د. ئەژین هاشم:بە هۆی شەرمەوە زۆربەی جار ئافرەتان نەخۆشییەكەیان پشتگوێ دەخەن

د. ئەژین هاشم عەلی پسپۆری نەشتەرگەریی گشتی و نەشتەرگەری بە هەناوبین، لە بارەی قڵیشانی ناو كۆم چەندین ڕوونكردنەوەی پێویست لەو بارەوە دەخاتە ڕوو.

د. ئەژین هاشم سەرەتا ئاماژەی بەوە دا كە قڵیشانی ناوكۆم، نەخۆشییەكی باوە لە كۆمەڵگەی كوردی ئەم نەخۆشییەش لە نێو ئافرەتاندا زۆرترە، باوترین نیشانەكانیشی بریتییە لە ئازارێكی زۆر، خوێندانان كە بە تایبەتی لەو كەسانەدا ڕوو دەدات كە قەبزییەكی بەردەوام یان سكچوونێكی بەردەوامیان هەیە، هەروەها لە ئافرەتانیش لەبەر دووگیانی یانیش لە كاتی منداڵبوونی سروشتی تووشی دەبن.
د. ئەژین هاشم لە بارەی ئەم نەخۆشییە كە لە ئافرەتان زۆرە گوتی: بە هۆی شەرمەوە زۆر جار نەخۆشییەكەیان پشگوێ دەخەن، تا دەگاتە چەند قوناغێكی بەرەوە كۆتایی كە بەمەش بە چارەسەری حەب و دەرمان دادی ناداد، یانیش زۆر جار ئەوانیش پەنا دەبەن بۆ داو دەرمانی كوردەواری، كە زۆرجار ئەوەش سوودی نییە و نەخۆشیەكەیان دەگاتە قوناغی كۆتایی و پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە، هەر بۆیە لێرەوە داوایان لێ دەكەم كە لە كاتی هەبوونی هەر نیشانەیەك بە زوویی سەردانی پزیشك بكەن، تاوەك چارەسەری گونجاو وەربگرێت، هەر بۆیە پزیشكان بەردەوام كار لەسەر ئەوە دەكەن تا بكرێت نەخۆشەكان پێویستان بە نەشتەرگەری نەبێت.
د. ئەژین هاشم لە بارەی چارەسەری بە نەشتەرگەری گوتی: ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكە بە نیو بەنج دەبێت، كە بەهۆیەوە نەشتەرگەرییەكی سەركەوتوو سەلامەت ئەنجامدەدات، دوای ئەنجامدانی ئەو نەشتەرگەرییە كەكەمتر لەنیو كاتژمێری پێویستە نەخۆشەكە بە تەندروستییەكی باشەوە دەگەڕێتەوە نێو ماڵی خۆی.

ھەواڵی زیاتر