کپداگەڕانی دڵ وهۆکارەکانی

ماكوان عێزەت – هه‌ولێر

دکتۆر کاوە وسو پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ رایگەیاند: لەم ساڵانەی دواییدا نەخۆشی دڵ نەک هەر لە کوردستان، بەڵکو لە تەواوی جیهاندا زیادی کردووە.

ئەو پزیشکە پسپۆڕە جەخت دەكاتەوە كە لەبەر گۆڕانی شێوازی ژیانی مرۆڤ و كاركردن لە ئۆفیس و كەمجووڵەیی، هەروەها خواردنی خۆراكی حازربەدەست (Fast Food) و پارازتە (لەقوتونراو؛ قوتووبەندکراو) کە ڕێژەیەكی زۆر چەوری و خوێی تێدایە، تەندروستی کەوتووەتە مەترسیەوە.
هەروەها ئەوەی ئێستە لە كوردستان بە ڕێژەیەكی زۆر بەربڵاوە، جگەرەكێشان و نێرگەلە یە كە گەنجان دەستیان داوەتێ؛ نەخۆشی زۆرمان بۆ دێ کە لە سەرەتای تەمەنی لاویدایە و دڵیان کپ داگەڕاوە واتە تووشی جەڵتەی دڵ بوونە؛ هەر ٢٠ بیستوپێنج ٣٠ ساڵێکیان دەبێت.
دکتۆر کاوە وسو كە لە سلێمانیدا كاری پزیشكی دەكات، دەشڵێت: رۆژانە لە سلێمانی بە لایەنی کەمەوە یەک بۆ دوو کەس بە جەڵتەی دڵ، گیانیان دەردەچێت، جگە لەوە، نەخۆشخانەی بووژانەوەی دڵ، رۆژانە سێ نەشتەرگەریی کردنەوەی دڵ و نەشتەرگەریی قورسی لێ دەکرێ. لە جیهاندا، نەك تەنها لە كوردستان سەدا٢٥ـی ئەو کەسانەی تووشی جەڵتەی دڵ دەبن، بەر لە گەیشتن بە نەخۆشخانە، لە ماڵەوە یان لە رێگە گیانیان دەردەچێت، بەتایبەت لە گەنجاندا. هەربۆیە بەردەوام گوێبیست دەبین كە فڵانەكەس نەخۆش كەوت و کوتوپڕ مرد! کە زۆربەی هەرە زۆریشی بەهۆی کپداگەڕانی دڵەوەیە.
کپداگەڕانی دڵ بەهۆی مەیینی خوێنە لە یەکێک لە خوێنبەرەکانی دڵدا، بەهۆی گیرانی ئەو بۆرییانەوە خوێن بۆ بەشی خوارەوەی ماسوولکەی دڵ ناچێت و ماسوولکەکە بەرەو لە ناوچوون و مردن دەچێت.

هۆکارە سەرەکیەکانی کپداگەڕانی دڵ:
نەخۆشینی شەکرە؛
جگەرەکێشان؛
بەرزەپەستانی خوێن؛
کەمجووڵان و وەرزشنەکردن؛
قەڵەوی و زیادداگەڕانی کێش؛
خەم و دڵەڕاوکێ و
چەورداگەڕانی خوێن.

ھەواڵی زیاتر