مستەفا مەحەمەد مستەفا – هەولێر
ئەم نەخۆشییە ناوە زانستییەکەى mite sarcopes scabiei var haminis جۆرە نەخۆشییەکى پێستیە، ناسراوە بە نەخۆشینی (جەرەب) تووشى مرۆڤ دەبێت، لە ڕێگەى زیندەوەرێکى زۆر بچووکی مشەخۆرە لەسەر جەستەى مرۆڤ، قەبارەکەى دەگاتە 0.5 mm میکرۆمیتەر هۆکارى سەرەکیى تووشبوون بەم نەخۆشیە دەگەڕێتەوە بۆ پیسبوونى شوێنەکە.
ئەم جۆرە نەخۆشییە لە جۆرى نەخۆشییە گوازراوەکانە، لە ماوەى ١٥ خولەکدا لە کەسى تووشبوو دەگوازرێتەوە بۆ کەسێکى تر، بە تایبەتى لەناو بەندیخانەکاندا ئەم جۆرە نەخۆشیە زۆر بە ئاسانى دەگوازرێتەوە لە نێوان بەندکراواندا بە هۆى تێکەڵاوى و بەرکەوتن لەگەڵ یەکتردا؛ هەروەها لە شوێنە گشتیەکاندا وەکو نەخۆشخانە و میوانخانە و گەرماوى بازاڕ و ساوناکان لە کەسى تووشبوو لەم شوێنانە ئاسانتر دەگوازرێتەوە بۆ کەسێکى تر؛ لە ڕێگەى تۆقەکردن و باوەش بە یەکدا کردن و جلوبەرگ و چەرچەف و بەرگە سەرین و خاولى و بەتانیە و لیفکە.
لەسەرەتاى تووشبوون بەم نەخۆشیە ئەم زیندەوەرە لە ڕێگەى دەست و پێ و کەلێنى پەنجەکانەوە دەڕوات بەرەو بەشەکانى ترى جەستە بەتایبەتى بنباڵ و دەوروبەرى کۆئەندامى زاوزێ دەگرێتەوە بەڵام ئەم نەخۆشییە بەشەکانى دەم و چاو و ناو پێستى سەر ناگرێتەوە.
سوورى ژیانى ئەم زیندەوەرە لەسەر جەستەى مرۆڤدا
ئەم زیندەوەرە لە دواى ئەوەى کە تووشى مرۆڤ دەبێت لە ماوەى ٢١ ڕۆژدا دەست بە گەرادانان دەکات و، پاشان وردەوردە نەخۆشییەکە تەشەنە دەکات لەسەر جەستەى مرۆڤ؛ نێر و مێ، دواى جووتبوونیان لە ماوەى یەک ڕۆژدا نێرەکەیان دەمرێت، مێیەکە دەمێنێت لە دواى دوو ڕۆژ مێیەکە زاوزێ دەکات لە ڕێگەى کونیلەکانى پێستى مرۆڤ بە درێژى ٥ تا ٨ ملم دەچێتە ژێر پێست، لە ڕۆژێکدا ٢ تا ٣ گەرا دادەنێ لە ژێر پێست، بە تایبەتى لەکاتى شەواندا لە ماوەى ١٠ ڕۆژدا ١٠ تا ٢٥ گەرا دادەنێ، ئامادەیان دەکات بۆ تروکاندن ، لە دواى ٣ رۆژ گەراکان بە هۆى گونجانى پلەى گەرمى لەشى مرۆڤ لە ژێر پێست دەترووکێن؛ بێچووەکان لە دواى ١٤ ڕۆژ پێدەگەن و ئامادە دەبن بۆ جووتبوون.
سووڕى ژیان؛ مێیەکە تەنها ١ مانگ دەژیێت لە ماوەى ئەم مانگەدا ١٠ تا ٢٥ گەرا دادەنێ و، لە پاشان دەمرێت.
نیشانەکانى ئەم نەخۆشییە لەسەر جەستەى مرۆڤدا
لەکاتى تووشبوون بەم نەخۆشییە کەسى تووشبوو کەمێک هەست بە گەرمداگەڕانى لەش دەکات.
خورانێکى زۆر لە چەند شوێنێکى جەستە لە یەک کاتدا، بە تایبەتى لە شەواندا چونکە ئەم زیندەوەرە لەم کاتەدا دەست بە گەرادانان دەکات لە ژێر پێست.
دەرکەوتنى هێڵی سپى لەسەر پێست بە درێژى ٥ تا ٨ ملم بە شێوەى هێڵی ڕاست یان پێچاوپێچ دەردەکەوێت.
دروستبوونى برین لەسەر پێست لە ئەنجامى زۆر خوراندنى شوێنەکە.
هەوکردنى شوێنى برینەکە.
بێزارکەوتنی کەسى تووشبوو بە تایبەتى لەکاتى شەواندا بەهۆى زۆر خورانى شوێنەکە.
پۆقلەکردنى پێستى کەسى تووشبوو لە ئەنجامى لاوەکیى نەخۆشییەکە.
تێبینى: ئەگەرهاتو ئەم نەخۆشییە چارەسەر نەکرێت دەبێتە هۆى نەخۆشینى گورچیلە.
خۆپاراستن لەم نەخۆشییە
گرینگیدان بە پاکوخاوێنى بەندیخانەکان.
گرینگیدان بە پاکوخاوێنى شوێنە گشتیەکان.
دوورکەوتنەوە لە کەسى تووشبوو.
جیاکردنەوەى کەلووپەلى کەسى تووشبوو وەک جلوبەرگ و چەرچەف و بەرگەسەرین و بەتانی و خاولى و لیفکە.
شۆردنى کەلوپەلى کەسى تووشبوو بە ئاوى گەرم و دانە بەر تیشکى خۆر بۆ ماوەى یەک هەفتە.
جیاکرنەوەى کەسى تووشبوو لە خەڵکى تر تاکو چارەسەر وەردەگرێت لەلایەن پزیشکى پسپۆڕ.
دوورکەوتنەوە لە تۆقەکردن و باوەش بەخۆگرتن لە کەسى تووشبوو.
دوورکەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵغ.
تێبینى:
هیوادارم لە ڕێگەى خوێندنەوەى ئەم بابەتەم لایەنى پەیوەندیدار ئاگادار بن هەردەم لەبارەى ڕەوشى بەندکراوان و گرینگیدانی زیاتر بە پاکوخاوێنى ناو بەندیخانەکان لە هەرێمى کوردستان و، فراوانکردنى شوێنى حەوانەوەیان ، بۆ ڕێگەگرتن و کەمکردنەوەى ئەم جۆرە نەخۆشیە گوازراوانە لە ناو کۆمەڵگەدا؛ لەبەر ئەوەى ئەم نەخۆشییە ئیستا لە هەرێمى کوردستاندا زۆر بڵاوە سەرچاوەى سەرەکى تووشبوون بە جۆرە نەخۆشییە دەگەڕێتەوە بۆ کەسانى بەندکراو، جا لە ڕێگەى سەردانکردنیان بێت لە بەندیخانەکان یان لە ڕۆژى دادگاییکردنیان بێت بۆ دادگاکان یاخود لە کاتى ئازادکردنیان بێت لە بەندیخانە.