە هەر تەمەنێکدا دەستنیشان بکرێت، بەڵام زۆرینەی ئەو کەسانەی شێرپەنجەی قۆڵۆنیان هەیە تەمەنیان لە سەرووی ٥٠ ساڵانەوەیە، هەرچەندە ئێستاکە ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجەی قۆڵۆن لە کەسانی خوار تەمەنی ٥٠ ساڵانیشدا زیادی کردووە.

ئەگەر کەسێک پێشتر تووشی شێرپەنجەی قۆڵۆن بووبێت یان پۆلیپی قۆڵۆن کە شێرپەنجەیی نییە، ئەوا لە داهاتوودا ئەگەری تووشبوونی بە شێرپەنجەی قۆڵۆن زیاترە.

* حاڵەتی هەوکردنی ڕیخۆڵە؛ نەخۆشییە درێژخایەنەکانی هەوکردنی قۆڵۆن، وەک هەوکردنی برینی قۆڵۆن، ئەگەری تووشبوونت بە شێرپەنجەی قۆڵۆن زیاد دەکات.

* نیشانە بۆماوەییەکان کە مەترسیی شێرپەنجەی قۆڵۆن زیاد دەکەن. هەندێک گۆڕانکاری جینی کە بە نەوەکانی خێزانێکدا تێدەپەڕێت، دەتوانێت مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی قۆڵۆن بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات. 

* خۆراکی کەم ڕیشاڵ و چەوراتیی زۆر، مەترسی تووشبوون بە شێرچەنجەی قۆڵۆن زیاد دەکەن.

* ئەو کەسانەی کە ناچالاکن، ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی قۆڵۆن زیاترە. ئەنجامدانی چالاکیی جەستەیی بەردەوام لەوانەیە مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی قۆڵۆن کەم بکاتەوە. 

* شەکرە؛ ئەو کەسانەی نەخۆشینی شەکرە یان بەرگریی ئەنسۆلینیان هەیە ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی قۆڵۆن زیاتر دەبێت.

* قەڵەوی؛ ئەو کەسانەی قەڵەون ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی قۆڵۆن زیاترە و ئەگەری مردنیان بە شێرپەنجەی قۆڵۆن زیاترە کاتێک بەراورد دەکرێن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە کێشیان بە ئاسایی دادەنرێت.

جگەرەکێشان و خواردنەوە کحولییەکان.

*چارەسەر بە تیشک؛ ئەو تیشکە بۆ چارەسەری شێرپەنجە ئاراستەی سک دەکرێت  ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی قۆڵۆن زیاد دەکات.