چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

دکتۆرە ڕۆژان بەرزنجی: هەندێجا لەبەر گرژداگەڕانی منداڵدان، منداڵ پێشوەختە لەدایک دەبێ

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

منداڵبوونی پێشوەخت واتە لەدایكبوونی كۆرپە پێش ئەوەی تەمەنی بگاتە كاتی ئاسایی خۆی كە نۆ مانگ لە سكی دایكیدا تێدەپەڕێنێت، چەند هۆكارێك هەیە وادەكات منداڵ پێش وەختی ئاسایی خۆی لەدایك ببێت.

دکتۆرە ڕۆژان شێخ خاڵس بەرزنجی پسپۆڕ لە نەخۆشییەکانی ئافرەتان و منداڵبوون ڕوونی دەكاتەوە كە ئەم منداڵبوونە لە هەفتەی ٢٠ بۆ ٣٧ لە نێو سکی دایكەكە ڕوو دەدەن، بەهۆی زۆریی گرژبوونی منداڵدان ناو دەبرێت بە منداڵبوونی پێشوەختە، تاکو منداڵبوونەکە زووتر ڕوو بدات کێشە و مەترسی زیاتر دەبێت، لە هەر حاڵەتێکدا دەکرێت ئەمە بۆ هەموو خانمێک ڕوو بدات و هەندێک جاریش دەکرێت بەری پێ بگیرێت.
دکتۆرە ڕۆژان بەرزنجی دەربارەی نیشانە ئاگادارکردنەوەکانی منداڵبوونی پێش ئاماژە بە چەند خاڵێك دەكات لەوانە:
١- بوونی ئازارێکی زۆر لە سکدا؛
٢- ئازارێکی زۆری پشت؛
٣- تەقین و دڕانی پەردەی سەراو؛
٤- زیادبوونی هەوکردن و تەڕایی لە دامێندا؛
٥- گرژبوونی بەردەوامی منداڵدان لە هەر ١٠ خولەک جارێکدا؛
٦- تەشەنوجی ماسولکەکانی سک؛
٧- خوێنبەربوون.
مەترسییەکانی سەر منداڵ لەكاتی لەدایكبوونی پێشوەختەیدا
ئەو منداڵانەی کە زووتر لە کاتی خۆیان لەدایك دەبن پێیان دەوترێت گەشەنەکردوو، چونکە منداڵە کە زۆر بچووکە و هێشتا سیستەمێکی بەرگری باشی جەستەییی نییە بۆیە ناتوانێت ڕووبەڕووی زۆر نەخوشی ببێتەوە و زۆریک لە ئەندامەکانی جەستەی جوان گەشەیان نەکردووە؛ هەربۆیە قورسە بۆی بتوانێت لە ژینگەی دەرەوادا جوان بژیێت و تووشی چەند كێشەیەک دەبنەوە؛ لەوانە:
ا- ئیفلیجیی میشک و ناتەواوی لە بیركردنەوەدا؛
٢- ئۆتیزم؛
3- کێشە لە سییەکانی؛
٤- لەدەستدانی بینین و بیستن؛
٥- خوێنبەربوونی ناوەوەی مێشک؛
٦- زەردوویی؛
7- چەند هەوکردنێکی تری کاتی منداڵان.
ئەو ئافرەتانەی دووچاری منداڵبوونی پێشوەختە دەبنەوە دەكرێن بە دوو بەشەوە:
هەندێكیان منداڵبوونی پێشوەختەكە لە دەستی خۆیاندا نییە و هۆكارەكەی نادیارە.
بەشەكەی تریش بە فەرمانی پزیشكە، ئەمەش بەهۆی بوونی چەند نیشانەیەک، پزیشك پێشنیاری منداڵبوونی پێشوەختە دەكات.
رێگری لە لەدایکبوونی منداڵی گەشەنەکردوو
رێگای زۆر هەیە بۆ كۆنترۆڵکردنی، بەم رێگایانە دەتوانیت منداڵبوونەکە دوا بخەیت بۆ کاتی خۆی یان هیچ نەبێت نزیك لە كاتی راستی خۆی، گرنگترین خاڵ ئەوەیە کە لە سەرەتای دووگیانیەوە تا کۆتایی دووگیانیەکە پەیوەندی نەپچڕێنیت لەگەڵ پزیشکە پسپۆڕەکەت و هەمیشە سەردانی بکەیت و ئامۆژگارییەكانی لەبیر نەكەیت، چ دەرمانێک یاخود خواردنێکت بۆ دادەنێت بۆ ئەوەی منداڵبونێكی سەلامەتت هەبێت، هەروەها هیچ جۆرە دەرمانێک بەبێ پرس بە پزیشکەت بەکار مەهێنە.
كاتیكیش کە پزیشک ئەوە دیاری دەکات کە منداڵەکەت بە پێشوەختە دەبێت پشووی تایبەت دادەنێت بۆ دایکەکە و هەروەها دەرمانی باشیش و هەركاتێك هەر نیشانەیەكت بینی لە نیشانەكانی منداڵبوونی پیشوەختە زوو بە پزیشکەکەت بڵێ.