د. ئەبوبەكر كاوانی: چاوخێلی، سەدا٨٠ بە نەشتەرگەری چارەسەر دەبێت

ئەژین عەبدوڵا – هه‌ولێر

چاوخێلی یاخود چاوقیچی ئەوەیە کە هەردوو چاوەکە، بە هەموو ئاراستەیەکدا بە هەماهەنگی نەجووڵێن، لە گەورەساڵیدا ئەگەر كەسێک چاوی خێل یاخود قیچ داگەڕێ، هەموو شتێک لە بەرچاوی دەبێ بە دووان؛ لە منداڵاندا زۆر جار دەبێتە هۆی تەمبەڵداگەڕانی چاوێکیان؛ لە منداڵاندا، چاوخێلی یان بە چاویلکە باش دەبێت یان بە نەشتەرگەری. بەڵام لە گەوراندا زۆربەی حاڵەتەکان تەنها بە نەشتەرگەری چارەسەر دەکرێ.

د. ئەبوبەكر زاهر كاوانی پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەری چاو بۆمانی ڕوون دەكاتەوە كە لە چ تەمەنێکدا نەشتەرگەری بکرێت باشە؟
د. ئەبوبەكر زاهر كاوانی دەڵێت: لە منداڵ دوای هەوڵدان بۆ چارەسەرکردن بە چاویلکە، ئەگەر چارەسەر نەبوو، ئەوا هەر کاتێک پزیشکی چاو بڕیاری نەشتەرگەریی دا، ئەوا نەشتەرگەرییەکە چەند زوو بکرێت باشترە، چونکە یارمەتیدەر دەبێت لە دروستبوونی قووڵایی بینین و چارەسەرکردنی تەمبەڵیی چاو، (هەرچەندە تەمبەڵیی چاو ئەگەر هەبێت پێویستی بە چارەسەری تایبەت هەیە) هەروەها کاریگەریەکی باشی دەبێت لەسەر باری دەروونیی کەسەکە.
زۆر جار ئەم دەستەواژەیە لە دایک و باوکە بەڕێزەکان دەبیسین (دڵم نایە جارێ عەمەلیاتی بۆ بکەم) کە ئەو دڵنەهاتنە لەوانەیە بە زەرەری منداڵەکە کۆتایی بێت.
هەندێک حاڵەتی چاوخێلی لە کەسانی گەورە کە بە گەورەیی تووشی گرفتەکە بووە، خۆی چاک دەبێتەوە، بەڵام ئەگەر لە کاتێکی دیاریکراودا باشەوە نەبوو، ئەوا نەشتەرگەری باشترین ڕێگاچارەیە.
واتە هەرکاتێک پزیشکی چاو بڕیاری دا کە چاوخێلیەکە نەشتەرگەری بکرێ، ئەوا چەند زوو نەشتەرگەریە بکرێت باشترە.
د. ئەبوبەكر زاهر كاوانی گوتیشی: نەشتەرگەریکردنی چاوخێلی، بە گوێرەی حاڵەتەکە، بۆ هەموو تەمەنێک دوای تەمەنی چوار مانگان دەتوانرێت بکرێت تاکو تەمەنی بەساڵاچوون.
ڕێژەی سەرگرتنی نەشتەرگەریکردنی چاوخێلی 70-80% بە یەک نەشتەرگەری، واتە بەشی زۆریان تەنها بە یەک نەشتەرگەری خێلیەکەیان ڕاست دەبێتەوە؛ هەندێکیشیان پێویستیان بە زیاتر لە یەک نەشتەرگەری هەیە.

ھەواڵی زیاتر