چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

د. ئازاد مەنتك: ڤیاگرا ڕۆژی یەک جار بەکار دێت و نابێت چەند جارێک، یان چەند حەبێک وێکڕا بەکار بێت

ماكوان عيززه‌‌ت – هەولێر

د. ئازاد مەنتك پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناو دەڵێت: زۆر جار لە کوردەواری، هەتا شتێک ڕوو نەدات و نەبێتە بابەت ئێمەی پزیشکانیش بەشێوەیەکی زەق و ڕەها باسی ناکەین و تەنانەت هەر خۆشی لێ نادەین. دەرمانی ڤیاگرا درۆ نییە ئەگەر بگۆترێت یەکێکە لە پڕفرۆشترین دەرمانەکان و لە وڵاتێکی، وەکو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زێدەتر لە ١٥٠ملیۆن پیاو بە هۆی ئەوەی تووشی لاوازی سێکسی بوون بەکاری دێنن.

د. ئازاد مەنتك ڕوونی دەكاتەوە كە دەرمانی ڤیاگرا بۆ چارەسەری دوو حاڵەت بەکار دێت، ئەوانیش:
١. لاوازی سێکسی لە پیاوان (Erectile Dysfunction).
٢. بەرزبوونەوەی زەختی ناو سییەکان (pulmonary arterial hypertension).
٭ چۆن بەکار بێت؟ نابێت بەبێ پرسی دکتۆر دەرمانی ڤیاگرا بەکار بێ؛ بەتایبەت لەو کەسانەی تەمەنیان لە پەنجا ساڵی شۆڕ بوویتەوە؛ هەرچی ئەو کەسانەن کە تەمەنیان لە (٦٥) ساڵی زۆرترە نابێت قەت بەبێ دکتۆر ڤیاگرا بخۆن.
نەخۆش دەبێت ئەوە بزانێت، کە؛ مەرج نییە ڤیاگرا بخوات یەکسەر ببێتە مەترەق! لەگەڵ خواردنی ئەم حەبە دەبێت هەرسووین (هەڵسوون) و ورووژاندن (arousal) هەبێت ئەوجا کار بکات.. ئەم حەبە دەتوانرێت پیاوەکە پێش سەرجێییکردن بە نیو سەعات وەری بگرێت (نیو سەعات تا چوار سەعات) ئاساییە، دەی مادام وایه بە سەعاتێک پێش ئیشی خێرێ بەکاری بێنە. ئەوجا ئیشەکەی لە بەینی (٤ – ٨) سەعات بەردەوام دەبێت. خەڵک هەیە، کە؛ ڤیاگرا وەردەگرێت چەند جارێ لێی ڕەپ دەبێت. هەرچەند خڕ پێویستە ئەوە بزانن، کە هەر ڕەپبوونێک لە چوار سەعات زیاتر بخایەنێت، ئەوا دەبێت ڕاوێژی پزیشکی لۆ وەربگیرێت چونکە ئەم ڕەپبوونە حاڵەتێکی نەخۆشییە (Priapism) و مەترسی هەیە.
٭ جورعەی ڤیاگرا: دەرمانی ڤیاکرا چەند جورعەیەکی هەیە بە (٢٥ مگم) و (٥٠ مگم) و (١٠٠ مگم)! کە پزیشک بەگوێرەی تەمەنی کەسەکە دەینووسێت. لە مابەینی (٢٥ – ١٠٠) مگم هەر جورعەیەک بدرێت دەبێت بەڵام لۆ کەسێکی بەتەمەن لە جەمی (٢٥ مگم)ـەوە دەست پێ دەکرێت. لۆ جاحێڵ و جوامێران بە جورعەی (٥٠ مگم) دەدرێت.
ئەوجا پێش ئەوەی ئەم دەرمانە بدرێت پزیشک پرسیار لە کەسەکە دەکات، کە چ دەرمانێک دەخوات؟ ئایا دەرمانی نایترێت لۆ نەخۆشی دڵ دەخوات؟ ئایا کەسەکە نەخۆشینی دڵی هەیە؟ ئاوا دەپرسێت.
دەرمانی ڤیاگرا، دەکرێت پێش نان یان دەگەل نانخواردنێ بەکار بێت بەڵام لۆ ئەوەی چاک ئیش بکات ئەمە پێمان باشترە لەسەر زگی خاڵی بخورێت.
ڤیاگرا ڕۆژێ یەک جار بەکار دێت و نابێت چەند جارێک، یان چەند حەبێک وێکڕا بەکار بێت.
٭ کاردانەوە لاوەکییەکان:
١. پێشتر باسی ئەوەم کرد کە ئەگەر ڤیاگرات خوارد و کابرا لە چار سەعات زیاتر ڕەپ بوو، ئەوا یەکسەر بڕۆوە لای پزیشک و دەنگ بکه.
٢. کاردانەوەیتر، وەکو: دەموچاوسۆربوونەوە، کاپێچ بوون و دڵەکزێ، سەرئێشان، خەوزڕان، چاوڕەشکە و پێشکە کردن و تەڵخبوونی بینین، کەپوو داڕسان.
٣. ئەگەر نەخۆشی دڵت هەبێت یان دەرمان بۆ فشاری خوێن بەکار بێنی یان دەماری دڵت گیرا بێت و هەندەک دەرمانی، وەک؛ حەبی بن زمان (nitroglycerin) یان دەرمانی نایترێت (isoredil) بەکار بێنی، ئەوا: دکتۆر ئاگادارت دەکاتەوە ڤیاگرا بەکار نەهێنی چونکە بۆی هەیە زەختت بەرز بکاتەوە یان تووشی جەڵتەی دڵت بکات.
٤. هەستەوەری “حەساسیە”: وەکی هەر دەرمانەکی دی لۆی هەیە که ڤیاگرا هەستەوەری دروست بکات! ئەگەر لیرت لێ هات یان لچت پەلما و ئەستوور بوو یان بێنت تەنگ بوو یان هێنکەهێنکت وێ کەوت یان خورشت خڕ قەلبی داگرتی مانا هەستەوەریت بەم دەرمانە هەیە.
٥. زۆر دەگمەن خەڵک هەیە، دەڵێت: دوای ڤیاگرا چاوم فڕ نابینێت ئەوجا هەیە لە چاوێک یان لە هەردوو چاوان؛ ئەوەش لەوانە زیاتر، کە نەخۆشی دڵ یان سووکەری یان چەورییان زۆرە یان زەختیان زۆرە یان تەمەنیان لە پەنجا ساڵان زیاترە ڕوو دەدات.

  • هەر کاتێک ڤیاگرات خوارد و هەستت کرد، کە:
    ا. گێژبوونت هەیە، سەرسووڕان و بوورانەوە، لە مابەینی کاگێڕ و ناوک ئازارت هەیە، هێڵنجت هەیە بڕۆوە لای دکتۆر نەوەک تووشی جەڵتەی دڵ بووبیت.
    ب. تروسکاییت لە چاوان بڕا (لاچاوەک یان هەردوو چاو) بەزووترین کات سەردانی دکتۆری چاو بکە.
    ج. گوێت ویزەویزی کەوتێ یان گوێت لە هیچ نەدەبوو یان کەڕ بوویت، دیسان بڕۆرەوە لای دکتۆر.
    د. ڕەپبوون لە چار سەعاتی زیاتری خایاند و نەمرکایەوە، بڕۆوە خەستەخانە.
    ٭ لە ژنان: ئەو ژنانەی، کە ئەم دەرمانەیان لۆ چارەسەری زەختی ناو سییەکان لۆ نووسرایە، ئەوا ئەگەر منداڵیان وەزگ کەوت نابێت بێ پرسی دکتۆر ڕابگیرێت.