نزیکەی ٨٠٪ ئافرەتان دوای زەیسانی، تووشی خەمۆکی دەبن

پەشێوییەکانی پاش زەیسانی (منداڵبوون)، لە بەشێك لە ئافرەتان ڕوو دەدات، پزیشكانیش ئامۆژگاری دایكان و كەسوكاری ئەو ئافرەتانە دەكەن كە تازە منداڵیان بووە ئاگاداری دۆخی دەروونییان بن.

ھەستکردن بە دڵتەنگی و گریان، کەمبونەوەی ئارەزووی خواردن، بێخەوی و خەوی ناخۆش، کەمبوونەوەی تەرکیز و لاوازی توانای بڕیاردان، بیركردنەەی سلبیانە سەبارەت بە خۆی کە ناتوانێت بایەخ بدات بە کۆرپەکەی لە نیشانەكانی خەمۆكی دوای زەیسانیە.

دکتۆرە چرۆ حسەین پزیشکی نەشتەرگەری و پسپۆڕی ژنان و زەیسانی (منداڵبوون) و نەزۆکی لە بارەی خەمۆكی دوای منداڵبوون گوتی: ئافرەتان لە دوای منداڵبوون بە کۆمەڵێک گۆڕانکاری دەروونی و جەستەییدا تێپەڕ دەبن، کە پێویستە لەسەریان زانیاری تەواوەتیان لەسەر هەبێت بۆ ئەوەی لایەنی دەروونی و جەستەییان بە تەندروستی بمێنێتەوە.

پێویستە دایكان بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە نوێیە بكەن، جگە لەوەش لەسەر كەسوكاریان پێویستە ئاگاداری باری دەروونیی ئافرەتەكە بن.

دکتۆرە چرۆ حسەین لە چەند خاڵێكدا ئامۆژگاری هەیە بۆ ئافرەتان:

1. پشوودان: زەیسانی و منداڵبوون پڕۆسەیەکە کە دایکەکە ماندوو دەکات، بۆیە پێویستیان بە پشوودانە لە دوای زەیسانی؛ ئەم پشووە یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی ئازار و زوو چاکبوونەوە.

2. پەیڕەوکردنی سیستەمی خۆراکی تەندروست: خۆراکی تەندروست ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە تەندروستی خانمان لە دوای منداڵبوون؛ بۆیە پێویستە پەیڕەوی ئەو سیستەمە خۆراکیانە بکەن کە دەوڵەمەندە بە دانەوێڵە، سەوزە، میوە و پڕۆتین، هەروەها پێویستە بڕێکی باش شلەمەنی بخۆن ئەگەرهاتو شیریان دا بە منداڵەکەیان.

3. دوورکەوتنەوە لە هەڵگرتنی قورسایی: پێویستە خانمان لە دوای منداڵبوون دوور بکەونەوە لە هەڵگرتنی قورسایی، چونکە هەڵگرتنی قورسایی ئەگەر داخزانی منداڵدان زیاد دەکات لە دوای منداڵبوون.

4. ڕێگری لە ڕەق دادگەڕانی مەمک: دەبێت گرنگی بە تەندروستیی مەمک بدرێت لە دوای منداڵبوون، وا باشترە خانمان مەمکیان بە پەڕۆیەکی تۆزێک گەرم داببۆشن بۆ ئەوەی مەمکیان ڕەق دانەگەڕێ و ژان نەگرێ.

5. وەرزشکردن: ئەنجامدانی وەرزش لە دوای منداڵبوون گرنگە بۆ تەندروستی دایکەکە بەڵام نابێت وەرزشەکە قورس بێت.

دکتۆرە چرۆ حسەین لە كۆتایی گوتەكانیدا ئامۆژگاری ئافرەتان دەكات بەوەی كە گرنگی بە تەندرووستی دەروونییان بدەن چونكە لەگەڵ ئەوەی کە خانمان بە گۆڕانکاری جەستەییدا تێپەڕ دەبن بە کۆمەڵێک گۆڕانکاری دەروونیشدا تێپەڕدەبن کە دیارترین کێشەی دەروونی کە تووشی خانمان دەبێتەوە لە دوای لە دایکبوون بریتییە لە خەمۆکی دوای منداڵبوون، کە نزیکەی ٨٠٪ خانمان تووشی دەبن و ماوەی ئەم خەمۆکییە لە خانمێکەوە بۆ خانمێکی تر دەگۆڕێت وە دەتوانرێت چارەسەر بکرێت بە وەرگرتنی دەرمانی دژەخەمۆکی یان سەردانکردنی پزیشکی دەروونیی پسپۆڕ.