چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

حکومەتی هەرێمی کوردستان سێ ملیار و ٦٠٠ هەزار دینار خزمەت بە توشبووانی شێرپەنجە دەکات

بریکاری بەڕێوەبەرایەتیی سەنتەری چارەسەریی نەخۆشیی شێرپەنجە لە پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند، ئەمساڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە گوژمەی سێ ملیار و 600 ملیۆن دینار پێداویستی و دەرمانی نەخۆشانی شێرپەنجەی لە دهۆک دابین کردووە و هەمووی بەبێ بەرانبەر بەسەر نەخۆشانی شێرپەنجەدا دابەش دەکرێت.  

د. چه‌كدار ئه‌حمه‌د، بریکاری بەڕێوەبەرایەتیی سەنتەری چارەسەریی نەخۆشیی شێرپەنجە لە پارێزگای دهۆک ڕاگەیاند: ”دەرمانی و پێداویستیی نەخۆشیی شێرپەنجە بەبێ بەرانبەر بۆ نەخۆشەکان دابین دەکرێت و ئەمساڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە گوژمەی سێ ملیار و 600 ملیۆن دیناری بۆ چارەسەریی نەخۆشیی شێرپەنجە دابین کردووە و چەندین خزمەت پێشکەش بە نەخۆشانی شێرپەنجە دەکرێت، وەکوو دەستنیشانکردن و تۆمارکردن و چارەسەری نەخۆشییەکە بە نەشتەرگەری و چارەسەری کیمیایی و هۆرمۆنی بە باشترین شێوە.”

ئاماژەی بەوەش دا: ”ئەمساڵ نەخۆشخانەی چارەسەریی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە دهۆک دروست دەکرێت و ئێستا نەخۆشخانەی چاندنی مێشکی ئێسک لە قۆناغی کارکردندایە و زۆر نەخۆشیش بۆ وەرگرتنی چارەسەری لەسەر ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی دەرەوەی وڵات دەکرێن.”

ئاشکرایشی کرد: ”چەندین سەنتەر و پرۆگرام بۆ چارەسەریی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە دهۆک دابین دەکرێن و تەندروستیی دهۆک بەردەوام کار دەکات بۆ خزمەتکردنی نەخۆشانی شێرپەنجە.”

د. شلێر عەبدولڕه‌حمان، بەرپرسی هۆبەی کۆنترۆڵکردنی کاروباری شێرپەنجە لە تەندروستیی پارێزگای دەهۆک ڕاگەیاند: ”ساڵی 2018 لە پارێزگای دهۆک هەزار و 152 حاڵەتی تووشبووی شێرپەنجە تۆمار کرابوو و 35 کەسیش گیانیان لەدەست دابوو، ساڵی 2019 ڕێژەی تووشبوان زیادی کرد و هەزار و 369 حاڵەت تۆمار کران و 31 کەسیش گیانیان لەدەست دا، ساڵی 2020 ڕێژەی تووشبوون کەم بووەوە و 767 حاڵەت تۆمار کرا و 18 کەس گیانیان لەدەست دا، ساڵی 2021 جارێکی دیکە ڕێژەی تووشبوانی شێرپەنجە زیادی کردەوە و هەزار و 16 حاڵەت تۆمار کرا و 43 کەسیش گیانیان لەدەست دا.”

ئاشکرای کرد: ”ئەمساڵ (2022)یش 725 حاڵەت تا ئێستا تۆمار کراوە، لەوانە 157 حاڵەتیان شێرپەنجەی مەمک بووە.”