دەربارەی دەرزیی تێكەڵە، هۆشدارییەکی توند دەدرێت

لقی گەرمیانی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی لە ڕاگەیێنراوێكدا هۆشدارییەکی توند دەداتە نۆرینگەكانی كارمەندانی تەندروستی كە دەرزی تێكەڵە بەكار نەهێنن.

بە گوێرەی نووسراوەكە ئاماژە بەوە دراوە كە بەكارهێنانی دەرزیی تێكەڵە قەدەغەیە و نابێت لە نەخۆش بدرێت و هەر نۆرینگەیەك بەكاری بهێنێت بە گوێرەی یاسا سزا دەدرێت.

لە نووسراوەكەدا هاتووە بەكارهێنانی دەرزییە تێكەڵەكە كاریگەری دوورمەودای نەرێنیی لەسەر گورچیلە و ئەندامەكانی دیكەی جەستە دەبێت.

لقی گەرمیانی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی جەختی كردووەتەوە كە، هەر كارمەندێكی تەندروستی لە نۆرینگەكەی دەرزیی تێكەڵە بەكار بهێنێت بە یاسا سزا دەدرێت.

ساڵانە بە هۆی گۆڕانكاری كەشوهەوا و نەخۆشییە گوزاراوەكانی پاییزی وەكو كۆكە و هەڵامەت خەڵكێكی زۆر لە سەر خواستی خۆیان داوای دەرزیی تێكەڵە دەكەن كە ئەمش لە ڕووی زانستی پزیشكییەوە ڕێگەپێدراو نییە.

دەرزیی تێكەڵە چەندین جۆری ھەیە بەڵام باوترینیان كە بە نەخۆش دەدرێت، پێكهاتەكەی لە مادەیەكی ستیرۆیدی و مادەیەكی تری ئازارشكێن پێك دێت كە تێكەڵ دەكرێن؛ مادە ستیرۆیدیەكە زۆرجار دگزامیتازۆن (dexamethasone)ـە و مادە ئازارشكێنەكە ڤۆڵتارین (Voltarin)ـە؛ ئەم جۆرە دەرزیانە بەھیچ شێوەیەك ڕێگەپێدراوی تەندروستی نیە بە پێی لێکۆڵینەوەکان لەوانەیە لە دۆخێکدا توانای کۆنترۆڵکردنی ئازار و هەوکردنی هەبێ بەڵام کاریگەرییە خراپەکانی زۆر زیاترن لە سوودەکانی. 

جگە لە سەندیكای كارمەندانی تەندروستی پێشتر وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان بە نووسراوێک لە ڕێکەوتی 25/7/2022 گشتاندنی بۆ سەرجەم شوێنە پزیشكییەكان كردووە كە تێدا داوای كردووە كە بە هیچ شێوەیەک دەرزیی تێكەڵە بەكار نەهێنن.

ھەواڵی زیاتر