بڕیار وایە بەم زووانە ئامادەکاری بكرێت بۆ کردنەوەی سەنتەرێکی تایبەت بە نەشتەرگەری چاندنی ئەندامانی لەشی مرۆڤ لە هەولێری پایتەختدا.
د. عەبدوڵا سەعید راوێژکاری وەزارەتی تەندروستی بە یاوەریی د. دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر و د. هونەر مستەفا پزیشکی تایبەتمەندی بێهۆشکاری سەردانی نەخوشخانەی رزگارییان کرد لە شاری هەولێر و لەگەڵ بەڕێوەبەری نەخۆشخانە و کۆمەڵێک پزیشکی تایبەتمەند و ستافی کارگێڕی نەخوشخانە کۆ بوونەوە؛ ئامانج لە كۆبوونەوەكە گەنگەشەی بابەتی پرۆژەی کردنەوەی سەنتەرێکی تایبەت بە نەشتەرگەریی چاندنی ئەندامانی لەشی مرۆڤ کرا و بە یاوەریی تیمەکە سەردانی مەیدانی ئەو باڵەخانەیەش كرا کە بۆ پرۆژەکە پێشنیار کراوە.
د. عەبدوڵا سەعید كە هاوكات سەرپەرشتیاری پروگرامی بەخشین و چاندنی ئەندامانی لەشی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان جەختی كردەوە كە باڵەخانەکە بۆ ئەو پرۆژەیە گونجاوە و بڕیار درا کە بە زووترین کات تیمێکی تایبەتی پزیشکی، ئەندازیاری و تەکنیکی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر سەردانی شوێنی پروژەکە بکەن و کاری پێویست بو نۆژەنکردنەوە و دابینکردنی کەلوپەل و ئامێری پزیشکی لە لایەن وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت بۆ بەگەڕخستنی سەنتەرەکە بو خزمەتی زیاتری هاوڵاتیان لە هەرێمی کوردستان.
پەرلەمانی كوردستان لە كانوونی دووەمی ساڵی 2018 لە ڕێگەی دەركردنی یاسایەك بە ناوی (گواستنەوە و چاندنی ئەندامەكانی جەستەی مرۆڤ) پەسەند كرد. پەرلەمانی كوردستان لەپێناو ڕێكخستنی بەخشین لە كۆمەڵگەدا و بەرجەستەكردنی بەهاكانی مرۆڤایەتی و قوربانیدان و بەخشندەیی و میهرەبانی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و یارمەتیدانی كەسانی دیكە و دەربازكردنی ژیانیان ئەو یاسایەی دەر کرد. لە هەرێمی كوردستان، بەربڵاوترین بەخشینی ئەندامی جەستە گورچیلەیە.