د. نیگا شەفیق حەمەڕەشید پسپۆری نەخۆشیەکانی مناڵان و گەشە و خۆراکی مناڵان دەربارەی چۆنیەتیی ڕاهێنانی منداڵ بۆ چوونەئاودەست چەند ڕێنماییەكی بۆ دایك و باوكان هەیە و لە چەند خاڵێكدا چۆنیەتیی ئەو ڕاهێنانە دەخاتە ڕوو.
د. نیگا شەفیق حەمەڕەشید دەڵێت: سەرەتا پێویستە ئەوە بزانین کە هەموو مناڵان لە تەمەنێكی دیاریکراودا فێری ئاودەست نابن و، بەندە بە گەشەی جەستە و مێشکی مناڵەکەوە، بەڵام زۆرینەی مناڵان لە تەمەنی ١٨-٣٢ مانگاندا ئەگەر فێر بکرێ، لەسەری رادێ. هەربۆیە بۆ دەستکردن بە پرۆسەکەش هەست بەمانە دەکەیت کە مانای وایە مناڵەکە ئامادەیە بۆ فێربوون.
1- تەنگاو دەبێ کاتێ پەڕۆ (دایبی)ـەکەی تەڕ یا پیس بێت و دەیەوێ لە خۆی بکاتەوە.
2- شەوانە وشكە و خۆی تەڕ ناکات.
3- ئاگادارت دەکاتەوە کاتێ تەنگاو دەبێت.
4- کاتی دیاریکراوی ئەبێت بۆ خۆبەتاڵکردن وەک بەیانیان، دوای نانخواردن یان شەوان پێش خەوتن.
5- تێدەگا و دەزانێ ئاودەست (تەوالێت) بۆچی بەکار دێت و، دوای دایک و باوکی دەکەوێت بەرەو ئاودەست.
دایك و باوك لە دوای هەستكردن بەو نیشانانە چی پێویستە بكەن؟
د. نیگا شەفیق حەمەڕەشید لەم کاتەدا ئەوەی لەسەر دایک و باوکانە بیکەن بریتیە لەم هەنگاوانە:
- باشترە راهێنانەکە لە هاوینان یا لە کەشوهەوایەکی گونجاودا بێت بۆ ئەوەی مناڵەکە نەترسێت و زوو فێر ببێت.
- سەرەتا بە زمانێکی سادە چۆنیەتیی بەکارهێنانی تەوالێتی بۆ روون بکەرەوە و هەوڵ بدە لەبەرکردنی جلی ژێرەوە و پاكوخاوێنیی لا شیرین بکەیت.
- دەتوانیت وێنە و ڤیدۆ و کتێبی فێرکاری بەکار بهێنیت بۆ روونکردنەوەی زیاتری بابەتەکە.
- لەگەڵ خۆت لە ئاودەست هەنگاوەکانی چوون بۆ سەرئاوی فێر بكەیت؛ نیشانی بدەیت، یا بووکەڵەیەکی بدەیتێ و بڵێی فێری تەوالێتی بکە؛ بەمە زیاتر رادێت لەگەڵ رەوتەکەدا.
- هەردووکتان لەسەر وشەیەک رێک بکەون کە بەکاری بهێنن کاتێ مناڵەکە پێویستی بە خۆخاڵیکردن بوو.
- لە سەرەتاوە، هەمیشە بە تەنیشتیەوە بە و قسەی لەگەڵدا بکە بۆ ئەوەی بێتاقەت نەبێت و زوو هەڵنەسێت.
- ئەگەر بە یەکجار پەڕۆ (دایبی)ـەکەت لێ کردەوە و پەڕۆت نەخستەوە، ئەوە زووتر فێر دەبێت، بەڵام خۆپیسکردنیشی زیاتر دەبێ؛ بۆیە دەبێت خۆتی بۆ حازر کەیت.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا پێویستە ئەوەت لەبەرچاو بێت کە ئەم راهێنانە شتێکی زۆر ئاسان نییە و بە ماوەی شەوورۆژێک ناهێتە دی؛ پێویستی بە کات و رەنج و ئارامگرتن هەیە.