بە ڕاوێژ بە پزیشک، مەهێڵە كێشت زیاد بێت

زیادبوونی كێش و قەڵەویی تەنیا پەیوەندی نییە بەكۆنترۆڵ نەكردنی خواردن، هەروەك ئەوەی لە نێو زۆری خەڵك باوە، جگە لە زۆر خۆری و نەوسنی كۆمەلێك هۆكاری دیكەیش لەپشت قەڵەوین.

قەڵەوی ئێستا لە هەموو جیهاندا بە نەخۆشی دەناسرێت بۆ چارەسەرکردنیشی پێویستی بە پشکنینی تەواو هەیە، لە ڕووی جەستەیی و دەروونییشەوە لەگەڵ ڕەچاوکردنی بۆماوەیی و ئەو ژینگەیەی لێی گەورە بووە و ئێستا تیایدا دەژیێت.

کەڵەکەبوونی چەوری و ورگهێنان یەکێکە لە گرفتە باوەکان لەنێوانی هەردوو ڕەگەزدا، بە هۆی كەڵەكەبوونی چەورییشەوە، كەسەكە دەبێتە خاوەنی جەستەیەكی ناڕێك و لە هەمانكاتیشدا هۆكار دەبێت بۆ دروستبوونی چەندین نەخۆشی لە جەستە.

خانم دکتۆر بینایی کامەران پسپۆڕی زانستی خۆراك ڕوونی دەكاتەوە كە: قەڵەوداگەڕان چەند هۆكارێکی هەیە؛ لەوانە:

یەکەم/ شەکر، شیرینی، خواردن (لەفە، سەمون، نان)، شیر و میوەی زۆر لە شەودا.

دوەم/ خەم و دڵەڕاوکێ و سترێس و بیركردنەوەی زۆر، دانیشتنی بەردەوام و درەنگخەوتن.

سێیەم/ هەندێ دەرمان و چارەسەر وەك، حەبی دابەزاندنی فشارخوێن ( زەخت)، حەبی هەستیاری، ئازار، دەرزیلەی ڕێگری لە منداڵبوون “مەنع”.

 چوارەم/ خواردنەوەکان، وەك شەربەت، خواردنەوه گازیەكان، بیره، ماستاو، دۆ.

پێنجەم/ با و هەوكردنی ریخۆڵه و قەبزی.

د. سەعید عوسمان پزیشكی پسپۆڕی هەنا و دڵ، ڕوونی دەكاتەوە كە قەڵەوی، كێشەیەكی بەر بڵاوە ژمارەیەكی زۆری خەڵک تووشی بوون، بە گوێرەی پێشبینییەكانیش بەرەو زۆربوون دەڕوات، لەسەر ئاستی هەموو دنیاش ڕێژەیەكی زۆری خەڵك تووشی بوون، هەرچەندە لە هەرێمی كوردستان ئامارێكی ئەو تۆییمان لە بەردەست نییە، قەڵەوی زیاد بوونی چەوری و بەزە لە لەشی كەسەكە، بەڕادەیەك كە بەزەكە وادەكات كاریگەری نەرێنی هەبێت لەسەر كەسەكە.

د. پروشە شوان پزیشکی پسپۆڕی خۆراک و کێش و

 قەڵەوی جەخت دەكاتەوە كە قەڵەوی وەک هەموو نەخۆشییەکی تر پێویستی بە دەستنیشانکردن و چارەسەرکردن هەیە. 

د. پروشە شوان ڕوونی  دەكاتەوە كە قەڵەوی نەخۆشییەکە چەندەها نەخۆشی مەترسیدار و درێژخایەن بە دوای خۆیدا دێنێت. هەر بۆیە زۆر جار لە كاتی چارەسەر كردنی قەلچەویەكەت دەبیتە هۆی ڕێگری لە چەندین نەخۆشی تر.

د. پروشە شوان دەشڵێت: لە هەمووی گرنگتر ئەبێت ئەوە بزانین کە پێویستە پاڵپشتی ئەو کەسانە بین کە ئەم نەخۆشینەیان هەیە و بە چاوی لۆمەوە لێیان نەڕوانین؛ یارمەتیەکی تەواویان بدەین لە ڕێکارەکانی چارەسەر؛ بۆیە ئێمەی پزیشکان هەمیشە ئامۆژگاری هاوڵاتیان  ئەکەین بە:

 ٭ پەیڕەوکردنی شێوازی ژیانێکی بێوەی (تەندروست).

 ٭ خواردنی خۆراکی بێوەی. 

 ٭ دوورکەوتنەوە لە خواردنی بەردەوامی شیرینی وخواردنی حازربەدەستخێراکان .

٭ ڕێکخستن و هەمەجۆرکردنی ژەمەکان.

٭ زیادکردنی جوڵەی ڕۆژانە. 

٭ ڕێککردنەوەی خەو.

٭  باشترکردنی ئارامی دەروونی کە سەرەکیترین خاڵەکانی خۆپارێزی وچارەسەری نەخۆشییەکانی ئەم سەردەمەن بە تایبەتی قەڵەوی.