سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

شاندێكی باڵای تەندروستی سەردانی وڵاتی ئوردنیان كرد

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

شاندی هاوبەشی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم و ئەنجومەنی كوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشكییەكان و سەندیكای كارمەندانی تەندروستی، بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتمان د. مەعاف عەبدوڵا كەریم بەڕێوبەری گشتیی دیوانی وەزارەت سەردانی وڵاتی ئوردنیان كرد.

لە سەردانەكەیاندا چاویان کەوتە شازادە (مونا حسێن) سەرۆکی ئەنجومەنی پەرستاریی وڵاتی ئوردن.
لە دیدارێكدا گفتوگۆی چڕ کرا دەربارەی ئاستی خزمەتگوزاری تەندروستی لە هەرێمی کوردستان و ئاستی زانستی پەرستاری و چۆنیەتی سوودوەرگرتن لە بەرەوپێشچونی کە وڵاتی ئوردون لەم چەند ساڵەی دواییدا بە خۆیەوە بینیویەتی و چۆن بتوانین هاوشێوەی ئەوان ئاستی خزمەتگوزاری پەرستاری و پێگەی پەرستاری لە ناو ناوەندی تەندروستیدا لە ئاستی بەرەوپێشچووندا بێت.
لە لایەن خۆیەوە شازادە مونا جەختی لە گرنگی پتەوکردنی پەیوەندیی پیشەیی نێوان هەردوو لا کردەوە بۆ خزمەتکردنی مرۆڤایەتی و بەرەوپێشبردن و بەرزکردنەوەی پێگەی خزمەتگوزاری پەرستاری و تەندروستی و پاڵپشتیکردنی ئەم پرۆسەیە و گواستنەوەی شارەزایی ئوردنی بۆ هەرێمی کوردستان.
هاوكات ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی پەرستاری ئوردن، دکتۆر هانی نەوافیلە ڕایگەیاند، لە میانی سەردانەکەدا، پرس و پلانی گواستنەوەی ئەزمونی ئوردن بۆ ناوچەکە لە داهاتوودا تاوتوێ کرا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کۆمەڵێک ڕێوشوێن هەیە بۆ کاراکردنی بەشداریی نێوان هەردوو لا لە ماوەی داهاتوودا.
ئاماژەی بەوەش کرد، شازادە مۆنا ئەلحوسێن جەختی لە پێویستی ئاسانکاری بۆ ئەرکی شاندی هەرێمی کوردستان و گواستنەوەی ئەزمونی ئوردن بۆ ناوچەکە و دابینکردنی پێداویستییەکانیان و گەیشتن بە بەرزکردنەوەی تواناکانی جۆراوجۆر و کردەوە پیشە تەندروستییەکان.
هاوكات بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی تەندروستی بۆ کاروباری دارایی و کارگێڕی، دکتۆر مەعاف عەبدوڵڵا کەریم ڕایگەیاند، سەردانەکە بە هەموو پێوەرەکان سەرکەوتوو بوو، هەوڵەکانی شانشینی ستایشی کرد بۆ پەرەپێدانی بەردەوام لە پیشەی پزیشکی و ژێرخانی ئابووری. جەختیشی لە سوودوەرگرتن لە ئەزمونی ئوردن و گواستنەوەی بۆ ناوچەکە، و سوودوەرگرتن لە یاسا و ڕێسا و ڕێنماییەکانی ئوردن کردەوە.
لە چوار چێوەی هەوڵەكانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستاندا كابینەی نۆیەم هەوڵ دەدات کادیرانی پەرستاری و تەندروستی لە هەرێمی كوردستان پەرە پێ بدات؛ هەروەها شارەزایی و ئەزموونی ئوردنییان بۆ دابین بکات، لە ئاستی پەرەپێدانی یاسا و ڕێسا و ڕێنماییەکان کە پیشە پزیشکییەکان بەڕێوە دەبەن بۆ ئەوەی هاوسەنگ بن لەگەڵ پێشهاتە جیهانییەكان و دانەبڕێن.
جێگەی ئاماژەیە هەر لە چوارچێوەی ئەو سەردانەیان بۆ وڵاتی ئوردن شاندەكە سەردانی ئەنجومەنی پەرستاری و زانکۆی ئوردن و نەخۆشخانەی زانکۆی ئوردن و سەنتەری شێرپەنجەی شا حسێن و نەخۆشخانەی تایبەتمەند و نەخۆشخانەی عەبدەلییان کرد، جگە لە کۆمیسیۆنی باوەڕپێکردن و دڵنیایی جۆری دامەزراوەکانی خوێندنی باڵايان كرد.