“هەر دەرمانێك ستیكەری پێوە نەبوو نایاساییە”

وێڕای بوونی چەندین لیژنەی تایبەتمەند بە كۆنترۆڵكردنی فرۆشتنی دەرمانی نایاسایی، چەندین دووكانی جوانكاریی ئافرەتان بە نهێنی دەرمانی گەورەكردنی سمت و زەوقبزوێن (سێكسی) دەفرۆشن.

بە هۆی كەمیی ڕۆشنبیری سێكسی و كەمیی هۆشیاری تەندروستی، بەشێكی زۆری هاووڵاتیان بە شەرمەوە لە دەرمانخانەكان یاخود لای پزیشكان داوای چارەسەری و لاوازیی سێكسییان دەكەن و، لە جیاتی دەچن بۆ دووكانی جوانكاریی ئافرەتانە، ئاخر لەو شوێنانەدا بە شێوەی ئاماژە دەرمانانیان نمایش كردووە و بە ئاسان بەدەستی خەڵك دەگات.

لیژنە هاوبەشەكان لە گشت شارەكانی هەرێم بەردەوامن لە هەڵمەتی خۆیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەرمانی زیادكردن و كەمكردنی كێش و دەرمانە جنسییەكان، كە بە شێوەی قاچاخ یان بێستیكەر، هەر شوێنێكیش بە نایاسایی ئەو دەرمانانەی هەبێت ڕێكاری توندی یاسایی بەرامبەر دەگرنە بەر.

لەشكر حەمید، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی دەڵێت: تێبینیمان كردووە لە هەندێك شوێن دەرمانی نایاسایی بەتایبەت ئەو دەرمانانەی، كە بۆ زیادكردن و كەمكردنەوەی كێش بەكار دەهێنرێن لەگەڵ دەرمانە سێكسییەكان دەفرۆشرێن، بەردەوام تیمەكانمان دەگەڕێن و زۆربەی شوێنەكان دەپشکنن، هەر شوێنێكیش بە نایاسایی ئەو جۆرە دەرمانانەی هەبێت ئەوا دەستی بەسەردا دەگیرێت و ڕێكاری پێویست لەگەڵ خاوەنەكانی دەگرنە بەر.

لەشكر حەمید، نایشارێتەوە كە ئەو جۆرە دەرمانانە لە زۆرجار لەناو دوكانی فرۆشتنی جل و پێڵاودا دانراون و بەڕێگەی جیاواز دەفرۆشرێن بە هاووڵاتیان. بەشێكی زۆری ئەو دەمانانەش بە كوالێتی كۆنترۆڵدا تێنەپەڕیون و پشكنینیان بۆ نەكراوە، هەربۆیە ستیكەریان پێوە نییە.
جگە لە دوكانەكان بەشێكی زۆری ئەو دەرمانانە لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە بانگەشەی بۆ دەكرێت و خەڵكیش دەیكرێت. لەو بارەوە لەشكر حەمید داوای لە هاووڵاتیان كرد، پێش هەموو شتێك لە ڕێگەی پەیجە ئۆنلاینەكانەوە دەرمان نەكڕن و لە هەر شوێنێكیش دەرمان دەكڕن دڵنیا ببنەوە لەوەی كە ئەو شوێنە مۆڵەتی هەیە و دەرمانەكەش ستیكەری لێ دراوە، چونكە هەر دەرمانێك ستیكەری پێوە نەبوو نایاساییە.
بەڕێوەبەرایەتی کوالێتی کۆنترۆڵی جۆری سەر بە وەزارەتی تەندروستی جەخت دەكاتەوە كە پێویستە ھاوڵاتییان ئاگادار بن بە ھەموو شێوەیەک خۆیان لە کڕینی دەرمان بە شێوەی ئۆنلاین بە دوور بگرن و، نەكەونە ژێر کاریگەریی رێکلام و پروپاگەندە ھەڵبەستراو و نازانستییەکانیان، تەنها ئەو دەرمانانە بکڕن کە یاسایین و ستیکەری وەزارەتی تەندروستییان لەسەرە.
بەڕێوەبەرایەتیی کوالێتی کۆنترۆڵی جۆری دەرمان جەختیش دەكاتەوە كە ھەمیشە گرەنتی بەرزی کوالێتی و کاریگەری و سەلامەتی بەرھەمە دەرمانسازییە ڕێپێدراو و پشکنراوەکان دەدا.

لەشكر حەمید گوتیشی “هەڵمەتی گەڕان بە دوای ئەو دەرمانانە و ئەو كەسانەی مامەڵەی پێوە دەكەن بەردەوام دەبێت و ڕێكاری پێویست لەگەڵ فرۆشیارەكەدا دەگیرێتە بەر، هەربۆیە لەكاتی بینینی فرۆشتنی دەرمانی كەمكردن و زیادكردنی كێش و دەرمانە سێكسیەكاندا دەستبەجێ لیژنە هاوبەشەكانی لێ ئاگادار بكەنەوە بۆئەوەی كاری پێویستی لەگەڵدا بكرێت.”