دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

تەندروستی هەولێر لەبارەی پەتای وەرزی روونکردنەوە و رێنمایی دەدات

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، ئاشکرای کرد، زۆربەی زۆری ئەنجامی ئەو پشکنینانەی بۆ پەتای وەرزی دەکرێت، بە ئەنفلەوەنزا دەردەچێت و بەشێکی زۆر کەمیان کۆرۆنای لە جۆری ئۆمیکرۆنە.

دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، ئەمڕۆ (دووشەممە 2ـی کانوونی دووەمی 2023) لە لێدوانێکدا رایگەیاند، “ئێستا وەرزی پەتایە و رەنگە ئەنفلەوەنزا یان کۆرۆنا بێت. ئێمە لە سەنتەری کۆڕۆنا لە شاری هەولێر، رۆژانە 30 بۆ 40 پشکنین بۆ ئەو کەسانە دەکرێت کە پەتای وەرزیان هەیە، بەڵام زۆربەی زۆری ئەو پشکنینانەی کە دەکرێن، ئەنجامەکەیان زیاتر بە ئەنفلەوەنزا دەردەچێت، بەشێکی زۆر کەمی کۆڕۆنایە و لە جۆری ئۆمیکرۆنە”.

ئەو زیاتر گوتی: خۆشبەختانە ئێستا حاڵەتەکان زۆر کەمن، لەوانەیە هەفتانە یەک یان دوو حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنا هەبێت و زیاتر ئەو کەسانەن کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە. ئێستا کۆرۆنا وەک پەتایەکی وەرزی لێهاتووە و وەک پەتای وەرزی هەڵسوکەوتی لەگەڵدا دەکرێت.

دلۆڤان محەمەد، لەبارەی چۆنییەتی چارسەری ئەو پەتایە کە ئێستا خەڵکێکی زۆر تووشیبووە، گوتی، “چارەسەر بۆ دابەزینی تا یان کەمکردنەوەی ئازاری لەش و هەوکردنی سییەکان وەردەگیرێت”.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، پێشنیار دەکات کەسانی تووشبوو خۆیان لە تێکەڵاوی خەڵک بپارێزن و لە ماڵەوە پشوو بدەن و دەمامک بەکار بێنن.