ماكوان عيززهت-هەولێر
هەندێک کەس لە كاتی خەودا دەپرخێنن و پرخەپرخ دەکەن، جگە لەوەی كە بە نەخۆشی دادەنرێت دەبێتە هۆی ئەوەی کەسانی دەوروبەریان بێزار بكەن، پرخەپرخ چەند هۆکارێکی هەیە و چەند ڕێگهیەکیش هەیە بۆ چارەسەرکردنی.
نەخۆشی وەستانی هەناسە لە كاتی نووستن یانیش كە ئەوەی باوە لە نێو خەڵك پرخەپرخ چەند هۆكارێكی هەیە و لە ئەگەری بوونی نیشانەكان پێویستە كەسەكە سەردانی پزیشك بكات.
دکتۆر باغەوان ئەحمەد پزیشکی پسپۆڕی هەناو و پسپۆڕی ورد لە نەخۆشییەکانی بۆڕیی هەناسە و سینگ، ڕوونی دەكاتەوە كە بەشێك لە مرۆڤەكان لە كاتی نووستن، بە هۆی خاوبوونەوەی ماسوولكەكانی ڕێڕەووی هەناسە، و هەروەها چەند هۆكارێكی تر، كە دەبنە هۆی داخستنی ڕێرەوی هەناسە لە قوڕگ لە كاتی نووسن، كە بەمەش بە شێوەی كاتی و چەند جار دووبارەبوونەوەی ڕوو دەدات تووشی کێشەی پرخەیان دەكات.
ئەم حاڵەتە چەندین هۆكاری هەیە كە ئەگەری تووشبوون بەم کێشەیە زیاد دەكەن، لەكاتی خەودا ئەو خاوبوونەوەی ماسولكەیە لە هەموو مرۆڤێكدا ڕوو دەدات، بەڵام لەبەر چەند هۆكارێك ئەگەری توشبوون بەو کێشەیە زیاد دەكات.
دکتۆر باغەوان ئەحمەد لە بارەی هۆكارەكانەوە دەڵێت: هۆكارەكان بریتین لە:
قەڵەووی، كە بە تایبەت لە مل و سكدا هەبێت، ڕەگەزی نێر زیاتر تووشی پرخەپرخ دەبن، یانیش ئەو ئافرەتانەی لە دوای وەستانی سووڕی مانگانەیان ڕوو دەدات، هەندێ هۆكاری تریش وەك بچووكی چەناكە یان بەدواوەچوونی چەناکەیان بەمەش ڕێرەوی هەناسەیان ئاسایی نییە و توشی پرخەپرخ دەبن؛ هەروەها بۆماوەیش یەكێكی ترە لە هۆكارەكان؛ هەڵكشانی تەمەنیش بە یەكێكی تر لە هۆكارەكان دادەنرێت بە توشبوون بە پرخەپرخ، ئەوانەشی نەخۆشینی درێژخایەنیان هەیە وەك شەكرە و بەرزی پەستانی خوێن، نەخۆشینی گورچیلە.
نیشانەكانی نەخۆشییەكە:
ئەو نیشانانە چین كە لە كەسێكدا هەبێت پێویستە نەخۆش سەردانی پزیشك بكات؟
دکتۆر باغەوان ئەحمەد:
1- زۆربەی كات نەخۆشەكە پڕخەپڕخی هەیە.
2- خەواڵوویی، كەسەكە هەمیشە وەك خەواڵوو دێتە بەرچاو.
3- وەستانی هەناسە، یانیش پرخەپرخی زۆر لە كاتی نووستن و پاشان وەستان و دوایی پرخەیەكی بەرزتر، لێرەدا بەشێكی زۆری نەخۆشەكان خۆیان هەست بەوە ناكەن بۆیە دەبێت پشت ببەسترێت بە كەسە نزیكەكانی ئەوانەی ئاگایان لە خەوی ئەو كەسەیە.
4- هەستكردن بە خنكان یانیش تەنگەنەفەسی، بەشێك لە نەخۆشەكان زۆرجار پشكنینەكانیان ئاساییە و نەخۆشینی دڵ و سنگی نییە، بەڵام كە لە خەو هەڵدەستێت وا هەست دەكات تەنگەنەفەسە یانیش خەریكە دەخنكێت.
5- وشکداگەڕانی دەموزمان.
6- لە كاتی هەستانی لە خەوی بەیانیان هەست دەكات سنگ و ملی ئارەقەیەكی زۆری كردووە.
7- دیتنی خەونی ناخۆش.
8- كەمبوونەوەی ئارەزووی سێكسی.
9- هەستنەكردن بە تێرخەوی، كاتێك هەڵدەستێت لە خەو هەست دەكات هێشتا تێرخەو نەبووە و تەنها سەعاتێك یانیش سەعات و نیوێك خەوتووە؛ لەبەر دەوام ناچارە هەڵسێت لە خەو ئەگەرنا دەخەوێتەوە.
10- زوو تووڕەبوون و نەمانی خیە و تەرکیز لە كارەكانیدا.
ئەم نیشانانە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە كە پێویستە كەسەكە سەردانی پزیشك بكات بۆ وەرگرتنی چارەسەر؛
لە دوای سەردانی بۆ لای پزیشك چەند پرسیارێك هەیە كە لە كەسەكە دەكرێت و پزیشك بۆی ڕوون دەبێتەوە دوای پشكنینەكان كێشەی پرخەپرخەكەی ئاساییە یانیش پرخەپرخەکەی لە نەخۆشینەوەیە، یاتیش وەستانی هەناسەیە، بەمەش دوای ڕوونبوونەوە بۆ پزیشك بڕیار لە چارەسەرییەكەی دەدرێت.