چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ژماره‌ی قوربانییانی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی شه‌وی ڕابردووی سلێمانی ئاشكرا ده‌كات

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ دوایین ئاماری ڕووداوی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی شه‌وی ڕابردووی گه‌ڕه‌كی كازیوه‌ی سلێمانی ئاشكرای كرد كه‌ تا ئێستا 6 گیانله‌ده‌ستدان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌ ته‌ندروستییه‌كانی سلێمانیش سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمێكی تری ڕووداوه‌كه‌یان له‌ژێر سه‌قفی خانووه‌كه‌دا ڕاگه‌یاند.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ڕایگه‌یاند: بەداخەوە بەهۆی رووداوه‌ نەخوازراوه‌كه‌ی شه‌وی ڕابردووی گەڕەكی كازیوەی پارێزگای سلێمانی تاوەكو ئێستا 6 هاووڵاتی بوونەتە قوربانی، قوربانییه‌كانیش لە تەمه‌نی (11، 13، 15، 38 و 55) ساڵیدان.

ڕاشیگه‌یاند: ژماره‌ی برینداره‌كانیش بریتین له‌ 11 كه‌س.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ تا ئێستا زیاتر لە 13 هاووڵاتی تریش بێ سەروشوێنن و له‌نێو دار و به‌رد و پاشماوه‌ی خانووه‌كه‌دا ماون.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ داموده‌زگا ته‌ندروستییه‌كانی سلێمانی سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمێكی تری ڕووداوه‌كه‌یان له‌ژێر سه‌قفی خانووه‌كه‌دا ڕاگه‌یاند.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ سەرەڕای هاووخەمییان بۆ ئه‌و رووداوە دڵتەزێنەی شه‌وی ڕابردووی پارێزگای سلێمانی، لە هەمانكاتدا ناوەندە تەندروستییەكان لە شوێنی مەبەست ڕاسپێردراون بۆ چارەسەركردنی ته‌واوی بریندارانی ڕووداوه‌كه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ رۆڵی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومه‌تی هه‌رێم و پارێزگای سلێمانی بەرز دەنرخێنن و هاوكارییه‌كانیان جێگه‌ی هەستكردنە بە بەرپرسیارەتی.