پسپۆڕێكی نەخۆشیەكانی هەناو و گورچیلە هۆشداری دەداتە گەنجان

ئەژین عەبدوڵا – هه‌ولێر

د. مزەفەر عەبدوڵا پسپۆڕی نەخۆشیەكانی هەناو و گورچیلە لە هۆشدارییەكدا بۆ گەنجان و ئەوانەی خواردنەوەی وزەبەخش زۆر دەخۆنەوە، دەڵێ وریا بن!

د.مزەفەر عەبدوڵا لە هۆشدارینامەكەیدا دەڵێت: بە حوكمی تایبەتمەندیم لە بواری پسپۆڕییەکەمدا تەنها لەم چەند مانگەی ڕابردوودا چەندین حاڵەتم بینیوە كە لە تەمەنی ١٦-٢٤ ساڵی كە لەبەر نۆشکردنی خواردنەوەی وزەبەخش (مشروبات الطاقە)، پەکی گورچیلەیان کەوتووە و ئیستا لەلای ئێمە ھەفتەی دووجار و ھەندێکیان سێ جار شوشتنی گورچیلەیان بۆ دەکرێ؛ دوای ئەوەی چەندین حاڵەتم بینی لەم جۆرە، لەگەڵ ھاوڕێ پزیشكەکانمدا باسم كرد، دیار بوو ئەوانیش چەندین حاڵەتی وایان لەم ماوەیەدا بینیبوو، كاتێک مێژوی نەخۆش وەردەگرین جگە لە زۆر خواردنەوەی ئەم جۆرە وزەبەخشانە ھیچ ھۆکارێکی تر نادۆزینەوە ببێتە ھۆی پەککەوتنی گورچیلە لەو تەمەنەدا.
د. مزەفەر عەبدوڵا داوا لە هاووڵاتیان دەكا و تكایان لێ دەكات كە زۆر ئاگاداری خۆیان و منداڵەكانیان بن، بە تایبەتی گەنجەکان دەمپارێزی بکەن لەو جۆرە خواردنەوانە.