چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

د. ئەحمەد زەنگەنە:بەشێوەیەکی گشتی ئافرەتان زیاتر تووشی هەوکردن دەبن

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

هەوکردنی کۆئەندامی میز هەوکردنی بەشێکە لە کۆئەندامی میز، ئەمەش کە بریتیە لە گورچیلە و میزەڵدان و میزەڕۆ، د. ئەحمەد نیهاد زەنگەنە پسپۆڕی نەشتەرگەری گورچیلە و میزەڵان و پرۆستات بە نازوور و نەزۆکیی پیاوان، ڕوونی دەكاتەوە كە زۆربەی هەوکردن لە ئافرەتاندا لە بەشی خوارەوەی کۆئەندامی میزدا ڕوو دەدات کە (میزەڵدان و میزەڕۆ) دەگرێتەوە، بە شێوەیەکی گشتی ئافرەتان زیاتر تووشی هەوکردن دەبن.

نیشانەکانی هەوکردنی کۆئەندامی میز:
1- هەستکردنی زۆر بە میزکردن؛
2- سووتانەوە لە کاتی میزکردندا؛
3- میزەچرکێ؛
4- بۆنی ناخۆشی میز.

هۆکارەکانی هەوکردنی کۆئەندامی میز چییە؟

  • هەوکردنی میزەڵدان زۆربەی زۆری بەهۆی بەکتریای (E. coli bacteria) ڕوو دەدات کە ئەم بەکتریایە لە ڕیخۆڵەدا دەژیێت بەڵام دەگوازرێتەرە بۆ میزڵدان.
  • سێکسکردن هۆکارێکی ترە بۆ توشبوونی خانمان بە هەوکردنی میزڵدان.
    هۆکاری رێگەخۆشکەر:
    1- ئەنەتۆمی لەشی ئافرەت بە هۆی کورتیی میزەڕۆوە؛
    2- تەمەنی لەمنداڵکەوتن و نەشۆران، کە هۆرمۆنی ئسترۆجین کەم دەبێتەوە؛ کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرگری بۆ هەوکردن و، زیاتر تووشی هەوکردنی میزڵدان دەبنەوە.
    چی بكەین بۆ ئەوەی بەدوور بین لە هەوکردنی کۆئەندامی میز؟
    د. ئەحمەد نیهاد زەنگەنە: پێویستە پشت ببەسین بە ڕێكارەكانی خۆپارێزی كە بریتییە لە:
  • زۆر ئاوخواردنەوە؛
  • دوانەخستنی میزکردن؛
  • پاککردنەوەی دامێن هەتا میکرۆبەکانی کۆم نەگوازرێتەوە بۆ بۆریی میز.

ئەگەر كەسێك ئەم نەخۆشییەی هەبوو چارەسەر چییە؟
د. ئەحمەد زەنگەنە لە كۆتایی ئامۆژگارییەكانی ڕوونی كردەوە كە لە کاتێکدا حاڵەتەکە ئاسان بێت ئەنتی بایۆتیک بۆ ماوەی سێ بۆ پێنج ڕۆژ بەکار دێت؛ لە حاڵەتی قورسدا ئەنتی بایۆتیک بۆ ماوەی شەش مانگ بەکار دێت؛ ئەڵبەت پزیشك بڕیاری لە بارەوە دەدات.