دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

د. بێستون عومەر: با دایک و باوک سەرنجی چاوی منداڵەکەیان بدەن و، هەر گومانێکیان هەبوو، دەبێ زوو بیبەنە لای پزیشکی پسپۆڕی چاو

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

پشكنینی چاو، پشكنینێکی هەرە پێویستە كە دەبێ بۆ منداڵان بكرێت؛ ئەگەر هەر گومانێک لە ناڕێكی چاوی منداڵ هەبێ، پێویستە بەبێ پشتگوێخستن ڕەوانەی پزیشکی چاو بكرێت.

پێویستە پزیشکی منداڵان یان پزیشکی خێزانی لە کاتی پشکنینی ئاسایی تەندروستیی منداڵ هەموو فەرمانەکانی بینین بۆ منداڵ هەر لە سەرتاوە بکرێت؛ خێلی، تەمبەڵی، چاوگێڕی (چاوخواری) و هتد.
ئەگەر گومانت هەبوو منداڵەکەت بینینی باش نییە یان چاوی تەمبەڵە (كە بریتییە لە کزی چاوێک کە بە ڕواڵەت چاوەكە ئاسایی دیارە)، یان نزیکبینی یان دووربینی یان چاوگێڕی. پێویستە بە زووترین کات پزیشکی پسپۆڕی چاو ببینن.
پزیشكانی چاو بە پێویستی دەزانن كە بەر لە چوونی منداڵ بۆ قوتابخانە لە تەمەنی چوار پێنج ساڵان پشکنین بۆ بینین و چاوەکانی بکرێت ئەگەر چی دایك و باوكی منداڵیش هەموو شتێکی منداڵەكەیان بە ڕواڵەت ئاسایی لێ دیار بێت.
د. بێستون عومەر ساڵح پزیشک و پسپۆڕی چاو ڕوونی دەكاتەوە كە منداڵ لەو كاتەی لەدایك دەبێت، کۆئەندامی بینینی هێشتا پێنەگەیشتووە.

منداڵ هەتا پێش لەدایكبوونی، هیچ روناکییەك بەر چاوی نەکەوتووە، بەمەش دەتوانین بڵێین لەگەڵ یەکەم بەرکەوتنی رووناکی بە چاو، ئەو روناکییە دەگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی تایبەت لە مێشکی منداڵەکە و ئەم بەر کەوتنەی رووناکییەش کە هانی گەشەکردن و پێگەیشتنی سیستەمی بینینی منداڵەکە دەدات. بەمەش هەر هۆکارێک یان شێوەیەک رێگر بێت لە چوونە ژوورەوەی رووناکی بۆ ناو چاوی منداڵ و دروستبوونی وێنەیەکی رێک لەسەر تۆڕی چاو و گوازرانەوەی ئەو وێنانە بەبێ گرفت و کێشە بۆ مێشکی منداڵەکە، ئەوا مێشکی منداڵەکە بێبەش دەبێت لە پێگەیشتنێکی وردەوردە لەگەڵ ورووژانی رووناکییەکەدا.
د. بێستون عومەر ئاماژە بەوە دەدات كە پێنج ساڵی یەکەمی تەمەنی منداڵ زۆر هەستیارە بۆ روودانی ئەو گەشە لەسەر خۆیەی سیستەمی بینین.
هەربۆیە چاوێکی کەموکووڕیی هەبێ بۆ نموونە خێل بێ و نەتوانێ وێنەیەکی روون وەک لایەکەی دی بۆ مێشک بگوازێتەوە یان ئاوی سپی زکماک یان هەر دەردێکی دیکەی هەبوو کە لە توانایدا نەبوو وێنەیەکی روون بۆ مێشک بنێرێت، ئەوا مێشک وێنە تەڵخەکە فەرامۆش دەکات و پشت بە وێنەی چاوە باشەکە دەبەستێت. لێرەشەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە كە ئەگەر وێنەی هەردوو چاو لێڵ بوو، ئەوا مێشک هەر ئەوەندە بینینە فێر دەبێت کە ئەو چاوانە بۆی دابین دەکەن و ئەگەر منداڵ تەمەنی ١٠ ساڵانی تێپەڕ کرد، راستکردنەوەی حاڵەتی منداڵەکەش ناتوانێت وێنەکە لە مێشکدا راست بکاتەوە چونکە مێشک لە تەمەنی گەشەکردن دەردەچێت.
د. بێستون عومەر بە گرنگی دەزانێت كە دایک و باوک، سەرنج بدەنە منداڵەکەیان و ئەگەر هەر گومانێکیان هەبوو لە خراپی دیتنی تەنانەت چاوێکیشی، ئەوا سستی نەنوێنن و منداڵەكەیان ببەن بۆ لای پزیشکی پسپۆڕی چاو.
هەروەها بە پێویستیشی دەزانێت كە منداڵ بەر لە چوونەقوتابخانە پشکنینی چاوی بۆ بکرێت و دڵنیا ببنەوە لە بێگرفتیی چاوی منداڵەكەیان. منداڵ بەر لە تەمەنی شەش ساڵی، چاوەکانی لەوانەیە دووربین بێت بەڵام لە تەمەنی شەش و حەوت ساڵانەوە، ئیدی چاوەکانی دەگەنە شەش لەسەر شەش و وەک هی گەورانی لێ دێت.
د. بێستون عومەر گوتیشی: تەمەنی منداڵ چەند بچووك بێت چارەسەری چاوتەمبەڵیەکەی ئاسانترە. چارەسەری چاوتەمبەڵی بە داقوچاندن (داخستن)ـی تەواوی چاوە باشەکە دەبێت بە گوێرەی خشتەیەکی رۆژانە کە پزیشکی پسپۆڕ بۆ منداڵەکەی دادەنێت. داقوچاندنی چاوە باشەکە، چاوەکەی دی هان دەدات بۆ دیتن و بەمەش وردەوردە مێشک دەست دەکاتەوە بە وەرگرتنی وێنە و رەنگ لێوەی.