سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

دابینكردنی ئامێری لوولپێچ بۆ منداڵی نەبیس

سروە عەبدولقادر تەمەنی ١٢ ساڵانە و، هەر لە زکماكەوە نەبیس و نەژنەوا بووە و گوێچکەی هەستی بیستنی نەبووە؛ لە تەمەنی پێنج ساڵاندا یەكەمین نەشتەرگەریی بۆ كراوە، بۆ ئەوەی توانستی ژنەفتن (بیستن)ـی پێ بدرێت؛ خۆشبەختانە هەر لە هەرێمی كوردستانیشدا ئەو نەشتەرگەرییەی بۆ کراوە و ئێستا قوتابییە لە پۆلی شەشەمی بنەڕەتیدا.

عەبدولقادر باوكی سروە ڕوونی كردەوە کە سروەی كچی منداڵ بووە، هەر لەو کاتەوە هەستیان بە نەژنەواییی كچەكەیان كردووە، بەڵام بەهۆی تەمەنیەوە نەیانتوانیوە نەشتەرگەریی بۆ بكەن؛ پاشان لە لایەن تیمێكی پزیشكی ئوردنی لە نەخۆشخانەی حكومی یەكەمین نەشتەرگەریی بۆ كراوە و بەمەش توانراوە هەستی بیستن پەیدا بکات، ئێستاش بەهۆی ئەو نەشتەرگەریانەی بۆی دەكرێت گرفتی لە بیستن نییە.

عەبدولقادر ڕوونی كردەوە گرفتی ئەوان لە گرانی نرخی چارەسەرییەكەیە، بە تایبەت باتری ئامێرەكانی بیستن كە هەر پاترییەك بە سێسەدوپەنجا دۆلارە. ئەو هیوای خواست كە وەزارەتی تەندروستی و حكومەت كار بكەن بۆ دابینكردنی تێچووی نەشتەرگەرییەكان و پێدانی پاتری.

د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی لە مەراسیمێكدا بۆ ژمارەیەک لە منداڵانی نەبیس و نەگۆ و خانەوادەیان کە کێشەی نەژنەوایی (کەڕی) و لاڵی و زماننەپژان (قسەنەکردن)یان هەبوو ئامادە بوو، ئەو مەراسیمە بۆ ئەو منداڵانە ڕێك خرابوو كە دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەریی پێشكەوتووی چاندنی لوولپێچی (زرع قوقع)ی گوێ لەناو مێشك و وەرگرتنی چارەسەری سروشتی قسەكردن چاك بوونەتەوە.

ژمارەی ئەوانەی ئەو نەشتەرگەریەیان بۆ كرابوو، نزیكەی پێنسەد منداڵ لە سەرجەم پارێزگاکانی کوردستان بوون و چاك بوونەتەوە و ئێستا ژنەوان و گوێچکەیان دەبیسێ و، گۆیان و زمانیان پژاوە توانای قسەكردنی تەواویان هەیە.

وەزیری تەندروستیی هەرێم جەختی كردەوە كە ئەوان وەك وەزارەتی تەندروستی و حكوومەتی هەرێم بەردەوام كار دەكەن بۆ ئەوەی بتوانن لە هەموو جۆرەكانی چارەسەری پێشكەوتوو هاووڵاتیانی هەرێم سوودمەند بن لێی و ڕاشیگەیاند: بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان گرێبەستی دابینكردنی ئامێری لوولپێچ بۆ ١٤٤ منداڵی دی واژوو بكات بۆ ماوەی یەك ساڵ بۆ کردنی نەشتەرگەریەکان كە هەریەكەیان نزیكەی ١٥هەزار دۆلار خەرجی تێدەچێت و، تەواوی ئەم خەرجیەیش حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیکێشێت و ڕەزامەندیی لەسەر دراوە.

ئێستە سروە و هاوڕێكانی، بەهۆی ئەو پێشكەوتنەی تەكنەلۆژیاوە تواناییی بیستنیان هەیە و بە ئاسانی گوێیان لە ئاخاوتنەكانە، بەڵام بەبێ ئەو ئامێرە ناتوانن بژنەفن (ببیسن).