د. پشدەر عەبدوڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی: لەم وەرزەدا مانگانە سەروو سیهەزار نەخۆش سەردانمان دەكەن ‌بۆ چارەسەروەرگرتن

مەزهەر كەریم – سلێمانى

د. پشدەر عەبدوڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جەمال ئەحمەد رەشید تایبەت بە (منداڵان) لە شاری سلێمانی لەم چاوپێكەتنەدا بۆ “هەولێر” وتی: “دایكان و باوكان شوێن چاولێكەری نەکەون؛ زۆربەی نەخۆشیەكانی منداڵان ڤایرۆسین پێویستیان بە ئارامگرتن و پشوو هەیە”.

ئەو بە باشی نازانێت دەرمانی بەكتریکوژ بدرێت بە منداڵان لە كاتی تووشبوون بە پەتای وەرزی، هۆشداری دەدات لە زیانگەیاندن بە خانەكانەنی جەستەی نەخۆش؛ داوا دەكات كەمترین دەرمان لەژێر چاودێری پزیشكدا بەكار بهێنرێت.

  • بەو پرسیارەوە دەست پێدەكەم كە چەند ڕۆژی ڕابردوو بەشی چاودێری ورد لە نەخۆشخانەكەتان داخرا بۆچی؟
  • ئەو كارمەندانەی گرێبەستی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەكەمان لە دوای نەمانی كۆرۆنا لە بەشی چاودێریی ورد كاریان دەكرد لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا گرێبەستەكانیان بۆ تازە نەكرایەوە‌ و شایستە دارایەكانیان بۆ خەرج ناكرێت كە ژمارەیان بیستوپێنج كارمەندە بەو هۆیەوە نۆزدەیان مانیان گرتوە بەشی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانەكەمان پەكی كەوتوە”.
  • ژمارەی ئەو منداڵانەی سەردانی نەخۆشخانەی منداڵان دەكەن لە سلێمانی چەندە؟
  • ڕۆژانە سەروو هەزار نەخۆش سەردانی بەشە جیاوازەكانی نەخۆشخانەكەمان دەكەن زۆربەی مانگ سەروو سیهەزار نەخۆش سەردانی دەكەن مانگ هەیە زیاترە مانگ هەیە كەمترە هەموومان دەزانین لە كاتی گەرما و وەرزی هاوین حاڵەتەكانی سكچوون ‌و رشانەوە زۆرە نەخۆش زیاترە سەردانمان دەكەن یان لە پەتای وەرزیدا حاڵەتەكان زیاد دەكات”.
  • بەكارهێنانی دەرمانی زۆر بۆ منداڵان لەلایەن پزیشكەوە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
  • بۆ ئەوەی دەگەڕێنمەوە كە ئێمە دوو جۆر پزیشكمان هەیە جۆرێكیان دەرمان بەشێوەی زانستی دەنووسن بۆ نەخۆش كە زۆرینەن؛ جۆری دووەمیان كە كەمینەن بەدڵی دایك ‌و باوكان بۆ سەرنجڕاكێشانی ئەوان دەرمانی زۆر دەنووسن یان ڕەنگە لەگەڵ كۆمپانیاكانی دەرمان شەریك بن كە خۆشبەختانە ئەم پزیشكانە ژمارەیان كەمە و زۆر نین”.
  • بەشێك لە خەڵكی بۆچی متمانەی بە پزیشك نەماوە هۆكار چیە چۆن بتوانین پزیشكی باش ‌و خراپی منداڵان لەیەك جیا بكەینەوە؟
  • هۆكارەكەی ئەوەیە هەڵەبیركرنەوەیەك هەیە یان پزیشكەكان نەیانتوانیوە پەیامە دروستەكە بگەیەنن بە خەڵكی یان بەشێك لەدایكان و باوكان هەڵە بیر دەكەنەوە، پزیشكی خراپ دەبیت بناسرێت بەو نیشانانەی كە نەخۆشیەكەی زۆر لە خاوەنی نەخۆش ‌و نەخۆشەكە گەورە كرد یان پشكنینی زۆری بۆ نەخۆش نووسی لە هەمانكاتدا ڕیكلامی بۆ خۆی كرد دەرمانی زۆری نووسی بۆ نەخۆش بەڵام پزیشكی باش پێچەوانەكەیەتی”.
  • ئەو پزیشكانەی منداڵان كامانەن سۆزی دایك ‌و باوك دەقۆزنەوە؟ دایكان ‌و باوك چۆنیان بناسنەوە؟
  • دایك باوك زۆر چاولێكەری نەكات سەردانی نەخۆشخانە حكومیەكان بكەن كە پزیشكی زۆر باشی تێدایە و، هەروەها بەردەوام گوێ لە رێنماییەكانی ئەو پزیشكانە بگرن كە بەردەوام لە ڕاگەیاندنەكان ‌وشۆسیال میدیا زانیاری دەدەن بیریشمان نەچێت زۆربەی نەخۆشیەكانی ڤایرۆسین نەخۆش پێویستی بە متمانەی پزیشك ‌و ئارامگرتن هەیە”.
  • چۆن بەكارهێنانی دەرمان زیانی زیاترە لە نەخۆشی بە تایبەت بۆ منداڵان؟
  • زۆربەی نەخۆشیەكانی منداڵان ڤایرۆسین نەخۆش پاش ماوەیەك چاك دەبێتەوە پێویستی بە پشوو هەیە و شلەمەنی؛ بۆیە ئەو دەرمانەنەی بەكاری دەهێنن بەتایبەت دەرمانی دژەبەكتریا كاریگەریەکەی زۆر زۆر خراپترە لە خودی نەخۆشیەكە كاریگەری زۆر نەرێنی لەسەر خودی ئەو منداڵە بەجێ بهێڵێت لە داهاتوودا كە هیچ لە نەخۆشیەكە ناگۆرێت لۆدێكی زۆر لەسەر خانەكان ‌و شانەكانی جەستە دروست دەكات لەداهاتودا ئەندامەكانی لەشی توشی پەككەوتن دەكات لەگەڵ ئەوەشدا بەكتریایەك دروست دەكات لە جەستەدا لەداهاتواد وەڵامی بۆ هیچ دەرمانی دژە بەكتریاكان نەمێنێت”.
  • چی بكرێت دایك و باوك هۆشیاربن بەرامبەر تەندروستی منداڵەكانیان هەم پزیشكی نابەرپرس؟
  • دەبێت سەندیكاكان رێگری بكەن لەژمارەیەك پزیشكی نابەرپرس یان لەدەرەوەی كاری پزیشكی كارە مەترسدارەكە دەكرێت كە ژمارەیەك عەیادەی لاكۆڵان هەیە یاخود هەندێك شوێن دەرمانی گژوگیای دەفرۆشن بەنەخۆش ئەمەش مەترسیدارە كە لەدەرەوەی كاری پزیشكی نەخۆش چارەسەر دەكرێت”.
  • زۆر بەكارهێنانی دەرمان بۆ منداڵ دوایی چ زیانێکی دەبێ؟
  • یەكێك لە خراپترین کاریگەریەکانی زۆر بەكارهێنانی دەرمان دروستبونی بەكتریایە لەناو جەستەی ئەو منداڵەدا كە وەڵامی بۆ هیچ جۆرە دژە بەكتریایەك نیە كە مەترسی گەورەی هەیە كە دایكان باوكان دەبێت بە وریایەوە مامەڵە بكەن”.
  • لە چ كاتێكدا ئاساییە دەرمان بدرێت بە منداڵ؟
  • دەبێت سەردانی پزیشكی پسپۆڕی منداڵان بكات و پاشان تایەكی زۆری هەبوو گەشكەی لەگەڵدا بوو ئەگەر هۆشی باش نەبوو ئەگەر ڕشانەوەی هەبوو یان شیری بۆ نەخورا ئەگەر سكچوونێكی زۆری هەبوو نیشانەكانی وشكداگەڕانی هەبوو، ئەگەر پیساییەکری خوێنی پێوە بوو، بۆ ئەمانە باشترە زوو سەردانی پزیشكی پسپۆڕی منداڵان بكات بۆ ئەوەی چارەسەری بۆ دابنرێت جۆری دەرمانەكانی بۆ دابنرێت”.
  • وابزانم زۆرینەی ئەو دەرمانانەی دەدرێت بەمنداڵان لە لای پزیشك دەرمانی دژە بەكتریایە؛ بۆچی؟
  • لە لای پزیشكی پسپۆڕ بەپێچەوانەوە زۆرینەی ئەو دەرمانەنەی دەدرێت بە منداڵا كەمترینی دەرمانی دژە بەكتریایە ئیللا مەگەر پزیشكێك پزیشكی پسپۆڕی منداڵان نەبێت دەرمانی دژە بەكتریا بدات بە منداڵان”.
  • دەرمانی وڵاتی ئێمە تاچەند كار دەكات؟
  • ئەگەر دەرمانەكە باش كار نەكات شتێكی خراپە و، ئەگەر باشیش كار بكات ئەوە ترسناكە چونكە لەكاتێكدا نەخۆشەكە پێویستی بەدەرمان نەبێت پزیشك دەرمانی بۆ بنووسێت ئەوە بە خواردنی باش نەبێت زیانی پێ ناگەیەنێت بەڵام ئەگەر پێچەوانەكەی بوو ئەوا زیانی لێ دەدات بەتایەبتی دەرمانی دژە بەكتریا بەڵام ئەگەر نەخۆش پێویستی بە دەرمانەكە بوو باش كاری نەكرد ئەوە خراپە نەخۆش چارەسەر وەرناگرێت ئەمەش خۆی بۆ خۆی خراپە.”
  • كاریگەریی دەرمان چۆن دەردەكەوێت؟
  • بەپێی جۆری دەرمانەكە دەگۆڕێت؛ دەرمان هەیە هەر لە یەكەم ساتی پێدانی بە نەخۆش دەردەكەوێت دەرمانیش هەیە چەند ساڵ دوای بەكارهێنانی كاریگەریەكانی دەردەكەوێت؛ هەندێك دەرمان هەیە قوەتی دەرمانەكەی دیكەیان زیاد دەكات یان قوەتی ئەوی دیكەیان كەمتر بێت بۆیە دەبێ زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دەرماندا بكرێت بۆ ئەوەی كەمترین كاریگەریی لاوەكی هەبێت لەسەر منداڵەكە”.
  • چۆن دایكان ‌و باوكان منداڵەكانیان بپارێزن لە پەتا وەرزیەكان؟
  • پاراستن لە پەتا وەرزیەكان زۆر قورسە بەهۆكاری ئەوەی ڤایرۆسین ‌و بەئاسانی دەگوازرێنەوە بەتایبەتی لەكاتی كردنەوەی دەرگای قوتابخانە، بەڵام من پێم وایە ئەو منداڵانەی كە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە و، ئەو منداڵانەی كە زۆر بچووكن لە خوار یەك ساڵانەوەن نەقسی سیستەمی بەرگرییان هەیە دەبێت زۆر بە وریاییەوە ئاگادار بن لە پەتا وەرزیەكان”.
ھەواڵی زیاتر