د. محەمەد بەرزنجی: ئەوانەی تووشی پەتای وەرزی دەبن بەبێ پرسی پزیشک نابێت هیچ ده‌رمانێک بخۆن

ماكوان عيززه‌‌ت – هەولێر

لە پاییزان و زستاناندا کەشوهه‌وا دەگۆڕێ و، زۆر کەس تووشی هەڵامەت و په‌تا و پەسیوی وه‌رزی دەبن؛ بە تایبەت ئەو هەڵامەتەی بە ئه‌نفلۆنزای وه‌رزی یاخود هەواپەتا ناسراوە‌.

د. محەمەد سەیدعەلی بەرزنجی پزیشکی پایەبڵندی نەشتەرگەریی گشتی ڕوونی دەكاتەوە بەشێكی زۆر لە خەڵك لەم وەرزەدا دووچاری هەوكردنی ناوپۆشه‌كانی به‌شی سه‌ره‌وه‌ی ڕێڕه‌وی هه‌ناسە دەبن، ئه‌م ئه‌نفلۆنزا وه‌رزیانه‌‌ به‌ربڵاوه‌ و‌ تاكو مانگی سێ به‌رده‌وام بێت.
ئەو كەسەی تووشی هەواپەتا دێت بە گشتی ماوه‌ی ٥ بۆ ١٠ ڕۆژێک ده‌خایه‌نێت؛ ماوه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر رادەی ڕه‌چاوكردنی ڕێنماییه‌ پزیشكییه‌كان و هێزی سیستمی به‌رگریی تووشیارەکە.
د. محەمەد بەرزنجی دەربارەی نیشانه‌كانی هەواپەتا وای ڕوون دەكاتەوە كە بریتییە لە:

  • به‌رزبونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمای له‌ش ( ٣٨ بۆ ٤٠ پله‌ی سیلیزی).
  • كه‌مبونه‌وه‌ی ئاره‌زوی خواردن؛ لەتۆحچوونەوە؛
  • سه‌رئێشه‌ و گه‌رووئێشه‌؛
    -بێتاقه‌تی و ماسوولكەئێشە؛
  • كۆكه‌ی وشک و پژمینی زۆر؛
  • لووتەچۆڕە؛ چۆڕەچۆڕی ئاوی لووت.

چاره‌سه‌ر و خۆپاراستن:
١- نەخۆش پشوو بدات و لە ماڵ دەرنەچێت و نەچێتە سەر کار و قوتابخانه‌ و شوێنه‌ گشتییه‌كان؛
٢- دوور بكه‌ونه‌وه‌ له‌ شوێنی چڕ و قه‌ره‌باڵغ؛ ماچ و دەسماچان نەکەن؛ باشتر وایه‌ نزیكه‌ی مه‌ترێک له‌ كه‌سی هەواپەتاگرتە دوور رابوه‌ستین؛ ژوورەکە هه‌واگۆڕكێی باشی هه‌بێت؛
٣- باشتر وایه‌ نەخۆش له‌ كاتی پژمه‌ و كۆكیندا ده‌سڕ به‌كار بهێنێت و، دەسڕەکەی دەستی لە شوێنە گشتییەکاندا فڕێ نەدات، با ڤایرۆسەکە بڵاوەی زیاتر نەکا.
٤- زوو زوو ده‌ست و ده‌موچاوت بشۆ و هه‌وڵ ده‌ له‌ ڕۆژێكدا لانیكه‌م دوو جار خۆت بشۆیت، چونكه‌ پاكوخاوێنی یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ كه‌مبونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ و تووشنەکردنی كه‌سانی تر.
٥- خۆ لە خواردنی قورس بپارێزه‌ و زیاتر شلەمەنی و تەڕاو بخۆ؛ به‌ تایبه‌ت ئاوی میوه‌ و شه‌ربه‌ت وه‌ك ئاوی لیمۆ و شه‌ربه‌تی پرته‌قاڵ.
٦- ده‌رمان؛ هیچ ده‌رمانێك به‌بێ ڕێنمایی پزیشك به‌كار مه‌هێنه‌، چونكه‌ چڵکدامرکێن (ئه‌نتیبایۆتیك) هیچ کار ناكاته‌ سه‌ر نەخۆشینی هەواپەتا یاخود په‌تای وه‌رزی و، جیا له‌وه‌ش كاریگه‌ری لاوه‌كی زۆره‌ و (ئه‌نتیبایۆتیك) کاتێک زۆر بەکار هات، ئیتر کار ناکاتە سەر نەخۆشییەکانی تر و به‌رگەی بەکتریاکان زیاتر دەکات و له‌ نه‌خۆشینی تردا سوودی لێ نابینیت.
د. محەمەد بەرزنجی دەشڵێت: ڕه‌نگه‌ له‌ هه‌ندێ حاڵه‌تی تایبه‌تدا ده‌رمانی تا (پاراسیتامۆڵ) یاخود ئه‌نتیبایۆتیک سوودی لێ ببینرێ، به‌ڵام ده‌بێت وریا بین كه‌ به‌بێ ڕێنمایی پزیشک نه‌بێت و ته‌نیا له‌ حاڵه‌تی تایبه‌تدا بێت كه‌ پزیشك دیاری ده‌كات (وه‌ك هه‌وكردنی به‌كتریای سه‌ربار بۆ سه‌ر نه‌خۆشینی هەواپەتا یاخود په‌تا ڤایرۆسینەی وه‌رزی).
به‌ تایبه‌ت له‌ منداڵ و له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌رگریی له‌شیان كه‌مه‌ پێویسته‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک ده‌رمان به‌كارهێنان دوور بكه‌ونه‌وه‌.

له‌ چ كاتێكدا پێویسته‌ سه‌ردانی پزیشک بكرێت؟
د. محەمەد سەیدعەلی بەرزنجی لەو باریەوە دەڵێت:
هه‌ندێ جار به‌كتریای هه‌لپه‌رست وه‌ک سه‌ربار بۆ په‌تای وه‌رزی تووشی نه‌خۆشه‌كه‌ ده‌بن و ڕه‌نگه‌ هه‌وكردنی سه‌ختی لێ بكه‌وێته‌وه‌، یاخود نه‌خۆشییه‌كه‌ت له‌ بنه‌ڕه‌تدا په‌تای وه‌رزی نه‌بووه‌ و شتێكی تره‌، بۆیه‌ له‌م حاڵه‌تانه‌دا سه‌ردانی پزیشك بكه‌ تا پشكنینی وردترت بۆ بكات:

  • ئه‌گه‌ر نیشانه‌كانت له‌ ١٠ ڕۆژ زیاتری خایاند و به‌ره‌وباشتربوون نه‌ڕۆیشتی؛
  • ئه‌گه‌ر تووشی سنگئێشه‌ و هه‌ناسه‌توندی بووی؛
  • ئه‌و كه‌سانه‌ی نه‌خۆشی ڕه‌بۆ یان هه‌وكردنی درێژخایه‌نی سیستمی هه‌ناسه‌یان هه‌یه‌.
  • ئافرەتی دووگیان و منداڵ و خەڵکی به‌ته‌مه‌نی سه‌روو ٦٠ ساڵان.
    لە كۆتاییدا د. محەمەد بەرزنجی جەختی كردەوە كە نه‌خۆشی په‌تای وه‌رزی نه‌خۆشییه‌كی ڤایرۆسی ساده‌یه‌ و جێی مه‌ترسی نییه‌ و له‌ جیهاندا زۆر به‌ربڵاوه‌، گه‌ر ڕه‌چاوی ڕێنماییه‌ پزیشكییه‌كان بكه‌یت به‌دوور ده‌بیت له‌ تووشبوون و گه‌ر تووشیش ببیت زوو چاک ده‌بیته‌وه‌ و كاریگه‌ری لاوه‌كی جێ ناهێڵێت.
ھەواڵی زیاتر