شێوازی پاراستنی منداڵ لە هەواپەتا

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

بەشێكی زۆری منداڵان، بە تایبەت قوتابیانی باخچەكان و سەرەتایی، نەخۆشینی هەواپەتا (پەتای وەرزی)یان گرتووە.

د. پشدەر عەبدوڵا پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی منداڵان ڕایدەگەیەنێت كە هەواپەتا (پەتای وەرزی) نەخۆشیەکی ڤایرۆسیە، بەشی سەرەوەی کۆئەندامی هەناسە تووش دەبێت یەک بۆ سێ ڕۆژ دوای بەریەککەوتن لەگەڵ ڤایرۆسەکە، بۆ ماوەی هەفتەیەک بۆ 10 ڕۆژ بەردەوام دەبێت، نەخۆشییەکی ترسناک نییە و خۆی چاک ئەبێتەوە دوای تەواوکردنی سووڕی ڤایرۆسەکە.

نیشانەکانی:
1- لووتەچۆڕە؛ لووتی تەڕ ئەبێت.
2- ناقەخورە و ناقئێشە؛ قوڕگ دەخورێ و ئازاری دەبێت.
3- کۆکە و قفە.
٤- بێهازی و بێهێزی؛ منداڵ هازی تێدا نیە و هێزی دادەهێزرێ و هەست بە ئازار و بێتاقەتی دەکات.
٥- پژمە و پژمین.
٦- نچەتا؛ تا (یاو)ێکی کەم هەندێک جاریش تایەکی بەرز.
7- ئەوگاری و بێزاری؛ بە گشتی منداڵەکە لەبەر لەشی ئەوگارە و قەلبی خۆش نیە و بێزارە.
لە چ کاتێکدا پێویستە پزیشک بیبینێت:
1- تا بەرزتر لە 38 پلەی سیلیزی لە منداڵی خوار تەمەنی سێ مانگان.
2- بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی یان مانەوەی تا و یاوەکەی بۆ زیاتر لە دوو ڕۆژ.
3- نیشانەکانی بەرەو خراپی بڕۆن.
٤- سەرئێشەی گران و کۆکەی زۆر.
٥- خیزەی سنگ.
٦- گوێچکەئێشە.
7- تۆحبڕان و لەخواردنکەوتن؛ ئارەزووی خواردنی نەمێنێت.
8- هۆشی بەرەو خراپی بڕوات.

چۆنیەتیی خۆپاراستن:
1- بەردەوام دەستی منداڵەکە بە سابوون بشۆ.
2-بەردەوام ئاگاداری پاکوخاوێنیی ناندین و گەرماو (مەتبەخ و حەمام) بە.
3- بەردەوام دەسەسڕ و کلێنێکس بەکار بهێنە بەتایبەت لە کاتی کۆکە و پژمەدا؛ منداڵەکەت فێر بکە ئەگەر کلێنێکسی دەست نەکەوت، لە کاتی کۆکە و پژمەدا، دەمولووتی بنێت بە ئانیشکیەوە، با ڤایرۆسەکە بڵاو نەکاتەوە.
٤- هەوڵ بدە بە هیچ شێوەیەک کەوچک و پەرداخی کەسی تووشیار بەکار نەهێنێت.
٥- هەوڵ بدە بەریەککەوتنی لەگەڵ کەسی تووشیاردا نەبێت.

چارەسەرەکانی لە ماڵەوە:
1- خواردنەوەی بڕێکی زۆر لە شلەمەنی وەک ئاو و شەربەت وەک شەربەتی لیمۆ بە گەرمی.
2- خواردنی شۆربای مریشک.
3- پشوودان لە ماڵەوە.
٤- ڕێکخستنی پلەی گەرمی و رادەی شێی ژووری پشوودانی منداڵەکەت؛ نابێت زۆر گەرم یان سارد، یان وشک بێت.
٥- غەرغەرەکردن و بەدەمدادانی خوێ و ئاو (خوێواو).

ھەواڵی زیاتر