هەڵکشانی ڕێژەی نەشتەرگەریی جوانکاری

محەمەد لادێ – هه‌ولێر

نەشتەرگەریی جوانکاری، سەرەتا لە پێناو خزمەتی مرۆڤایەتیدا داهێنرا، بەڵام دوایی و بە تایبەت لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بووەتە چاولێکەری و ئێستاکە لە تەواوی جیهاندا جگە لە لایەنە تەندروستییەکەی، بازرگانییەکی گەورەیە.

بەشێوەیەکی گشتی ڕێژەی نەشتەرگەریەکانی جوانکاری لە جیهاندا، لەناو هەردوو ڕەگەزدا ڕوو لە زیادبوونە، بەڵام ڕێژەی زۆرینە خانمانن، هەرچەندە ئەم ڕێژەیە دەگۆڕێت لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە، چ لەڕووی ئەو بەشەی زۆرترین جوانکاری بۆ دەکرێت، چ لەڕووی رێژەوە.
زۆرجار ئەوەمان بەرگوێدەکەوێت کە جوانی مرۆڤ لە ڕەفتار و هەڵسوکەوتدایە بەڵام زۆرێک پێیانوایە کە جوانیی ڕوخسار و لەشولاریش تەواوكەری جوانییەكانی مرۆڤە و بەتایبەتی بۆ خانمان، هەر بۆیە ئافرەتان بەگشتی زۆر بایەخ بە جوانكاریی خۆیان دەدەن و، ئێستاکەیش ژمارەیەكی زۆریان بۆ ئەو مەبەستە، پەنا بۆ نەشتەرگەریی جوانكاری دەبەن و هەتا دێ خواستی ئەو جۆرە نەشتەرگەریانە پتر دەبێت.
بە پێی ئامارە جیهانییەکان ٨٧%ی ئەوانەی نەشتەرگەری جوانکاری دەکەن خانمانن و ١٣%یشیان پیاوانن.
زیاتر لە ٧ ساڵە لە هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەت بە بوای جوانکاری دەدرێت و ئێستاکە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ١٠٠٠ کۆمەڵگەی پزیشکی و کلینیکی تایبەت بە نەشتەرگەری جوانکاری هەن.
جوانکاری دەبێت بە دوو بەشەوە یەکێکیان ئەوانەنە کە لە کلینکەکاندا ئەنجام دەرێن وەکو بۆتۆکس و فیلەر دووەمیشان نەشتەرگەری جوانکارییە.
لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ـەوە هەرێمی کوردستان زیاتر بەڕووی جیهاندا کرایەوە، بەوەش “نەشتەرگەریی جوانکاری” و بابەتەکانی کۆزمەتیک و گرنگی دان بە پێست بەلێشاو هاتنە نێو کۆمەڵگە، لەئێستاشدا بەهۆی فراوانبوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر بیرۆکەی ئەنجامدانی گۆڕانکاری و “جوانتربوون” لە مێشکی تاکەکاندا تەشەنەیکردووە.
لە ئامارەکانی کۆمەڵەی پزیشکانی جوانکاری کوردستان دەردەکەوێت، ساڵانە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ٤٥هەزار “نەشتەرگەریی جوانکاری” دەکرێت، ئەو کەسانەشی “جوانکاری” دەکەن ٪٧٠ ژنن و تەمەنیان بەڕێژەیی لەنێوان ٢٥ بۆ ٤٥ ساڵاندایە، هاوکات ٪٣٠ پیاوانیش نەشتەرگەری جوانکارییان بۆ کراوە.
کۆمەڵەی پزیشکانی جوانکاری کوردستان، ئەوەشیان ئاشکرا کردووە، کە هەر پزیشکێکی جوانکاری لە هەرێم، هەفتانە ١٠ نەشتەرگەری دەکات و زۆرترینی ئەو نەشتەرگەریانەش جوانکاری و ڕێککردنی لووتە.
هەر بەپێی ئامارەکانی ئەو کۆمەڵەیە، ٨٦ پسپۆڕی جوانکاری هەن بەجۆرێک: لە پارێزگای سلێمانی ٥٣ پزیشکی نەشتەرگەری جوانکاری هەن، ٣٠یان پزیشکی پسپۆڕن، ئەوانی دیکەش خوێندکار و موقیم ئەقدەمن، هەروەها لە پارێزگای هەولێر ٦٤ پزیشکی نەشتەرگەری جوانکاری هەن، کە ٥٠یان پزیشکی پسپۆڕن و ئەوانی دیکە خوێندکار و موقیم ئەقدەمن، لە پارێزگای دهۆکیش ١١ پزیشکی جوانکاریی هەن کە شەشیان پسپۆڕن.
باوترینی ئەو جوانکەرییانەی کە لە سەنتەرەکان ئەنجامدەدەرێت چاندنەوەی قژ و دەرهێنانی چەورییە، نرخەکانیشیان لە ٣٥٠ دۆلارەوە دەست پێدەکات تا ٢٠هەزار دۆلار و هەندێکجار زیاتریش.
بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی پزیشکانی جوانکاری کوردستان، لەنێو پیاواندا نەشتەرگەریی جوانکاریی لووت لە پلەی یەکەمە، دواتر بڕینی پێڵووی چاو، چرچولۆجی دەموچاو، چاندنەوەی قژ و دەرهێنانی چەوری دێن..
لەنێو ژنانیشدا کە پشکی شێریان بەرکەوتووە لەم باسەدا، نەشتەرگەریی جوانکاریی لووت بە پلەی یەکەم دێت، دوای ئەوە نەشتەرگەریی پێڵووەکانی چاو، دەرهێنانی چەوری ورگ، جوانکاری ڕاکێشانی دەموچاو بەرزکردنەوەی برۆ و جوانکاریی سینگ دێت..
ئەم نەشتەرگەریانەش هەریەکەیان مەترسی و زیانی گەورەی هەیە، ئەگەر ڕاستەوخۆ کاریگەرییەکانیشیان دەرنەکەون، بە تێپەڕبوونی کات زیانەکان ئاشکرا دەبن.
لە لێکۆڵینەوە جیهانییەکانیشدا دەرکەوتووە کە ئەو نەشتەرگەریانەی زۆر باون بریتیە لە “گەورەکردنی سنگ، راکێشانی چەوری، لابردنی چەوری یان هەڵئاوساوی ژێر چاو، لوت”، لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیش میسر و لوبنان زۆرترین نەشتەرگەری جوانکاری تێدا دەکرێت، بەڵام لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە پلەی یەکەم دێت.