رێجیمی خۆراكی و وەرزشكردن بە ڕێگاچارەیەك دادەنرێت بۆ دەربازبوون لە قەڵەووی، ئەوانەشی قەڵەون هەمیشە بە شوێن ئەوەوەن كە بە ئاسانی كێشیان دابەزێت.
پزیشكان ڕوونی دەكەنەوە كە مەرج نییە هەموو ئەوانەی كێشیان لە ئاسایی زیاترە، قەڵەو بن. بەڵكو ئەوانەی كە كێشیان زۆرە و قەڵەو نین، لە زۆربەی حاڵەتەكاندا دەتوانن تەنیا بە رێجیم و وەرزش كێشیان رێك بخەن.
خەڵکیکی زۆر لە قەڵەوی و كێشی زیادەی جەستەیان نیگەرانن، هەست دەکەن پێویستە دایبەزێنن، یا کەمی بکەنەوە، ئەمەش بە هۆی ئەوەی بەشێكی زۆر بڕوایان وایە كە قەڵەوی نەخۆشییە، نەخۆشییەکی درێژخایەن کە دەسنیشانکردن و چارەسەری هەیە.
د. یوسف بەهادین پزیشكی پسپۆڕی هەناو جەخت دەكاتەوە كە: “بەڵێ قەڵەوی چارەسەری هەیە”. دەشڵێت: ڕەنگە ئەو کەسانەی کێشی لەشیان زۆرە وایان پێ بگوترێت کە خەتای خۆیانە، یان کەمتەرخەمن لە پارێزکردن، جاری وایش هەیە ئەوان هەست بە کەم و کورتی دەکەن و خۆیان پێ نزمتر بێت یان نەخوازراوتر بێت لەو کەسانەی لەشیان شووشەییە و کێشی لەشیان تەندروستە، ئەوەیش هەڵەیە و ڕوونکردنەوەی بۆ دەکەین. ڕاستییەکەی ئەوەیە قەڵەوی نەخۆشییە و چارەسەری پێویستە، هۆکارەکانی ڕەنگە بۆماوەیی بن، یان هۆرمۆنەکانی لەش تێکچوونیان بەسەردا هاتبێت، یان سستی غودەی دەرەقی و زۆرهەڵکشانی ڕێژەی ستیرۆیدەکان.
زانیار عومەر گەنجێكی تەمەن ٢٨ ساڵانە، ئەو زۆربەی كاتەكانی شەوانی لە شەقامی ئیسكانی شاری هەولێر بەڕێ دەكات، وەك خۆی دەڵێت جگە لەوەی لەگەڵ هاوڕێكانیدا كۆ دەبێتەوە بۆ ئەوەی كاتێكی خۆش بەسەر ببات، لە هەمانكاتدا شەوانە چەندین لەفە و شیرینی دەخوات، ئەمەش بۆ ئەو بووەتە قەڵەوی و ئێستاش خۆی پێ ناگیرێت لە تاو نەخواردنی ئەو لەفە و شیرینیانەدا.
زانیار دەشڵێت لە ماوەی دوو ساڵدا ٢٣ كیلۆ لە لەشی زیاد بووە و هەست بە تەنگەنەفەسی و ماندووبوون و خەواڵوویی دەكات لەوەتەی كێشی زیادی كردوە، زۆر ئارەزووی ئەوە دەكەم بتوانم وەك جاران كێشم كەم بكەمەوە، بەڵام زەحمەتە بتوانم بە ئاسانی بگەم بەم كەمكردنەوەی لەش.
د. یوسف بەهادین ئامۆژگاری بۆ ئەوانە هەیە كە قەڵەون و دەڵێت: چەندەها ڕێگای چارەسەری نەخۆشی قەڵەوی هەیە، لەوانە ئەو دەرمانانەی بەشێوەی حەب دەدرێن وەکو حەبی (Orlistat) کە ڕۆژانە دەکرێت سێ جار پێش خواردن بەکار بهێنرێت بۆ ماوەی شەش مانگ هەتا شەش ساڵ، بە مەرجێک پزیشکی پسپۆڕ بینووسێت.
دەرمانی دیکەی وەکو (Metformin) دەتوانرێت ڕۆژانە دوو جار دوای خواردن بەکار بهێنرێت، هەرچەندە لە FDA ئەپرۆڤی وەرنەگرتووە، بەڵام ئەگەر بە ڕێکوپێکی بەکار بهێنرێت لەگەڵ پارێزکردن و لە ژێر سەرپەرشتی پسپۆڕیدا سوودی زۆری لێ وەردەگیرێت. دەرمانیش هەیە بەشێوەی دەرزی لێ دەدرێت وەکو (Suxenda) و (semaglutide) کە بەڕێژەیەکی بەرچاو کێشی لەش کەم دەکەنەوە، گومان لەوەدا نییە کە وەرزشکردن و کەمکردنەوەی کالۆری و ڕێکخستنی خواردنەکان بەردی بنچینەیی کەمکردنەوەی کێشی لەشن، هەروەها ڕەفتارسازی و گۆڕینی خووەکان و ڕاهاتن ڕۆڵێکی یەکجار گەورەیان هەیە لە دابەزاندنی کێشی لەشدا.
قەڵەوی ئەگەری توشبوون بە هەندێک نەخۆشی زیاد دەکات:
١. نەخۆشییەکانی دڵ
٢. نەخۆشیی شەکرەی جۆری ٢
٣. نەخۆشیی شێرپەنجە
٤. هەوکردنی جومگە
٥. چەوریی ناو جگەر و هەوکردنی جگەر
د. یوسف بەهادین ڕوونی دەكاتەوە كە: بەشێکی زۆر گرنگی چارەسەرکردنی قەڵەوی ئەوەیە کە چارەسەری ئەو نەخۆشیانە بکرێت کە هاوکات لە قەڵەوی دانابڕێن، وەکو فشاری خوێن و شەکرە و بەرزی چەوری، سەوەفان و کێشە کانی دیکەی قەڵەوی. چونکە ئەگەر ئەو ماکانەی قەڵەوی بە تەواوی چارەسەر کران ئەوا قەڵەوی خودی خۆی کێشەی کەمە، بۆیە ئامانجی کەمکردنەوەی ئاسەوارەکانی قەڵەوی پێویستترە لە چارەسەری قەڵەوی خۆی.