چارەسەری گۆشتی زیادەی توورەکەی زراو

ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر

هەندێ جار کاتی سۆنارکردن بۆ حاڵەتێکی تری نەخۆشی گۆشتی زیادەی توورەکەی زراو بە دیار دەکەوێت و بۆ پزیشك ڕوون دەبێتەوە كە نەخۆش گۆشتی زیادەی ناو توورەکەی زراوی هەیە.

د. دەوەن حەوێزی پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی ئاماژە بەوە دەدات كە زۆرینەی جار، نەخۆش هیچ نیشانەیەکی نییە، هەربۆیە سەردانی پزیشكیشی بۆ ناكات.
د. دەوەن حوێزی دەڵێت: لە دوای ڕوونبوونەوە بۆ پزیشك كە نەخۆشەكە گۆشتی زیادەی توورەکەی زراوی هەیە
ئەوەی خاڵی گرنگە بۆ بڕیاردان لەسەر چارەسەر قەبارەی گۆشتەکەیە، ئەگەر قەبارەی گۆشتەکە لە یەک سانتیم (١٠ ملم) زیاتر بێ دەبێ نەشتەرگەری بۆ ئەنجام بدرێ، خۆ ئەگەر قەبارەکەی ٥ بۆ 9 ملم بێ دەوەستێتە سەر کۆمەلێک هۆکار وەک تەمەنی زیاتر لە ٦٠ ساڵان؛ بوونی حاڵەتی شێرپەنجە لە خێزان؛ بوونی هەندێ نیشانە؛
خۆ ئەگەر ئەو حاڵەتانە نەبوو نەخۆشەکە چاودێری دەکرێت بە کردنی سۆنەر، پاش سێ مانگ ئنجا شەش مانگ ئنجا ساڵێک، دوو ساڵ ئەگەر قەبارەی گۆشتەکە زیادی کرد رەنگە بڕیاری نەشتەرگەری بدرێ؛ ئەگەر قەبارەکەی لەو دوو ساڵە زیادی نەکرد زۆرینەی جار نەشتەرگەری ناوێت، هەربۆیە قەبارەی کەمتر لە پێنج ملیم تەنها چاودێری دەوێت و دەستنیشانکردنی بە سۆنەرە و پێویستی بە پشکنینی زیاتر نییە.
د. دەوەن حەوێزی ڕوونی دەكاتەوە كە نەشتەرگەری بریتی دەبێت لە لابردنی توورەکەی زراوەکە و ناردنی بۆ پشکنینی شانەیی و بێگومان دوا بڕیار لای پزیشکی تایبەتمەندە.

ھەواڵی زیاتر