دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

بۆ یەكەم جار ئەندامانی سندوقی شێرپەنجە لە شاری سلێمانی كۆ بوونەوە و چەندین بڕیاری گرنگ تاوتوێ كرا

كۆتایی هەفتەی ڕابردوو كۆبوونەوەی مانگانەی سندوقی شێرپەنجە لە شاری سلێمانی بەڕێوە چوو؛ ئەو كۆبوونەوەیەش بۆ یەكەم جارە لە شاری سلێمانیدا بەڕێوە بچێت، كە پێشتر لە شاری هەولێر بەردەوامی داوە بە كۆبوونەوەكانی.

لە كۆبوونەوەكەدا د. سەباح نەسرەدین بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی وەك میوان بەشداریی كرد.

تەوەری كۆبوونەوەكە بریتی بوو لە باسكردنی ئەو گرفتانەی ئێستای سەنتەرەكانی چارەسەركردنی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستاندا بە گشتی لەگەڵ دانانی پلانی نوێ بۆ بەهێزكردنی ژێرخانی سندوقی شێرپەنجە كە ئێستا لە قەیراندایە لە رێگەی هەمواركردنەوەی یاسای سندوقەكە.

تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە پێكڤهاتبوو لە تاوتوێكردنی گرفتی كەمیی دەرمان و ئەو دەرمانانەی ئێستا لە سەنتەرەكانی چارەسەری شێرپەنجە نیە؛ لەگەڵ رێكخستنەوەی ناردنەوە دەرەوەی نەخۆش بۆ دەرەوەی وڵات بۆ حاڵەتە دەگمەنەكان.

لە كۆبونەوەكەدا بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی پێشنیاری بۆ ئەندامانی سندوقی شێرپەنجە كرد هەوڵ بدەن لە پلانی ئایندەدا كار بكرێت لەسەر كردنەوەی سەنتەری پشكنینی پێشوەختەی شێرپەنجە تاوەكو هاووڵاتیان بتوانن لە رێگەی ئەو سەنتەرانەوە پشكنینی پێشوەختە بۆ چەند جۆرێكی شێرپەنجە بکەن و، بۆ ئەوەی هاووڵاتیان سەردانی ئەو سەنتەرانە بكەن بۆ دەستنیشانكردن یاخود چارەسەركردن و نەگەنە ئاستێكی مەترسیدار لە كاتی تووشبوون بە شێرپەنجە.