چۆن تای منداڵەكەت دابەزێنی

شەپۆلە بەهێزی نەخۆشی هاتووە و منداڵانی تووشی نەخوشینی وەرزی كردووە و تایەکی بەرزیان هەیە؛ پرۆفیسور یاردەدەر د. نزار گۆران دکتۆرا لە نەخۆشەوانیی منداڵان لە چەند خاڵێکدا ئامۆژگاری دایک و باوكان دەكات كە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ منداڵەكەیاندا بكەن و بە وردی چاودێریان بن.

بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش “تا” نیشانەی نەخوشیی وەڵامدانەوی لەشە بۆ نەخوشی، پلەی گەرمی سروشتی لەش لە نیوان (36.4_37.4) سەدیە، بۆیە پێویستە دایک و باوک بزانن بە چ ڕێگەیەك، كار بۆ دابەزینی “تا”ی منداڵەكەیان بكەن.

دەربارەی ئەوەی كە لە كاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی منداڵ پێویستە سەرەتا لە ماڵەوە چی بكەیت، د. نزار گۆران دەڵێت:

1. لابردی جلی زیادە، بەڵام نابێت منداڵ ڕووت بکرێتەوە، نەکا تووشی لەرز ببێت، چونکە منداڵ زوو گەرمای لەشی لە دەست دەدات.

2. فێنكراگرتنی ژوور بە کردنەوەی دەرگا و پەنجەرە و رێکخستنی پلەی گەرمای ژوور کەوا باشترە 23 پلە بێت و لابردنی ئامێری گەرمکەرەوە وەکو سۆپا و هیتەر.

3. پێدانی کەمێک ئاوی سارد. 

4. دانانی کەمادەی سارد یان لەزگەی “تا ” لە نێو چاوانی منداڵ.

5. زوو زوو پێوانی پلەی گەرمی؛ ئەگەر پلەی گەرمی لە 40 تێپەڕی یان کەوتە بن 35.5 و دابەزی و ڕێک نەبوو دەبێت بە زووترین کات بیگەیێنیتە نەخۆشخانە.

6. پێدانی دەرمانی پاراسیتوڵ بە شێوەی قەترە و شروب یان فتیلە بە پێی کێشی منداڵ کە 10 بو 15 ملگ بو هەر کیلویەك و، 3 تا 4 ژەم لە رۆژێکدا.

7. پێدانی دەرمانی پرۆفین ئەگەر تا و یاوەکەی بەرزتر بوو یان ئازاری هەبوو ئەویش بەپێی کێشی منداڵ 10 ملگ بۆ هەر کیلۆ و، بۆ هەر ژەم بۆ 3 جار لە رۆژیكدا.

8. ئەگەر منداڵ گەشکەی تای هەبوو دەبێت لە ماڵەوە پیوەری تا ودەرمانی تات هەبێ. 

9. ئەگەر تای لە سێ رۆژ زیاتری خایاند دوای پێدانی دەرمانی پاراسیتول یان پرۆفین، پێویستە سەردانی دکتۆری مندالان بکەی. 

10. دەرمانی دژەزیندەکی واتە هەوكردن یاخود “ئیلتهاب” لە خۆتەوە مەیدەرە منداڵەكەت، مەرج نییە سوودی لێ وەرگرێ بەڵکو زیانی زیاترە لە کاتی نەخوشینی وەرزیدا. 

11.نابێت گەرماو “حمام”ـی بۆ بکەی چونکە دەبێتە هۆی لەرز.

12. زوو زوو ئاوی پێ بدە بۆ ئەوەی بێپارێزی لە وشکداگەڕان.

13. ئەسپرین بۆ منداڵی 16 ساڵ کەمتر بەکار مەهێنە.

14. پرۆفین بۆ منداڵی 3 مانگ یان 5 کیلو کەمتر یان ئەو منداڵەی نەخوشینی رەبۆی هەیە بەکار مەهێنە.

15. منداڵەکەت ئەگەر (گەشکەی گرت، لەشی سوور داگەڕا، پووک و دەمی کول بوو، شیری نەخوارد، یان وشك داگەڕا) بە زووترین کات بیگەیێنە نەخۆشخانە.

16. پاراسیتوڵ مەدەرە منداڵەکەت ئەگەر تەمەنی لەڤدوو مانگان کەمتر بوو.

17. پاراسیتوڵ شروب و فتیلە لە یەک کاتدا بەکار مەهێنە؛ چونکە توشی ژەهراویبوونی جگەر ی دەکات. 

18. باشتر وایە فتیلە بۆ منداڵی خوار تەمەن 2 مانگ بەکار نەهێنی چونکە دەبێتە هۆی بریدار بوونی. 

19. لەکاتی بەکار هێنانی فتلیە باشتر وایە کەمێک بە زەیت چەور بکرێت بەڵام نابێت ڤازەلین بەکار بێت.

20. نابێت لە یەك کاتدا فتیلەی دیکلوفیناک (ڤۆڵتارین) و پرۆفین بەکار بێنن. 

21. نابێت فتیلەی دیکلوفیناک بەکار بێنی ئەگەر منداڵەکەت کێشەی گورچیلە و گەدەی هەبێت.

ھەواڵی زیاتر