سەرقاڵییەکانی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ و ئەو هەموو کارە رۆژانە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، مێشک جەنجاڵ دەکەن و دەیخەنە بارێکەوە کە زۆرجار سەرەتاییترین شتەکانی ژیانی ڕۆژانە لەبیر دەکەین و شاره‌زایانی بواری مێشك و ده‌روونیش ڕوونی دەکەنەوە، مرۆڤ كاتێك دەکەوێتە ژێر پاڵەپەستۆی ده‌روونییەوە، تۆڕی زاكیره‌ی ده‌شێوێت، یه‌كێک له‌و شێواویەش لهبیرچوونهوهیە.
جیا لەمانەش لێکۆڵینەوە زانستییەکان دەریانخستووە، هۆكاره ئابووری و کێشە خێزانییەکان و خەمۆکی و بیركردنه‌وه‌ی بێ‌ئامانج، دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆ لەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤ.
لە ڕووی تەندروستیشەوە، توێژینەوە پزیشكییەكان دەریانخستووە، هۆكارەكانی زوو لەبیرچوون بریتین لە: كەمخوێنی، بەکارهێنانی هەندێک دەرمان وەک دژە خەمۆکی، کەمیی ڤیتامین B1 وB12، بەرزی ئاستی کالسیۆم لە خوێندا، سستی و تەمبەڵیی تایرۆئید و زۆر خواردنەوەی ماددە کحولییەکان، کەمخەوی و خەوزڕان لەبەر هۆكارە دەروونییەكان و خەوزڕان لەبەر ئازار یان هەر هۆكاریکی تر دەبێتە ئەگەری زوو لەبیرچوونەوە.
کاتێک لەبیرچوونەوە زۆر درێژە بکێشێت دەبێتە نەخۆشی و بەپێی ئاماری رێکخراوی تەندروستیی جیهانییش، ئێستا لە جیهاندا زیاتر له ٣٥ملیۆن كه‌س گیرۆده‌ی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ن هەروەها رێکخراوەکە پێشبینی دەکات تا ساڵی ٢٠٣٠ ژماره‌كه بەرز بێتەوە و بگاتە ٦٦ملیۆن كه‌س.
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند: هاوشێوه‌ی هه‌موو جیهان، له هه‌رێمی كوردستانیشدا نەخۆشیی لەبیرچوونەوە هه‌یه. بەڵام هیچ ئامارێكی فه‌رمی له‌مباره‌یه‌وه لە بەردەستی وەزارەتەکەیاندا نییە.
خاڵس قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی وتی “ئامارمان لەبەردەستدا نییە، كه چه‌ند كه‌س تووشی ئه‌و نه‌خۆشییه بوون، به‌ڵام له نه‌خۆشخانه‌كاندا چاره‌سه‌ری پزیشكی و ده‌روونیی هه‌یه بۆ ئەوانەی توشی ئەم نەخۆشییە دەبن”.
د. یوسف عوسمان، پسپۆڕی ده‌روونناسی باس لەوە دەکات کە له‌بیرچوونه‌وه به‌پێی ته‌مه‌ن ده‌گۆڕێت، ئه‌وانه‌ی تەمەنیان بەرەو سەرەوە دەچێت، تووشی له‌بیرچوونه‌وه‌ی پیری ده‌بن، گه‌ر درێژه بكێشێت ده‌بێته نیمچه زه‌هایمه‌ر.” وتیشی؛ پیاوان زیاتر توشی لەبیرچوونەوە دەبن بە بەراورد بە ژنان، هۆکارەکەشی ئەوەیە پیاوان فشاری ده‌روونیان زیاتر دەکەوێتەسهر بەو پێیەی بەرپرسیاریەتیەکی زیاتریان لەسەرە وەک لە ژنان.
به‌پێی رێنماییه پزیشكیه‌كان كه‌سی ئاسایی، كه هیچ كێشه‌یه‌كی نه‌بێت، ڕه‌نگه ٢ تا ٥٪ی شتەکانی بیر بچێته‌وه. ئه‌وه‌ش حاڵه‌تێكی ئاساییە. به‌ڵام كه كێشه و گرفتێكی هه‌بێت ئه‌وكات به‌هۆی فشاری ده‌روونی له خوێندنه‌وه‌ی ده‌قێكی ١٠٠ وشه‌ییدا ٤٠٪ بۆ ٦٠٪ی وشه‌كانی بیر ده‌چێته‌وه.
د. یوسف عوسمان سەبارەت بە بیرچوونەوە لای منداڵ وتی: “منداڵ كاتێك شتی بیر ده‌چێته‌وه، کە حه‌زی پێ نەکات، كارێك كه پێی خۆش نییه خیە (ته‌ركیز) ناخاته سه‌ری، بۆیه بیری ده‌چێته‌وه، بۆ نموونه له قوتابخانه كه بابه‌تی وانه‌كانی بیر ده‌چێته‌وه هی ئەوەیە بە دڵی نەبووە“.
به وته‌ی پزیشكان ئێستاکە یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كیه‌كانی بیرچوونه‌وه، زیاد بەکارهێنانی ته‌كنه‌لۆژیایە کە كاریگه‌ری زۆری دروستكردووه له‌سه‌ر مێشكی مرۆڤ، چونكه مێشك ماندوو ده‌كات، بەو پێیەش کە مرۆڤ ئێستا زۆرینەی کارەکانی لەڕێگەی تەکنەلۆجیاوە بەڕێدەکات بۆیەش ئەم حاڵەتە زۆر بووە و مێشک ماندووە و نایپه‌رژێته سه‌ر كرداری ئه‌قڵی دووه‌م و ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی زوو له بیرچوونه‌وه.
لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە مەشقی وەرزشی یارمەتیدەرە بۆ تیژبوونی وەبیرهاتنەوە بەوەی كە بڕێكی باشتری ئۆكسجین بۆ شانەكانی مێشك دابین دەكات و میتابۆلیزمی شەكری گلۆكۆز ڕێک دەخات كە زۆر پێویستن بۆ چالاكبوونی فرمانی خانەكانی مێشك. هاوکات ڕێنماییی پسپۆڕانی ته‌ندروستی ئه‌وه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی مێشك به‌ئاگا بێت، پێویستە په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به‌هێز بكرێن و کاتی زیاتریان بۆ تەرخان بکرێت.