ساردداهاتن، یان گەرمداهاتن، تەزین و لاقئێشە، ئەڵها و گازندە و ئەوگارێکی باوە؛ زۆر کەس ئەو کێشەیەی هەیە، بەتایبەتی دوای تەمەنی چل ساڵان و زیاتر.
د. یوسف خەتێ پزیشکی ڕاوێژکاری هەناو و شەکرە ڕوونی دەكاتەوە بەشێك لە خەڵكەكە سەردانیان دەكەن لە نۆرینگە و لەبەر قاچیان ئەوگارن و دەڵێن گەرم دادێت؛ ئەم حاڵەتەش لە دیدی نەخۆش زۆر لێکدانەوەی هەیە، کاتێک قاچی گەرم دادێت، هەست بە ناڕەحەتی دەکات، لە خۆی دەپرسێت دەڵێت دەبێ چی بێت؟
بە ڕاستی تەزین، مێروولەکردن، هەستی دەرزییئاژن (دەرزیپێاچوون) و گەرمداهاتن، دەبێ چی بێت لە قاچەکان؟
د. یوسف خەتێ ڕوونی دەكاتەوە كە ئاشکرایە دەماری هەستەوەر بە هەموو بەشەکانی پێستی مرۆڤدا بەربڵاون، قاچەکانیش بەو شێوەیە، ئەو نیشانانە بریتین لە هەڵچوونی ئەو دەمارانە، نیشانە پۆزەتیڤەکان، واتە هەستێکی گەرمداهاتن، ژان، یان بەرکەوتن دروست دەبێت، بەبێ ئەوەی برینداری یان هەوکردنی بەکتریایی ڕووی دابێت.
دەمارەچێوەییەکان تووشی هەوکردن و نەخۆشی دەبن بەبێ ئەوەی بەکتریا، ڤایرۆس یان هێزی فیزیایی تووشی پێکانی کردبێت.
د. یوسف خەتێ لە بارەی ئەو هۆكارانەی كە وا دەکەن ئەو دەمارەچێوەییانە توشی نەخۆشی ببن ناوی چەند هۆکارێکی بەربڵاو دەخاتە ڕوو.
* شەکرە
* جگەرەخواردن
*خواردنەوەی کحول
* کەمداگەڕانی ڤیتامین B12
* کەمدا گەڕانی فۆلیک ئەسید
* کەمداگەڕانی ڤیتامین B 1
* پەککەوتنی گورچیلە
* بەکارهێنانی دەرمانی درێژخایەن
* تەمبەڵداگەڕانی رژێنی تایرۆئید (دەرەقی)
ئەگەر كەسێك هەستی بەو حاڵەتە كرد بچێتە لای کام پسپۆڕ؟
د. یوسف خەتێ: بێ گومان ئەوە کاری پزیشکی پسپۆڕی مێشک و دەمارە، واتە دکتۆری جەڵتە و سەر و مێشک؛ زۆر دەبینم نەخۆش جار هەیە پێویستە بزانێت ئایا دەچێتە لای کام پسپۆڕیەک؛ ئەو جۆرە نەخۆشانە کە ئەو نیشانانەی هەبێت دەچنە لای پسپۆڕی جیاجیا، چونکە درێژخایەنە و جار هەیە زوو چاک نابنەوە.
هەروەها ئەو جۆرە هەوکردنەی دەمارەکان جار هەیە دەبێتە هۆی سڕداگەڕانی دەست و پێیەکان، یان لەدەستدانی هەستی ئازار، بۆیە لە کاتی بەرکەوتن و برین درەنگ هەستی پێ دەکرێت و برین و پێکان ئاڵۆز دەبن و درێژ دەبنەوە، بەتایبەتی لە حاڵەتی نەخۆشینی شەکرە ئەو برین و ڕەشداگەڕان و هەوکردنانە ڕوو دەدەن.
فاکتەرێکی دیکەی برین و ڕەشداگەڕانی پێی شەکرەدار هی ئەوویە خوێنی کەمی بۆ دەچێت، واتە دەمارەکانی خوێن تەسک دەبنەوە، دەگیرێن، ئەو کاتە قاچ سارد دەبێتەوە و ژان دەکا و، لەوانەیە لێی بکاتە گەنگرین.
بۆ شەکرەی پێ چی بکەین؟
چۆن ڕێی لێ بگرین؟
. جگەرە تەرک بکە؛
. شەکرەکەت باش کۆنترۆڵ بکە؛
. فشاری خوێن کۆنتروڵ بکە بە تەواوەتی؛
. ڤیتامین دی و B12 پێویستە پێوانە بکرێن؛
.. ئاگاداری بەرکەوتن و خاوێنی پێیەکانت بە؛
.. جووڵە و وەرزش پشتگوێ مەخە؛
. کەمترین بەرکەوتن و برین پێویستە چارەسەر بکرێت.
ستایلی ژیانی تەندروست؛ کێش دابەزاندن، خواردنی تەندروست و گرنگیدان بە وشک ڕاگرتن و خاوێن ڕاگرتنی پێیەکان زۆر گرنگن؛ بەهەندوەرگرتنی تەندروستی، کاتوسات هەوڵ پێدان زۆر بنچینەییە، ئێمە پێویستە ئاراستەی بیرکردنەوەمان بگۆڕین بۆ ئەو خۆرهەڵاتەی کە تەندروستی، لەشساغی و چالاکیی دەروونی و جەستەیی لەوێوە هەڵدێت و تیشکی ڕووناک دەبەخشێت.