دووەم نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵان لە ھەولێر دەکەوێتە کار

نەخۆشخانەی ئیماراتی تایبەت بە لەدایکبوون و منداڵان ڕۆژی سێشەممە بەڕووی ھاووڵاتییاندا دەکرێتەوە و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەش دەڵێت، دووەم نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانە و خزمەتگوزاری پێشکەش بە ھاووڵاتییان دەکات.

د. لانە تەلعەت، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی ڕاگەیاند: “نەخۆشخانەی ئیماراتی لە شارەدێی بەحرکە تایبەت کراوە بە نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵان، نەخۆشخانەکە بە ستاف و ئامێری پێویست ئامادەیە بۆ پێشوازی لە نەخۆش و ڕۆژی سێشەممەی داھاتوو دەکرێتەوە بە ڕووی ھاووڵاتییاندا و دەستبەکار دەبێت، ئەمەیش دەبێتە دووەم نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵان لە شاری ھەولێر و دەوروبەری.”

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە ڕوونی کردەوە: “نەخۆشخانەی ئیماراتی بۆ دایکبوون و منداڵان ھۆڵی نەشتەرگەری ھەیە و ھەم نەشتەرگەریی تێدا دەکرێت و ھەم ڕاوێژکارییە بۆ نەخۆشییەکانی لەدایکبوون و منداڵان، واتە تایبەتە بەو نەخۆشانەی پێویستیان بە خزمەتگوزاریی تەندروستییە بۆ لەدایکبوون و منداڵان.”

د. لانە تەلعەت دەڵێت: “کردنەوەی نەخۆشخانەیەکی نوێی لەدایکبوون و منداڵان، پێویستیی ناوچەکە و شاری ھەولێرە، چونکە لە ھەولێر تەنیا یەک نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵان ھەیە و ئەمە دەبێتە نەخۆشخانەی دووەم و ٤٠ تەخت لەخۆ دەگرێت، کردنەوەی نەخۆشخانەکە کاریگەریی خۆی دەبێت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی لە ھەولێر.”

ھەواڵی زیاتر