دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان سەبارەت بە قەدەغەكردنی زمانی كوردی لەسەر نووسراوە فەرمییەكانی فەرمانگەی تەندرووستیی كەركووك ڕاگەیانراوێكی بڵاو كردەوە كە بە هەوڵ و كۆششی فراكسیۆنە كوردییەكان وەزارەتی تەندروستی بڕیاری دا زمانی كوردی بگەڕێنێتەوە سەر نووسراوە فەرمییەكانی كەركووك.
لەو ڕاگەیانراوەدا هاتووە: دوای لادانی زمانی کوردی لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی کەرکووک، ئێمە وەک دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان دەستبەجێ تەواوی فراکسیۆنە کوردستانییەکانمان لە بەغدا لەگەڵ ھەموو ئەو لایەنانەی کە پەیوەندییان ھەیە بەم کارە نادەستوورییەوە ئاگادار کردەوە، خۆشبەختانە دوای ھەوڵ و کۆششی فراکسیۆنە کوردییەکان و بەدەنگەوەھاتنی حکوومەتی نوێی عێراق، وەزارەتی تەندروستی بڕیاری دا زمانی کوردی بگەڕێنێتەوە سەر نووسراوە فەرمییەکان، وەک ئەوەی لە ماددەی چواری دەستووردا ئاماژەی پێ کراوە.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە: وەک دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، پێمان وایە لە هەر کات و شوێنێک دوور لە موزایەدە، گیانی بەرزی نیشتمانی زاڵ بووبێت لەو شوێنەدا گەلەکەمان لە بەدیهاتنی ئاواتەکانی نزیک بووەتەوە، ئەم هەوڵەش دەرەنجامی خەباتی پێکەوەییمانە، بەهیواین بۆ داهاتووش بەری خەباتی هاوبەشی کۆی فراکسیۆنەکانمان لە بەغدا دواخاڵەکانی کارنامەی بڕیارلێدراوی بەڕێز سوودانی بەدی بهێنێت.
هاوكات ئەوەش خراوەتە ڕوو، لە لایەکی ترەوە ئەم ڕاستکردنەوەیە وەک دەستپێکێکی باش دەبینین بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی تر و جێبەجێکردنی تەواوی کارنامەکەی سەرۆک وەزیران، بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی و بەپێویستیشی دەزانین سوپاسی وەزارەتی تەندروستیی عێراق بکەین کە دەستووریان کرد بە بنەما بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
پێشتر ماڵپەری هەولێر كە بە نووسراوی فەرمی فەرمانگەی تەندروستیی كەركووك زمانی كوردیی قەدەغە كرد كە لەسەر ئەو تابلۆیانەی مۆڵەتی تەندروستی پیشەوەرەكانی سنووری پارێزگای كەركووك بنووسرێت و دەبێت لەسەر ئەو تابلۆیانە تەنیا بە زمانی عەرەبی بنووسرێت كە ئەوەش كاردانەوەی لێ كەوتەوە